ئەبوكاروان

ئەگەرچی شۆڤێنیەت چەمكێكی سیاسی هاوچەرخ و لەكەدارە بە توندڕەوی ناسیۆنالیزم و دەمارگیریی نەتەوەییەوە، بەڵام لە ناواخندا یەكێكە لە نەخۆشییە كوشندەكانی ئەو دەوڵەت و كۆمەڵگایانەی كە فرە نەتەوە و پێكهاتەی جیاوازن و بەردەوام وەك مەترسییەك دەبینرێت لە هەڵكردنی ئاگری شەڕ و كوشتار، لە دروستكردنی ململانێی خوێناوییدا و لە زۆربەی ئەو كۆمەڵگایانەش بەم ئاڕاستەیە هەنگاونرابێت، پرسی ئاشتی و پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی لە چەقی لێكترازان و نائارامیدا بووە.

 زۆرجار ھەڵگرانی بیروباوەڕی نەتەوەگەرایی دەرگیری ئەو نەخۆشییە كوشندەیە دەبن و بەبێ ڕەچاوكردنی واقیعی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و بە جیاواز لە تێگەیشتنی سنوری هاووڵاتیبوونی تاك، كار لەسەر سڕینەوەی بەرانبەر دەكەن و ھەوڵدەدەن بە شێوازی جیاواز ئەویتر بسڕنەوە و لە ناوی ببەن.

شۆڤێنیەت یان نەتەوەگەرایی توندڕەو ڕەگێكی قوڵی مێژوویی هەیە و لەو ڕووەوە تاوانی گەورە ئەنجامدراوە لە مێژوودا، لە بەرانبەر پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەكاندا.

ھۆكاری سەرەكی ئەم عەقڵیەت و كێشمەكێش و ململانێ شۆڤێنییەش سەرەڕای وەرگرتنی توخمەكانی نەخۆشییەكە، خودی دەوڵەت و دەسەڵات و حزبە سیاسییەكانن، كە خاوەنی ئەجێندای ئەم جۆرە بیركردنەوەن كە لە جەوھەردا كۆمەڵە توخم و ئایدیای لەو جۆرەی لە خۆگرتووە و بەرپرسیاری گەشەی ئەو چەمكەن و بەپێچەوانەیشەوە گەر ئەو دەوڵەت و حوكمڕانییانە خاوەن و ھەڵگری پەیامی برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هاووڵاتیبوون بن، ئەوا بێگومان كێشمەكێش و ململانێی نەتەوەگەرییش سەرهەڵنادات و نابێتە مەترسی لە سەر ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا و ھەمووان بەبێ جیاوازی دەتوانن لەو چوارچێوەیەدا بژین.

دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە زۆر جار فشار و دەستێوەردانی وڵاتان و داگیركاری، وەك فاكتەری دەرەكی ڕۆڵی مەترسیدار و گەورەی هەیە لە شێواندنی پێكەوەژیانی ئەو كۆمەڵگا و دەوڵەتانەی كە لە خۆیاندا هەڵگری فرە نەتەوە و ڕەگەزی جیاوازن.

ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە ئاوڕێك لە دۆخی مێژوویی عێراق بدەینەوە و كەمێك وردتر بەو لایەنەدا بچینەوە، تێدەگەین كە عەقڵیەتی حوكمڕانی عێراق هەر لە سەرەتایی دامەزراندنیەوە ھەڵگری ئەم جۆرە نەخۆشییە بووە و قۆناغ بە قۆناغیش كاریگەری و مەترسییەكانی دەركەوتوون.

لە عێراقدا و لە سەردەمی پاشایەتی و پێش شۆڕشی چواردەی تەمووز،  دەسەڵاتی ئەو سەردەمە ئاشورییەكانی قەتڵ و عام كرد  لە سومیل، بەرانبەر گەلی كوردستانیش لە ھەموو قۆناغەكاندا ئەو غەدر و ستەمە پەیڕەو كراوە و پڕۆسەیەك بووە بۆ سڕینەوەی ئەوانیتر، لە دوای شۆڕشی چواردەی تەممووزیش بۆ زیاتر لە ساڵێك ھەمووان بەختەوەر ژیان و عێراق بووە خاوەن دەستورێكی نموونەیی و تێدا مافی نەتەوە و پێكهاتەكان و مافەكانی مرۆڤی تێدا بەرقەرار بوو، بەڵام دواتر بە دەستێوردانی كۆمپانیاكانی ئەنگلۆ-ئەمریكی و دەوڵەتانی ھەڵگری عەقڵیەتی شۆڤێنی عەرەبی لە ناوچەكە (میسر و سوریا)، فیتنەیەكیان دروستكرد و ناوێ لێنرا شەڕی پێكهاتە و نەتەوەكان، ئەمەش ڕووداوەكانی مووسڵ و كەركووكی لێكەوتەوە و ئەو شوێنانەی غەرقی خوێن كرد كە دانیشتووانەكەی فرە ڕەگەز و نەتەوەی جیاوازبوون، ئەوەش بە پێچەوانەی خواستی گەل بوو، كە ئامانجیان پێكەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی بوو، تەنانەت بەشێكی زۆریان لە حزبێكی سیاسیدا كۆدەبوونەوە بەبێ گوێدانە ئینتیما نەتەوەیی و ئایینییەكانیان، كاتێك پێكەوە بە بۆنەی ساڵیادی پشتگیریكردن لە شۆڕشی چواردەی تەممووز خۆپیشاندانیان كرد لە ساڵی ١٩٥٩ لە كەركووك، ھەڵگرانی بیروباوەڕی شۆڤێنی ئاڕاستە ئاشتیخوازەكەیان گۆڕی و دواتریش لە ژێر فشاری ئەواندا ٢٩ كەسایەتی ئەو شارە لە كورد و عەرەب و كلد و ئاشوری و سابیئەی مەندائی، ڕاپێچی زیندان كران و دواتریش لە ساڵی ١٩٦٣ لەسێدارە دران، لە كاتێكدا ئەم كەسایەتییانە ھەڵگری پەیامی برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بوون.

لە بەرانبەر مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان،  عەقڵیەتی شۆڤێنییانە لە عێراق بە حزب و دەسەڵاتەوە بەردەوامی ھەبوو، بە ئاگر و ئاسن مامەڵەیان كرد تا گەیشتنە لوتكەی دژایەتیان كە ئەنفال و كیمیابارانی خەڵكی كوردستانی لێكەوتەوە، لە چوارچێوەی ئەم پڕۆسەیەشدا كەركووك و كەركووكییەكان دیسان كەوتنەوە بەر پەلاماری دڕندانەی ستەمكاری تەعریب و تەرحیل و بەشێكی زۆریان لە زێدی باوباپرانیان دەركران و تووشی ئاوارەیی و دەربەدەریی بوون.

بۆ ئەمەش دەكرێت بڵێین لە شەستەكانەوە شۆڤێنییەتی عەرەب لە دەسەڵات دابوو، ھیچ نەما بەرانبەر گەلی كوردستان بەگشتی و كەركووكییەكان بەتایبەتی پەیڕەوی نەكات، تەھجیر و تەرحیل و تەبعیس سێ كوچكەی زوڵمی ئەم دەسەڵاتە شۆڤێنییە بوون لە پاڵ گۆڕینی ناسنامەی كوردستانیەتی كەركووكدا.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش زۆربەی دەسەڵاتی كەركووك كەوتە دەستی حزبە كوردستانییەكان، بە تایبەتی پارتی و یەكێتی كە نەیانتوانی سیاسەتی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و هاووڵاتیبوون  پەیڕەو بكەن و سەنگەری دوژمنایەتی عەرەب و توركمانیان بەھێزكرد بەرانبەر كورد و ناسنامەی شارەكە. ئەم سیاسەتە پێچەوانەی دروشمی ساڵەهای ساڵەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و بەتایبەت هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بوو، چونكە ئەوان بەردەوام بانگەشەی ئاشتی و تەبایی نەتەوایەتییان دەكرد و هەمیشە جەختیان لە پاراستنی كەلتووری دیموكراسی و مافی هاووڵاتییبوون دەكردەوە، بەڵام پێچەوانەی هەموو ئەو بانگەشە و دروشمانە تەنیا قسەی سواوبوون و لە هیچ وەختێكی حوكمڕانی خۆیاندا لەو شارە و زۆرینەی ئەو شار و شارۆچكانەی دەكەونە سنوری ناوچە دابڕاوەكانەوە جێبەجێ نەكرا و بگرە بوونە هۆكاری زاخاودانەوەی گیانی دووبەرەكی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی.

لەدوای ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆكتۆبەر و ھێرشی حەشدی شەعبیش بۆ سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم و دەستبەكاربوونی جێگری پارێزگاری پێشوو وەك پارێزگار بەوەكالەت،  كێشەكان قوڵتر بوونەوە و ھەمان سیاسەتی دەسەڵاتدارانی پێشوو پەیڕەو كرا و ڕۆژانە كێشەیان بۆ خەڵكی ئەو شارە و جووتیارانی ناوچەكە دروست دەكرد و هەمان پڕۆسەی تەعریب و داگیركاری زەوی و زاری ناوچە كوردییەكان دەستی پێكردەوە. ئەگەرچی ئەوكاتەیش دەرفەتێك درا بۆ ئەوەی پارێزگارێك دابنێن، بەڵام پارتی و یەكێتی ڕێك نەكەوتن و بەتایبەتی پارتی ئامادە نەبوو لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشدار بێت لە ژێر ناوی ئەوەی شارەكە داگیركراوە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، لە ئەنجامدا بوار درا دەسەڵات بەدەستی  پارێزگارەوە بمێنێتەوە و ئەجێنیدای تایبەتی خۆیان جێبەجێبكات.

ئەم بارودۆخە و ئەم واقعە لەم قۆناغەدا و لە ھەموو كات زیاتر پێویستی بە ڕۆحی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و هاوسەنگكردنەوەی مافی هاووڵاتیبوون هەیە و پێویستە پڕۆژەی ئاشتی كۆمەڵایەتی بەهێز بكرێت و ببێتە ئاڕاستەی كاركردن و پاراستنی بازنەی حوكمڕانی ئەو شارە و وەك دروشمی سەرەكی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، چونكە  بڕوام وایە لەم قۆناغ و هەلومەرجەدا  ھەر كەس و لایەنێك خاوەنی ئەو پڕۆژەیە بێت و خەباتی بۆ بكات و جیاوازییەكان نەهێڵێت، دەتوانێت نوێنەرایەتی سەرجەم نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكان بكات.

لەبەرانبەریشدا ئەو خیتاب و بۆچوونە سواوانە فڕێ بدرێن كە بە ئاڕاستەی تێكدانی كەشی كۆمەڵایەتی و سیاسی كەركووك هەنگاو دەنێن و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەگەر پێكهاتەی سووننەی عەرەب دەرنەچێت و خاوەن دەسەڵات نەبێت ئەوا دەربەدەر و پەراوێز دەخرێن، كاریگەری ئەم جۆرە خیتابە و ئەم ئاڕاستەیە تەنیا سووننەی نەگرتۆتەوە و بگرە ڕەنگدانەوەی بەسەر شیعە و توركمان و بەشێك لە كوردستانییانی كەركووكیشەوە هەیە و هەریەكە و لای خۆیەوە هەست بە مەترسی و دڵەڕاوكێ دەكات.

بۆیە ھەر لایەن و هێزێكی سیاسی دووربكەوێتەوە لە خیتابی ئاگرین و شوڤێنییانە و ھەڵگری پڕۆژەی برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە و چەمكی ھاوڵاتیبوون و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و ئازادییەكان بێت  بەبێ جیاوازی، ئەوە دەبێتە براوەی پڕۆسەی حوكمڕانی و بەدەستهێنانی پشتیوانی زۆربەی زۆری خەڵكی شاری كەركووك كە لە بنەڕەتدا شایستەی دەستەبەركردنی خۆشگوزەرانی و ئاشتی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی برایانەن.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا