‎ئەبوكاروان

‎یەکێک لە پێناسە دیارەکانی حزبی سیاسی وەک هاوبیرییەکی ئارەزوومەندانەی پشتئەستور بە چالاکی فکری، بریتییە لە یەکگرتنی خۆبەخشانەی  خەڵکانێکی هاوبڕوا لەپێناو چەند ئامانجێکی هاوبەش، کە پێکەوە لە سەربنەمای  گرێبەندێکی فکری و سیاسی و بەشێوەیەکی سیستماتیکی کار لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامە و پرۆگرامی بڕیاردراوی خۆیان دەکەن و پابەندن بە پەیڕەوێکی دیاریکراوەوە

‎کەواتە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ لە ژیانی حزبی سیاسیدا دوو بەڵگەنامەی گرنگ و پڕبەهای گرێبەندە فکری و سیاسییەکەیە و یەکێکیشە لە خاڵە سەرەکییەکانی مەرجەكانی ئەندامێتی لەحزبدا و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەندام لە ڕێكخراوێكی حزبی دیاریکراودا ئابوونەی مانگانەی بڕیاردراوی خۆی بدات و پەیوەستبێت بە دیسپلینە حزبییەکەوە، کە ئامرازێکی سەرەکی و دیارە لە ڕێکخستنی  گەشەسەندنی سیاسی حزبدا،  تاکە دەرفەتیشە بۆ گوزارشتکردن لە بیر و بۆچوون و هەڵوێستی هاوبەشی ئەندامانی حزب .

‎لە گۆڕانکارییەکانی گەشەی مرۆڤایەتیشدا، حزب پێکهاتەیەکی گرنگی سیاسی، کۆمەڵایەتییە و گوزارشت لە گەشەسەندنی ڕای گشتی جەماوەر دەکات لەچوارچێوەی ئاراستەیەکی نەخشەبۆکێشراوی فکری سیاسی دیاریکراودا، واتا هەموو ئەو ڕاستییانە دەمانباتەوە سەر ئەوەی، کە ئایە کام لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ لە جەوهەری ئەو یەکێتییە ئارەزوومەندانەیەی حزبدا گرنگە، کە خەڵکانێکی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە ؟

‎بۆیە دەمەوێ لەم نووسینەدا و بەپێی تێگەیشتنی خۆم و شیکردنەوەی زیاتری حزبدا بچمە سەر ئەو حەقیقەتەی کە سەرەڕای گرێدانیان بەیەكەوە لە چەندین ماددە و بڕگەدا، بەرنامەی حزب مانیفێستێکی دیاریکراوی پشتئەستوری فکری حزبە بۆ جەماوەر و خەڵک لەسەر ئەو بنەمایە پەیوەندییەکانی خۆی بەحزبەكەوە گرێدەدات، بەڵام پەیڕەوی ناوخۆیی بەڵگەنامەیەكە سیستەمی كاركردنی ئەندامان و ڕێكخراوەكان ڕێكدەخات و میکانیزمی بەڕێوەچوونی ژیانی ڕێکخستنە و ھەموولایەك پابەنددەكات بە جێبەجێكردنی ناوەرۆكەكەیەوە.

‎لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئاماژەم پێکرد پێموایە بەرنامە گرنگترە، بۆچی؟

‎چونکە بەرنامەی حزب ھێڵە گشتییەكانی ئامانج و سیاسەتی حزب دەردەخات و بۆچوونێکی سیاسی یەکگرتووە لە شێوەی پرۆگرامێکی سیاسی دیاریکرودا بۆ هاووڵاتییان و ئەوە دەخاتەڕوو، کە

‎بیروباوەڕی حزب ھەڵگری كام ئایدیۆلۆژیایە؟ ماركسی و بیری پێشكەوتنخوازی، یان ئیسلامی و نەتەوەیی ؟ تێڕوانینی چییە بۆ چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و بەرنامەی ئابووری و كۆمەڵایەتی حزب چۆنە و چییە؟ ڕوانینی چییە بۆ پەروەردە و فێركردن و تەواوی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان..؟ بەمەش ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ، كە ھەر ھاووڵاتییەك ئەو بەرنامەیەی لا پەسەند بێت و وەریگرێ، ئەوە پەیوەندی بە حزبەوەدەكات و دواتر لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆدا پابەندی دیسپلینە دیاریکراوەکانی میکانیزمی کارکردن دەبێت .

‎بەم تێگەیشتنەش دەگەینە ئەو ڕاستییەی، کە بەرنامە سەرەتای پێناسەی حزبە و دەبێ بەشێوەیەکی بابەتییانەی وا داڕێژرابێت، کە هێڵە گشتییەکانی ئاراستەی فکر و سیاسەتی حزب لە بەرژەوەندی ھەڵگرانی ئەو بیروباوەڕدا بن و بنەمایەکی بەهێزی پەیوەندییەکان بێت لە چوارچێوەی حزبدا و هەست بە ناهاوسەنگی هاوبیروڕایەکانیان نەکەن لە ئاست جێبەجێکردندا، کە خۆی لە پەیڕەوی ناوخۆدا دەبینێتەوە.

‎لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو بەڵگەنامەیە لە كۆنگرەی حزبدا و دوای گفتوگۆكردن و هەڵسەنگاندنی ورد و وەرگرتنی ڕای زۆرینە پەسەند دەکرێت و دەبێتە بەڵگەنامەیەکی دەستووری داڕێژراوی حزب بۆ ماوەی کارکردنی لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگەدا. 

‎لەم ڕوانگەیەشەوە دەمەوێ دەست لەسەر ئەوە دانێم، کە كۆنگرەی حەوتی حزبی شیوعی كوردستان، لیژنەی پەیڕەوی ناوخۆ ئامادەكارییەكی باشی كردبوو بۆ ئەو بەڵگەنامەیە و كلیلی گفتوگۆكانی بەباشی خستبووەڕوو، بۆیە بەحەماسەوە گفتوگۆی لەسەركرا و بابەتی گرنگی كۆنگرەكە بوو، بڕگەكان بەگەرمی گفتوگۆیان لەسەر دەكرا و نیقاشی زۆر دەكرا لەسەر پێشنیارەكان و بوونە بابەتی گەرم.

‎هەرچەندە ئەمە بەومانایە نایە كە گفتوگۆكانی پەیڕەوی ناوخۆ  گرنگتربوون لە بەرنامەی حزب، كە بەباشی گفتوگۆی لەسەر بكرێت، چونكە ھاووڵاتی بەپێی بەرنامەی حزب پەیوەندی دەكات و لەدەوری حزب كۆدەبێتەوە و دواتر پێویستی بە پەیڕەوێكە كارەكان ڕێكبخات، لەبەر ئەوە ڕاكردن بەدوای كاركردن لەسەر بەڵگەنامەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب و بایەخنەدان بە ئامادەكاری بەرنامەی حزب، تێنەگەیشتنە لەگرنگی ئەو بەڵگەنامانە و گرێدانیان بەیەكەوە، بۆیە بەبڕوای من بازدان و بەگرنگ نەزانینی بەڵگەنامەی بەرنامەی حزب تێنەگەیشتنە لەسیاسەت و كاری حزبایەتی و تێکۆشان لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەکان و ئەو ئامانجانەی کە لە رێگەی گۆڕینی داواکارییەکانی خەڵکەوە دەبێتە ئەڵتەرناتیڤی گۆڕانکاری لەگۆڕەپانی سیاسی کۆمەڵگەدا و دەبێ زۆر بابەتییانە و بەسەرنجەوە گفتوگۆی بکرێت و نەخرێتە پەراوێزی کۆنگرەوە، کە بەرزترین دەسەڵاتی داڕشتنەوەی سیاسەتی گشتی حزبە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە