
ڕێواس ئەحمەد بانخێڵانی
کتێبی "ڕەگەزی دووەم" لە نووسینی نووسەری فەڕەنسی سیمۆن دی بۆڤوار، یەکێکە لە بەرهەمە فیکرییەکانی سەدەی بیستەمە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان کاریگەری لەسەر بزووتنەوەی ژنان و شەپۆلەکانی فێمێنیزم هەیە. نووسەر کاتێک ئەم کتێبەی نووسی فەرەنسا بە جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرقاڵ بوو، لەم کاتەدا ژنان لە زۆربەی وڵاتاندا مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەست هێنابوو، کە ئامانجی سەرەکی شەپۆلی یەکەمی فێمێنیست بوو. بەڵام ئەم بەرهەمە ڕووناکی خستە سەر هەندێ لایەنی بنەڕەتی ئەم نایەکسانییە، کە بووە ئامانجی شەپۆلەکانی تری فێمێنیزم. ئەم کتێبە شۆڕشێکی فیکری و کۆمەڵایەتی لە مێژووی بزووتنەوە یەکسانیخواز و چەپەکاندا بەرپاکرد. ئەم بەرهەمە یارمەتی نەوەکانی ژنان دا بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆکی ستەمی سیستەمە یەک لەدوای یەکەکان و بانگەوازی خەبات بوو بۆ ئازادی و یەکسانی. هەر بۆیە دەتوانرێت بوترێت کە "ڕەگەزی دووەم" یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی سەدەی بیستەم کە هێشتا لە سەدەی بیست و یەکەمدا کاریگەرییەکەی بەردەوامە. هەرچەندە لە کاتی بڵاوبوونەوەیەدا پیاوە ئاینییەکان دژی بە بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە بوون و خرایە لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکان.
دیارە لەم وتارەدا ناتوانین هەموو لایەنەکانی ئەم کتێبە بخەینەڕوو بەڵام باس لە هەندێ لایەنی گرنگ دەکەین. یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم کتێبە جیاوازی نێوان سێکس (ڕەگەزی بایۆلۆجی) و جێندەر (ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەکان) ڕوون دەکاتەوە، کە ئەمە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە تێگەیشتنی نایەکسانی نیوان هەردوو ڕەگەزەکە. بناغەی بۆ ئەو تێگەیشتنە دانا کە مێینەبوون سیفەتێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو ناسنامەیەکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە بەسەر ژندا دەسەپێنرێت. بەرهەمی پەروەردە و کولتوور و فشارە کۆمەڵایەتییەکانن. لێرەوە تێگەیشتن لە نایەکسانی ڕەگەزی گۆڕانی بەسەردا هات، ئەم تێگەیشتنەش هۆشیارییەکی قوڵی دروست کرد، کە نایەکسانی بەرهەمی ژنبوون نییە، بەڵکو لەلایەن سیستەمی چینایەتی و باوکسالاری بە درێژایی مێژوو دروستکراوە و لە هزری هەر تاکێکی کۆمەڵگە چەسپاوە.
لە ڕێگەی فەلسفەی بوونگەرایی” "بوون پێش جەوهەر دەکەوێت ئەو ڕوونی کردەوە کە لە سیستەمی پیاوسالاریدا، پیاو وەک "بکەری سەرەکی" و ژن وەک "پاشکۆ یان ئەوی تر" پێناسە دەکرێت. ئەم چەمکە بووە کلیلێک بۆ شیکردنەوەی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکی ڕەگەزی لە مێژوودا. ڕوونی کردەوە کە مرۆڤ وەک ژن لەدایک نابێت بەڵکو دەبێت بە ژن. لێرە دی بۆڤوار مەبەستی ئەوەیە نییە ژن لە ئەرکە بایۆلۆژییەکەی جیا بکاتەوە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگە ناسنامەی "مێینە" بەسەر ژندا دەسەپێنێت. وەکو پاشکۆ پێناسەبکرێت. ئەمە وای کردەووە ژن نەتوانێت وەک مرۆڤێکی ئازاد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات. لەهەمان کاتدا بەردەوام لە ژیان و مسۆگەرکردنی پێداویستییەکانی ژیانی پشت بە بکەر ببەستێت کە ئەویش پیاوە. ئەم تێگەیشتنە ژنی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە ئەو توانای کار و خوێندن و بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی نییە. هەرچەندە لە هەموو قۆناغەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ژن ڕۆڵێکی کاریگەری لە بەڕێوەبردنی خێزان و کۆمەڵگە بینووە. بەڵام ئەم بۆچوونە وای لە ژنان کردووە ڕازی بن بەو چارەنووسەی کە کۆمەڵگە بۆی دیاری کردوون. خەبات دژی نایەکسانی نەکەن.
ژن لەوە گەیشت کە ئەو دۆخەی کە بەسەریدا سەپێنراوە بەهۆی دۆخێکی بایلۆجی نییە بەڵکو سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابووری دروستی کردووە.ئەو سنوورانەیان دیاریکردووە. ژنان بە درێژایی مێژوو وەک "ئەوی تر" هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە، لە کاتێکدا پیاو کەسایەتییەکی سەربەخۆ دەبینرێت و ژنیش وەک بەشێکی لاوەکی ژیانی پیاو تەماشا کراوە.
ژن لە هەموو بوارەکاندا وابەستەیی پیاون، بۆ کردنەوەی ئەم وابەستەییە دەبێت ژن لە ڕووی ئابوورییەوە ئازادبێت، هەروا دی بۆڤوار جەخت لەسەر ئازادی و سەربەخۆیی تاکەکەسی دەکاتەوە. ئەو باوەڕی وایە کە ژنان دەبێت هەلی ئەوەیان هەبێت کە بژین و بڕیار بدەن وەک پیاوان، بێ ئەوەی بە ڕۆڵە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکان سنووردار بکرێن.
دیارە ئازادی ئابووری تەنیا هۆکاری یەکسانی هەردوو ڕەگەزەکە نییە، لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازی ژنان چوونەتە بواری کارکردن، لەهەمان کاتدا ئەرکی بەڕێوەبردنی ماڵ و منداڵیان لەسەرشان بووە. لەو کاتەدا ژن لەلایەن خاوەن کار و پیاوی ماڵەوە چەسێنراوەتەوە. خەباتی ژنان کەوتە قوناغێکی نوێ، خەبات دژی چەوساندنەیەوەی چینایەتی و ئەو کولتور و دابونەرێتانەی کە کۆمەڵگەی پیاوسالاری لە پێناو مانەوەی دەستەڵاتی خۆی پێکیهێنابوو.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەم بەرهەمە کە بووە هۆی دروستبوونی مشتومڕ و تەنانەت لەم چەند ساڵەی دوایدا گەڵی دیبات و ناتێگەیشتنی لە کوردستاندا دروست کرد. ئەویش چەمکی جێندەر بوو. ئەم بەرهەمە شێکردنەوەکی ڕوونی بۆ چەمکی "بوون بە ژن "کرد، ئەم چەمکە گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی لە تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ ناسنامەی ڕەگەزی دروست کرد و دەتوانین لە چەند ڕەهەندێکەوە شیکاری بۆ بکەین:
١. جیاکاری نێوان ڕەگەز و جێندەر
دێ بۆوڤوار یەکەم کەس بوو کە بە شێوەیەکی فەلسەفی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین "ژن"، تەنها دەرەنجامێکی بایۆلۆژی نییە.
•ڕەگەز (Sex): سیفەتە بایۆلۆژییەکانە (وەک کۆئەندامی زاوزێ و هۆرمۆنەکان) کە مرۆڤ پێیانەوە لەدایک دەبێت.
•جێندەر (Gender): ئەو کۆمەڵە ڕەفتار، سیفەت و ئەرکانەیە کە کۆمەڵگە بەسەر مێینەدا دەیسەپێنێت (وەک: ناسکی، شەرم، گوێڕایەڵی، ماڵداری). دێ بۆڤوار دەڵێت هیچ "جەوهەرێکی مێینە"ی زگماکی بوونی نییە؛ ئەوە کۆمەڵگەیە کە منداڵێکی مێینە پەروەردە دەکات و دەیگۆڕێت بۆ ئەو شتەی کە پێی دەوترێت "ژن". واتە هەموو ئەو سیفەتانەی بۆ ئێمە دانراوە پەیوەست نییە بە ژن بوونمان، بۆ نموونە ژن دەتوانێ باش ماڵ پاکبکاتەوە، چێشت لێبنێت، ئاگاداری ماڵ و منداڵ بێت. هەموو ئەم ئەرکانە پیاویش دەتوانن بیکەن. ئەوەتا لەسەردەمی ئێستاماندا هەموو ئەو کارانە لە زۆربەی وڵاتاندا پیاو بەبێ گرفت ئەنجامی دەدەن.
٢. پرۆسەی "بوون"
وشەی "دەبێتە" (Becoming) لێرەدا زۆر گرنگە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناسنامەی ژن شتێکی جێگیر نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەردەوامی دروستکردنە لە ڕێگەی:
•پەروەردە: لە منداڵییەوە کچان فێری یاری و ڕەفتاری جیاواز دەکرێن کە ئامادەیان دەکات بۆ پاشکۆبوون. جا ئەمە لە خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا ئەنجامدەدرێت و دەبێت بە سیفەتێکی جێگیر لە هۆشیاری تاکی پیاو و ژن.
•کولتور: چیرۆک، ئەفسانە و ئایینەکان وێنەیەکی دیاریکراو بۆ ژن دروست دەکەن کە دەبێت ژن خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت. ژن هەردەم ناتەواو و بێ توانایە و پێویستی بە پاڵپشتی پیاو هەیە.
•فشاری کۆمەڵایەتی: هەر ژنێک نەیەوێت ببێتە ئەو "ژنە"ی کۆمەڵگە دەیەوێت، ڕووبەڕووی سزای کۆمەڵایەتی دەبێتەوە. ژن دەبێت هەردەم بەپێی ئەو دابونەرێت و کلتوورە هەڵسوکەوت بکات کە کۆمەڵگە لە ڕێگەی یاسا و ئاینەوە بۆی دیاری کردووە، ئەگینا تا کوشتنیش سزا دەدرێت.
لەسەر ئاستی بزووتنەوەی ژنان ئەم کاریگەرییانەی هەبوو:
ئیلهامبەخشی شەپۆلی دووەم: ئەم کتێبە بووە بزوێنەری سەرەکی بۆ بزووتنەوەکانی ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠. کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر نووسەرانی وەک بێتی فریدان و کەیت میڵێت، و وای کرد فێمێنیزم لە داواکاری مافی دەنگدانەوە بگۆڕێت بۆ داواکاری ڕزگاریی تەواوەتی لە هەموو کایەکانی ژیاندا.
بەستنەوەی فێمێنیزم بە فەلسەفەوە: دێ بۆڤوار پرسی ژنی لە بابەتێکی سۆزداری یان کۆمەڵایەتی سادەوە گۆڕی بۆ بابەتێکی فەلسەفی و بوونگەرایی، بەوەی کە ئازادی ژن بەشێکی دانەبڕاوە لە ئازادی مرۆڤ و بەرپرسیارێتی تاکەکەسی.
ڕەتکردنەوەی "بایۆلۆژی وەک چارەنووس": ئەو بە توندی دژی ئەو بیرۆکەیە وەستایەوە کە دەڵێت ئەرکی دایکایەتی یان ماڵداری "سروشتی ژنە"، و دووپاتی کردەوە کە ژن دەبێت مافی هەبێت خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، نەک جەستەکەی.