ئەیوب ئەحمەد قادر
نەریتی مارکسیزم هەر لە سەرەتای خۆیەوە لە ڕێگای نووسینەکانی مارکس و ئەنگڵس پاڵپشتیان لە ڕزگارکردنی ژن کرد. هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی مانیفێستی شیوعییەتدا، مارکس و ئەنگڵس باسیان لەوە کرد، کە چینی دەسەڵاتدار و سەرمایەدار  ستەم لە ژنان دەکەن لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بۆ هاووڵاتی پلە دوو کورتیان دەکەنەوە. بۆیە ئەگەر تەماشا بکەین، کەسی بۆرژوازی ژنەکەی خۆی تەنیا وەک ئامرازێکی بەرهەمهێنان دەبینێت نەک وەک مرۆڤێک، کۆمۆنیزم دێت بۆ ئەوەی پێگەی ژن بگەڕێنێتەوە و چیتر وەک ئامرازێکی بەرهەمهێنا سەیر نەکرێت. هەرچەندە لە کتێبی سەرمایەیدا مارکس شوێنێکی زۆری بۆ توێژینەوە لە پێگەی ژن تەرخان نەکردووە، هەروەها سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بە تەواوی نەکۆڵیوەتەوە، بەڵام دواتر لە ژیانیدا تێبینییە ئۆنتۆلۆژییە بەرفراوانەکانی  لەسەر ئەو بابەتە خستەڕوو. دوای مردنی مارکس، ئەنگڵس هەندێک لەو تێبینییانەی لە کتێبی خێزان و بنەمای خاوەندارێتی تایبەت بەکارهێنا. بە بڕوای ئەو سەرهەڵدانی چەوساندنەوەی ژنان بەرهەمی سەرهەڵدانی چینایەتی و بنەماڵەیییە. ئەم تێگەیشتنە بۆ سەردەمی خۆی، تێگەیشتنێکی زۆر پێشکەوتووانە بوو لە توێژینەوە لە سەرچاوەی ستەمکردن لە ژنان. بەتایبەتی لەو سەردەم، کە بەسەردەمی ڤیکتۆریا لە ئینگلتەرا دادەنرا و بۆ ژنان سەردەمێکی ڕۆشنگەرانە نەبوو.
ئەنگلس لەم کتێبەدا: خێزان و بنەمای خاوەندارێتی تایبەت گرنگی زۆری بە لایەنی کەسی و ستەمی ژنان لەناو خێزاندا داوە، لەوانەیش ئەو زەلیلیەی ژنان لە بن دەستی مێردەکانیانەوە دەیانبینی، هەروەها ئەو نایەکسانیەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە تووشیان دەبوو، ئەوان وەک هاووڵاتی پلەدوو تەماشا دەکران. ئەنگڵس سەرهەڵدانی خێزانی ناوەکی وەک شکستی مێژوویی جیهان سەبارەت بە ژن دانا. ئەم شکستە مێژووییە، تەنیا لەو سەردەم پەیدا نەبووە، بەڵکوو مێژووییەکی درێژتری هەیە، دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدانی کۆمەلگەی چینایەتی. هەروەها ئەنگڵس هەر زوو ئاماژەی بەوە کرد توندوتیژی بەرانبەر ژنان لەناو خێزانەوە هاتووە: مێرد دەسەڵاتی تەواوی ماڵی وەرگرتووە، ژن لە پێگە شەڕەفمەندانەکەی بێبەش کرا، کرا بە کۆیلە و بۆ ئامرازێکی بەرهەمهێنانی منداڵ بچووککرایەوە. ژنیش بۆ ئەوەی دڵسۆزی مێردەکەی مسۆگەر بکات، بۆ ئەوەی باوکایەتی بۆ منداڵەکەی بهێڵێتەوە، ناچار تەسلیم بەو دەسەڵاتە نێرسالارییە بوو. لە لایەکی دیکەوە هەر ئەنگڵس ئاماژەی بۆ خێزانی تاکهاوسەری کرد، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا، چونکە بابەتی تاکهاوسەری تەنیا بۆ ژن ڕاست بوو، دەنا پیاوان دەتوانن چەند هاوسەریان هەبێت و ئەگەر ناپاکیش بکەن ئاساییە، لە کاتێکدا ناپاکی بۆ ژنان ئیدانە دەکرا، بۆیەیش دەڵێت: ناپاکی لە لایەن پیاوانەوە بە شکۆمەندی دادەنرا، لە خراپترین دۆخدا وەک شەرمەزارییەکی ئاکاری سەیر دەکرا.
ئەم باسە، پرسی ژن لە سەرەتای نەریتی مارکسیستییەوە، وەک بابەتێکی تیۆری تەنیا بۆ ژنان نەخراوەتەڕوو، بەڵکوو وەک بابەتێک بۆ هەموو سەرکردە شۆڕشگێڕەکان جێگەی بایەخ بوو. بۆ نموونە لیۆن ترۆتسکی لەبارەی پرسی ژنانەوە دەڵێت: بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژنان، پێویستە لە چاوی ژنانەوە سەیری بابەتەکە بکەین. واتە دەبێت ژن خۆیان لەوبارەیەوە بدوێن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، چونکە هەر خۆیان دەتوانن گوزارشت لەوبابەتە بکەن. هەروەها لینین چەمکی "کۆیلایەتی ناو ماڵ" بەرهەم دەهێنێت، کە ئاماژەیە بەو ستەم و چەوساندنەوەی لەناو ماڵ بەرانبەر ژنان ئەنجام دەدرێت. ئەم چەمکە تیۆرییەکی مارکسیستی جەمسەرییە، سەرچاوەی چەوساندنەوەی ژنان بۆ ناو خێزان دەگەڕێنێتەوە، چونکە لەگەڵ سەرهەڵدانی سەرمایەداریدا، بنەماڵەی چینی کرێکار ئەرکی دابینکردنی هێزی کاری بۆ سیستەمەکە گرتە ئەستۆ. سەرهەڵدانی چینی کرێکار سروشتی ئەو چەوساندنەوەی لەناو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان ئاشکرا کرد، ئەویش بە هۆی ئەوەی ژنی چینی سەرەوە تەنیا وەک ئامرازێک دەبێت نەوە بەرهەمبهێنێت بۆ ئەوەی میراتی ئەو بنەماڵەیە بپارێزێت. لە کاتێکدا ژنی چینی کرێکار ئەرکی پاراستنی نەوەی ئێستا و داهاتووی کرێکارانە. بۆیە چینی کرێکار ژن دەهێنێتەوە ناو فەزای بەرهەمهێنانی گشتی، بەمەیش دەتوانێت داهاتی سەربەخۆی هەبێت و وردە وردە دەتوانێت ئازادییەکانی خۆی دابین بکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا