ڕزگار عومەر
بەپێی بیردۆزی باڵەکانی پەپوولە دەوترێت (کە لێدانی باڵەکانی پەپوولەیەك لە چین دەتوانێت لافاو، زریان، یان با لە سەرانسەری جیهاندا دروست بکات) ئەم مەجازە شیعرییە پەیوەندی قووڵی گەردوون دەخاتەڕوو، کە تەنانەت بچووکترین کردارەکانیش دەتوانن لێکەوتەی گەورەیان لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی لە ئەنجامدانی ئاکت-پراکتیس لە کاتی گونجاودا. هەندێ جار مرۆڤەکانیش لەبەر هەر هۆکارێکی دەروونی یان کۆمەڵایەتی بێت وەك پەپوولە وان، دەست لە لێواری سووتاوی پرسیارەکان دەدەن، لە دۆخی پەپوولە باڵێك گەرم دەبێ، لە دۆخی مرۆڤیش فەلسەفەی بەرەنگاری بە ڕوخسارێکی ئاژاوەگێڕی خەست دەبێتەوە بۆ یەك حیکمەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی "ژیان پڕە لە ڕووداوی بەڕواڵەت بێ بایەخ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ساتانەی ڕووداو یان ئاکتی بچووك دەبێتە ڕاستەقینە ژیان بایەخ و بەها پەیدا دەکات، کە لە بنەڕەتدا دژ بە نۆرمی باو ناتۆرەی "ئاژاوەی" بەدواوەیە، بەڵام بە دانانی چاویلکەی باو ئەم ئاکتە بچووکە، جووڵەی ئەم باڵانە، هەڵگری نیازی گۆڕانکاری قووڵن- بنیاتنان بێت یان لە ناوبردن بێت.
ئەم حیکمەتە لەگەڵ چەمکی فەلسەفی و زانستی کاریگەری پەپوولەدا هاوتەریبە، کە بەردی بناغەی تیۆری ئاژاوەگێڕییە، کە لەلایەن ئێدوارد لۆرێنزەوە لە ساڵی ١٩٦٣دا ناسێندرا، باس لەوە دەکات کە چۆن گۆڕانکاری بچووک لە بارودۆخی سەرەتاییدا دەتوانێت ببێتە هۆی دەرئەنجامە زۆر جیاوازەکان، جەخت لەسەر سروشتی پێشبینینەکراو و بێپلان دەکاتەوە . لە ڕووی فیزیکییەوە میکانیکی کوانتەم دەنگدانەوەی ئەم هەڕەمەکییە دەداتەوە. بنەمای نادڵنیایی ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ناتوانین شوێن یان زەبری هەموو ئەتۆمێک بەوردی بپێوین. تۆپێک کە لەسەر لوتکەی گردێک دانراوە، ڕەنگە بە هەر ئاراستەیەکدا بڕوات، کە کاریگەری هۆکارە هەستپێنەکراوەکانی لەسەر بێت، مێژووش شایەتحاڵی لێدانی باڵەکانی پەپوولەیە.
ڕووداوە بچووک و بەڕواڵەت بێبایەخەکان ڕەوتی مرۆڤایەتییان گۆڕیوە. بیر لە ئەدۆلف هیتلەر بکەرەوە کە ڕەتکردنەوەی لەلایەن پرۆفیسۆرێکی هونەری جوولەکەوە بووە هۆی دروستکردنی یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، کە تێدا کینەی ئایدیۆلۆژی پەمبدراوی دیکتاتۆر یەکدەگرێتەوە لەگەڵ هەستی تۆڵەکردنەوە و بە هەردووکیان سیستەم بەکاردێنن دژ بە جوولەکە. یان تیرۆرکردنی سەرۆک دوک فرانز فێردیناند- ئەگەر شۆفێرەکەی ڕێگایەکی جیاوازی گرتبایەبەر، ڕەنگە جەنگی جیهانی یەکەم هەرگیز ئاگری نەگرتبا، یان بەو شێوەیە دەستی پێنەکردبا و کۆتایی نەهاتبا. بەهەمان شێوە کارەساتی چێرنۆبڵ بە دەرکەوتە ئەتۆمییە وێرانکەرەکانییەوە، وەک بیرخستنەوەیەکی تاریک دەبینرێت کە چۆن بڕیارە بچووکەکان دەتوانن بەرەو کارەساتی جیهانی پەرەبسەنن.
پەپوولە هەرگیز بوونەوەرێکی ئەفسانەیی تەنیا نەبووە؛ هێمایەکی قووڵی گۆڕانکاری و ڕۆح و نوێبوونەوەیە. لە سەرانسەری شارستانیيەتەکاندا، نوێنەرایەتی ڕۆح و نەمری و جوانی گۆڕانکارییەکانی کردووە. لە کولتوورە کۆنەکاندا، پێیانوابوو کە پەپوولە هەڵگری ڕۆحی جەنگاوەرەکانە یان سروشتی زووتێپەڕبوونی خودی ژیان بەرجەستە دەکات. باڵەکانیان کە ناسک و لە هەمان کاتدا بەهێزن، ئەوەمان بیردەخەنەوە کە ژیان لەسەر ئاستێکی ناسک لەنێوان سەقامگیری و ئاژاوەدا بوونی هەیە.
واقیع، زۆر هاوشێوەی کاریگەری پەپوولە، سیستەمێکی داینامیکی ئاڵۆزە- سەمایەک لەنێوان ڕێکخستن و ئاژاوەدایە. ئامێزگرتنی ئەم یارییە هاوبەشە بانگهێشتمان دەکات بۆ قبووڵکردنی گۆڕانکاری و ئاشکراکردنی ڕاستییە شاراوە و زووتێپەڕەکانی بوون. تەنانەت بچووکترین کردارەکانیش دەنگدانەوە بەجێدەهێڵن، جیهان بەشێوەیەک لە قاڵبدەدەن، کە ڕەنگە هەرگیز بەتەواوی لێی تێنەگەین.