ستار ئەحمەد


دەستێوەردانی حیزبی و بەکارهێنانی جڵەوی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تەسک و تایبەت، هەمیشە یەکێک بووە لە سەرەکیترین ئەو هۆکارانەی کۆمەڵگە بەرەو لێژبوونی دارایی و داڕووخانی بەها بەرزەکان دەبات. کاتێک ڕێکخراوە یان لایەنە سەرکردەکان لەبری خزمەتکردنی نیشتمان و چەسپاندنی دادپەروەری، بڕیارەکانیان تەنیا لەچوارچێوەی بەهێزکردنی بنەماکانی خۆیاندا تەسک دەکەنەوە، تاكەکانی کۆمەڵگە تووشی نائومێدییەکی سامناک دەبن و بنەماکانی هاوبەشی لەنێوان گەل و فەرمانڕەوایاندا بەتەواوی هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەم جۆرە ڕەفتارانە کەمکەم پایەکانی ژیانی خەڵک لەبەردەم جۆرەها هەڕەشەدا دەلەرزێنن و سەقامگیری کۆمەڵایەتی بۆ هەمیشە تێکدەدەن. کاتێک دەسەڵات لە ئامرازێکەوە بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەربەرزی خەڵک دەگۆڕێت، بۆ قۆرخکاری و سەپاندنی هەژموونی دەستەیەک، بەها مرۆیی و ئاکارییەکان جێگەی خۆیان بۆ بەرژەوەندپەرستی چۆڵ دەکەن، بەمەش کۆمەڵگە لە ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆی دادەماڵرێت ، بەرەو لێوارێکی مەترسیداری لەناوچوون هەنگاو دەنێت.
بەمەش کەسانێک لەسەر بنەمای وابەستەیی و دڵسۆزی کورتبینانە بۆ ڕێکخراوێک لەبری لێهاتوویی، شارەزایی و دەستپاکی دەخرێنە سەر کار و پلە باڵاکانی دەسەڵات، تەواوی دەزگا کۆمەڵایەتی و کارگێڕییەکان درزیان تێدەکەوێت و لە ئەرکی سەرەکی خۆیان کە خزمەتکردنی گشتییە لادەدەن. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی پەککەوتنی جێبەجێکردنی یاساکان و دروستبوونی جیاوازییەکی زۆر بەرچاو لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا، بە شێوەیەک کە مافی ڕەوای خەڵکی ئاسایی و ماندوو لەپێناو بەرژەوەندی تاقمێکی دیاریکراودا پێشێل دەکرێت. ئەم جۆرە بێدادییە ڕاستەوخۆ کار لەسەر دەروونی تاكەکان دەکات و هەستی هیوا بە پاشەڕۆژێکی ڕوون لەناو گەنجاندا دەکوژێت، کە ئەمەش مەترسیدارترین جۆری ڕیسوابوونی کۆمەڵگەیە. لەهەمانکاتدا گەنجان بەهرە و تواناکانیان لە سایەی لایەنگری کۆنەپەرستانەدا بە فێڕۆچوو دەچن، تەواوی وزەی داینامیکی کۆمەڵگە دەپوکێتەوە و تەمبەڵی و بێومێدیی جێگەی داهێنان و هەوڵدان دەگرێتەوە، بەمەش ئایندەی تەواوی نەتەوەیەک دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
جگە لەوەش، کاتێک سامانی گشتی و تواناکانی نیشتمان لەلایەن کەمینەیەکەوە بۆ مەرامی تایبەتی و دەستکەوتی کاتی بەکاردەهێنرێت، ئابووری سەربەخۆی وڵات ڕووبەڕووی داڕوخانێکی بەردەوام  دەبێتەوە. لێکترازانی ئابووری دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی شێوازی ناڕەوا، گەندەڵی، و دروستبوونی بێکاریی بەرفراوان، ئەمەش خەڵکی ناچار دەکات بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ڕۆژانەیان بەرەو کارگە و ڕێگەی ناڕەوا هەنگاو بنێن یان لەژێر گوشاری سەختی ژیاندا خۆیان لەدەست بدەن. ڕیسوابوونی ڕاستەقینەی گەل تەنیا لە ڕووی کەمبوونی داراییەوە نییە، بەڵکوو لەوەدایە کە شکۆ و سەربەرزی تاكەکان لەپێناو دابینکردنی بڕێک نان یان پێداویستی سەرەتاییدا ژێرپێ دەخرێت و دەکرێتە ئامرازی گوشار بۆ سەر خواستی سەربەخۆیان. ژیانێک کە تێیدا مرۆڤ ناچار بێت بۆ گەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانی دەستبەرداری ئابرووی بێت، گەورەترین دیلێتییە کە سیستەمی فەرمانڕەوایی بێباک دەیکاتە دیاری بۆ هاوڵاتیانی خۆی.
لەلایەکی دیکەوە، کاتێک پەروەردە و ڕۆشنبیری و زانست دەکەونە ژێر ڕکێف و کاریگەری بڕیارە ڕامیارییە ناوخۆییەکانەوە، ئاستی هۆشیاری لەناو گەلدا بەرەو دابەزینێکی مەترسیدار دەچێت. فێرکردن لەبری ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی ئازاد، بیرکەرەوە و هۆشیار، دەبێتە هۆکارێک بۆ سڕینەوەی بیری ڕەخنەگرانە و سەپاندنی بیرکردنەوەی شێوازی یەکپۆش، سەرکزی و گوێرایەڵی کوێرانە. ئەم پرۆسەیە لە بنەڕەتدا بەستنی دەستی بیرمەندان و ڕۆشنبیرانە و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە توانای بەگژداچوونەوەی بێدادییەکانی نەبێت، ئەمەش گەورەترین زەبرە لە شکۆی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری گەل دەدرێت. 
کاتێک ڕۆشنبیران ناچار دەکرێن لەبری دەربڕینی ڕاستییەکان تەنیا ستایشی دەسەڵات بکەن، زانست جێگەی خۆی بۆ خەیاڵپڵاوی و بڕوای پووچ چۆڵ دەکات و هۆشیاری هاوبەشی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی پەککەوتنی تەواوەتی دەبێتەوە، کە ئەوەش سەرەتای لەدەستدانی ڕەسەنایەتی و سەربەخۆیی بیرکردنەوەیە.
دەرئەنجامی ئەم دەستێوەردانە بەردەوامانە دروستبوونی دابەشبوونی  کۆمەڵایەتییە لەنێوان خەڵکدا. هاوڵاتیان لەبری ئەوەی لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری و بەرژەوەندی هاوبەش یەکبگرن، بەرەو جیاکاری، ناوچەگەری و دووبەرەکی دەبرێن. ئەم پارچەپارچەبوونە وادەکات کە گەل توانای دروستکردنی فشارێکی هاوبەشی بۆ چاکسازی و بەدەستهێنانی مافەکانی نەمێنێت، و هەمیشە لە بازنەیەکی داخراوی نائومێدی و پاشەکشەدا بمێنێتەوە. لایەنە سەرکردەکان ئەم پارچەبوونی خەڵکە وەک ئامرازێک بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆیان بەکاردەهێنن، چونکە کۆمەڵگەیەکی لێکترازاو توانای بەرهەڵستکردنی ستەمی نامێنێت.
لەکۆتاییدا، ئەم پاشەکشە بەردەوامە شکۆی مێژوویی نەتەوە لەبەردەم جیهانی دەرەوەشدا دەشکێنێت. گەلێک کە لەناوخۆدا مافەکانی پێنەدرێت و بەسەر بەرژەوەندی بچووکدا دابەش کرابێت، ناتوانێت لەسەر ئاستی جیهانیش وەک هێزێکی خاوەن خواست و سەربەرز دەربکەوێت. رزگاربوون لەم دۆخە سەختە تەنیا لەڕێگەی بوژاندنەوە و گەشەپێدانی هۆشیاری گشتی، پێداگری لەسەر سەروەری بێمەرجی یاسا، و دوورخستنەوەی سەرجەم جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگە لە دەستێوەردانی بەرژەوەندخوازانە بەدی دێت، تاوەکو گەل بتوانێت سەرلەنوێ بەها و ویستی ئازادی خۆی بگەڕێنێتەوە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا