
هۆشیاری عەبدولعەزیز
لە پاشخانی مێژووی فیکری سیاسییدا، هەمیشە سیاسەت جۆرێک لە کایەی ململانێ و کێشمەکێشی "بەرژەوەندیە ناوخۆی و دەرەکییەکانی ناو دۆخە گشتییەکەی کۆمەڵگا بوە و زۆر جار پەلیکێشاوە بۆ قوڵکردنەوەی ئەو جیاوازییە ئایدۆلۆژییانەی کە ئامادەییان هەبووە ، بەڵام دیوە عەقڵانیەکەی ئەم جیاوازییانە ڕاستەوخۆ کاریگەری خۆی لە سەر فەزا گشتییەکە داناوە و هۆکارێک بوە بۆ ڕێکخستنەوەی پرسە ، سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا و توانراوە لەو ڕێگایەوە سیاسەت بکرێتە بڕبڕەی پشتی ڕێکخستنی ژیانی گشتی .
بەڵام پێچەوانە بەم تێگەیشتنە کلاسیکیە ئەمڕۆ جۆرێکی تر لە سیاسەت جیهانی گرتووەتەوە، کە نە ئایدۆلۆژیایە و نە فەلسەفەیە، بەڵکو جۆرێکە لە "هیچوپوچیی ڕێکخراو و ئەمەش وایکردوە کە سیاسەت لە ناوەڕۆکە ئەخلاقی و مەعریفەییەکەی دابماڵرێت و تەنها وەک ئیدیۆمێکی ڕووکەشی بێمانا بمێنێتەوە و ببێتە پاشکۆی ئەو باهۆزە بێمانایەی کە نیولیبرالیزم لە فۆڕمی (سیاسەت بۆ پارەیە) وەک پڕۆژەیەکی بازرگانی مامەڵەی دەکات . لەم پڕۆژە سیاسییەدا هیچ" دەبێتە ناوەڕۆک؛ واتە کارەکتەرە سیاسییەکانی ناو ئەم پڕۆژەیە هەرچەندە زیاتر بێ ناوەڕۆک بن، زیاتر لەگەڵ سیستەمەکەدا دەگونجێن و دەبنە پاسەوانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی کە تەنها خزمەت بە بازاڕ و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان دەکات و بەمەش سیاسەت لە دیوە ئەخلاقییەکەی دادابڕێت و زیاتر ئاراستەیەکی هیچوپوچی وەردەگرێت و پشت بە "پەیامی بێ مانا و هەنگاوی ناهاوسەنگ دەبەستێ و ژینگەیەکی هیچ و پوچ بەرهەمدێنێ، لەولاشەوە پرسە گرنگە ئاڵۆزەکانی وەک ئابووری، پەروەردە و دادپەروەری، کورت دەکرێنەوە لە دروشمی بریقەدار و وێنەی سێڵفی و ڤیدیۆی کورت و بێ بەها ، ئەم ئاکارە پڕوپوچە کە لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە "سیاسەتی پۆپۆلیستی" کار لەسەر گەوجاندنی کۆمەڵگا و هاووڵاتییەکانی دەکات و خەڵک وەک "کڕیارێکی بێ بەها دەبینێ کە نۆرمەکانی ژیان هەڵەوگێڕی کردبێتەوە .
كاریگەری و لێکەوتەکانی ئەم جۆرە سیاسەتە هیچ و پوچە وەک دیاردەیەکی نەخوازراو و بەسەر كوردستانیشدا تواوەتەوە و بە شێوەیك گەشەی كردوە وەک ئەوەی کە لە بنەڕەتدا و لێرە و لە مناڵدانی ئەم کۆمەڵگایەدا لە دایک بووە و بووەتە مەترسییەکی کوشندەی وا کە تەواوی جومگەكانی ژیانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی گرتوەتەوە و بوەتە بەهێزترین چەکی دەسەڵات و لەو ڕێگایەشەوە کۆمەڵگا تووشی جۆرێک لە بێهیوایی و داهزرانی متمانە و تێگەیشتنی ناڕوون بوەتەوە و پێی وایە هەموو شتێک "هیچە" و گۆڕانکاری مەحاڵە . دروستکردنی ئەم جۆرە قەناعەتەش لەخۆیدا باشترین دەرفەتی بۆ سیاسیە بەرژەوەندخوازەکانی ناو کایەی حوکمڕانی ڕەخساندوە و بوەتە پەرژینێکی باش بۆ زیاتر مانەوەیان لە دەسەڵاتدا.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان دەگوزەرێت، جۆرێکە لە "لەهیچ و پوچی سیاسی و کردەیەکە کە هیچ مانایەکی باڵا بەرهەم ناهێنێت و تەنها لەناو بازنەیەکی داخراوی بەرژەوەندیدا دەخولێتەوە.
خوولانەوەی ئەم جۆرە سیاسەت کردنەش لە بازنەی هیچوپوچیدا ، جگە لە داڕووخانی دامەزراوە ئیداریەکان و پوکانەوەی سیستەمە حوکمڕانییەکە ، تەواوی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ئەو دیاردە کلتوریانەش لە نێوو دەبات کە کاریگەری ئەرێنیان هەیە لەسەر ئایندەی کۆمەڵگای کوردی و دواجار
هیچوپوچی دەبێتە کلتووری سیاسی و هەموولادانە نایاسایەکان چیتر وەک تاوان نابینرێت، بەڵکو دەبێتە "زیرەکی". لەم ژینگەیەدا، مرۆڤی هیچ و پوچ دەگاتە دەسەڵات، چونکە هیچ پرەنسپێکی ئەخلاقی نییە، ئامادەیە هەموو شتێک بفرۆشێت لە پێناو مانەوەی خۆی و ئەو پلە و مەقامەی کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی هیچ و پووچیدا بۆی ڕەخساوە.
لەبەرانبەریشدا ئاکارە ئەخلاقییە باڵاکان هیچ بایەخێکی نامێنێت. سیستەمی دەوڵەت و میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن دەگۆڕێت بۆ کۆمپانیایەکی گەورە کە تەنها خەریکی ڕیکلامە بۆ خۆی، لە کاتێکدا لە ناوەوە خەریکی گەندەڵی و داڕووخانە و ئیتر هیچ جیاوازیەک ناکرێت لە نێوان "سیاسییەکی ڕاستەقینەی خاوەن دیدوتێڕوانینی بابەتییانە و کارەکتەرێکی سیاسی هیچ وپوچ دا .
کە ئەمەش ڕوویدا سیاسەت دەبێتە بازرگانییەکی چەپەڵ و بێبەهاو دیدگای ڕوون و تەنها ئەو کەسانە دەمێننەوە کە دەزانن چۆن لە ناو ئەو بێسەروبەریەدا گەمە بکەن.
بۆیە کاتێک سیاسەت لە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی دادەماڵرێت و دەبێتە حاڵەتێکی هیچ و پوچ لە پێناو دەستکەوتی شەخسی و حزبی، کاریگەرییەکی مەترسیدار دەخاتە سەر ئێستا و ئایندەی کۆمەڵگای کوردستان و ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری تێکشکاندنی بنەماکانی ڕاستگۆیی، دڵسۆزی، نیشتمانپەروەری و دواجار وای لێدێ هەمووان دژی هەمووان بن" و بەرژەوەندیی تایبەت ببێتە تاکە خەون و خەیاڵی کۆمەڵگا.