ئامادەکردنی: مەغدید حاجی 

  ٭ لە بری ‌پێشەکی(ئامێدی)

شاری ئامێدی مێژوویی بەرزو جوان و سەرنج ڕاکێش،کە بە دووری 90 کم کەوتۆتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری دهۆک؛ لە سەدەکانی پێش سەدەی بیستەمدا  واتا لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا تاکو ساڵی 1842 پایتەختی میرنشینی بادینان بوو. ئامێدی لە سەردەمی میرنشینییە کوردییەکاندا ڕۆڵی مێژوویی خۆی بینیوە.  قوتابخانەی قوبەهان لە ئامێدی یەکێک بوو لە ناوەندە زانستی و پەروەردەییە مێژووییەکانی کوردستان ، لە ماوەی چەندین سەدەدا وەکو چرا ڕووناکی بە ئامێدی و بادینان بەخشیوە.

 شاری ئامێدی لە سەدەی بیستەمیشدا ناوەندێکی گرنگی سیاسی و ڕۆشنبیری و کوردایەتی و پەروەردەیی بوو. شاری شەهیدان عزەت عەبدولعەزیزو ئەنوەر مایی بوو، هەروەها دەیان و سەدان مامۆستای نیشتمانپەروەرە.

 لە بواری پرۆسەی پەروەردەو خوێندنیشدا، قوتابخانەکانی ئامێدی لە هەموو سەردەمێکدا ڕۆڵی خۆیان بینیوە، مامۆستا تێکۆشەرەکانی ئامێدی وەکو مامۆستا تێکۆشەرەکانی  هەموو شارو شارۆچکەو گوندەکانی دی کوردستان ڕۆڵی خۆیان بینیوەو جێگای شانازین. بەشێکی بەرچاو لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی ئامێدی لە یەک کاتدا  وەکو پەروەردەکارو تێکۆشەری سیاسی خزمەتی ڕۆڵەکانی شارو گەلەکەیان کردووە،خزمەتی ڕێگای ئازادی و گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردەیان کردووە.

 پ.د. عەبدولفەتاح بۆتانی لە کتێبێ(ناوچەی بادینان 1925-1970 لێکۆلینەوەیەکە لە ڕووداوو پێشهاتە سیاسیەکان) لە ساڵی 2017 بە زمانی عەرەبی چاپکراوە، بە وردی تیشکی خستۆتە سەر ژیانی سیاسی و تێکۆشەرە نیشتمانپەروەرەکانی بادینان کە بەشێکی بەرچاویان  مامۆستا بوون.

 ٭ کورتەیەک لە بارەی ژیان و خەباتی مامۆستا سەعید ئامێدی:

 ناوی تەواوی: سەعید مستەفا قادر

 لە ساڵی 1946 لە شاری ئامێدی لەدایکبووە.

 لە ساڵی خوێندنی(1952-1953) لە قوتابخانەی (العمادیة الاولی)چۆتە بەر خوێندن.

 لە ماوەی نێوان(1961-1962) تاکو(1963-1964) قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی تێکەڵاوی ئامێدی تەواوکردووە.

 قۆناغی ئامادە ییشی لە ساڵی(1965-1966) هەر لە ئامێدی تەواوکردووە.

 لە ساڵی(1966-1967) لە کۆلێژی بەڕێوەبردن و ئابووری زانکۆی بەغدا وەرگیراوە،لە ساڵی(1970-1971) خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە.

 لە ڕێکەوتی 23-8-1971 بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەی کۆسا لە ناحیەی مانگێش قەزای ناوەندی دهۆک بە مامۆستای بیرکاری قۆناغی دواناوەندی دامەزراوە.

 هەر لە ساڵی 1971 بۆ ناوشاری دهۆک گوازراوەتەوە. دوو ساڵ لە قۆناغی ناوەندی وانەی بیرکاری گوتۆتەوە دوایی تەنسیبکراوە بۆ بەشی سەرژمێری لە دیوانی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی دهۆک، لە هەمان کاتدا وەکو مامۆستایەکی سەرکەوتووی بیرکاری وانەی بە قوتابیان دەگوتەوەو سوودیان لێی وەرگرتووە، تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی خوێندنی(2009-2010).

٭ خەبات و ژیانی سیاسی و باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا سەعید لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لەوکاتەی خوێندکار بووە لە زانکۆی بەغدا پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیان و حزبی شیوعی عێراقدا هەبووە. لە چالاکییەکانی یەکێتی گشتی قوتابیان بە تایبەتی لە مانگرتن و هەڵبژاردنەکاندا بەشداربووە. لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی قوتابیانی زانکۆ کە لە پایزی 1967 بەڕێوەچوو،مامۆستا سەعید تیایدا چالاکانە بەشداربووە،لەم هەڵبژاردنەشدا یەکێتی گشتی قوتابیان لە کۆماری عێراقدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، بەڵام دەسەڵاتی حوکمڕان ئەنجامەکانی بە دڵ نەبوو، بەهۆی سەرکەوتنی قوتابییە شیوعییەکان، بۆیە دەسەڵات ئەنجامەکانی هەڵوەشاندەوە.
مامۆستا سەعید لەوکات و دواتریش لە هەموو چالاکییەکانی یەکێتی گشتی قوتابیاندا لە زانکۆی بەغدا بەشداربووە،لە هەمان کاتیشدا ئەندامی حزبی شیوعی عێراق بوو.
قۆناغێکی دی لە خەباتی سیاسی و پیشەیی مامۆستا سەعید لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 دەستپێدەکات، لە شاری دهۆک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لقی دهۆکی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانیان دروستکردو ئەندامی لقی ئەم ڕێکخراوە بوو لە پارێزگای دهۆک.لە گەڵ ئەم لقە چالاکی ئەنجام دەدا بۆ داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی مامۆستایان.
لە ساڵی 2023 لە لایەن ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشکراوە.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا سەعید لە ساڵی 1973 ژیانی خێزانی لەگەڵ مامۆستا خەدیجە خالید پێکهێناوە. بەرهەمی ژیانی خێزانیان:
1- ڤیان،1974 پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی تەواوکردووە
2-ژیان،1975،ئامادەیی تەواوکردووە.
3- ئاگر،1977،پەیمانگەی تەکنیکی تەواوکردووە.
4- ئاری، 1979، کۆلێژی پەروەردەی تەواوکردووە.
5- هۆگر،1984، پەیمانگەی مامۆستایانی تەواوکردووە.
بەداخەوە، مامۆستا خەدیجە هاوسەری مامۆستا سەعید لە ساڵی 2019 کۆچی دوایی کردووە، مامۆستا سەعیدی تەنیا جێهێشت، هەزار دروود بۆ ڕوحی پاکی. هیوای تەندروستی باش و تەمەندرێژیش بۆ مامۆستا سەعید دەخوازین.
٭ سەرچاوە:1- چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا سەعید، دهۆک 20-11-2025
2- زانیاری مێژوویی تایبەتی خۆم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا