سەدیق سەعید ڕواندزی

بە تایبەتیکردنی کایەکانی ژیان لە هەموو ڕووێکەوە، یەکێکە لە دەرهاوێشتانی سیستەمی سەرمایەداریی و نامرۆیی، کە تیایدا خزمەتگوزاریییە گشتی و نیشتمانییەکان، کە ئەرکی دەسەڵات و حکومەتە دابینیان بکات، لە کەرتی گشتییەوە دەگوازێتەوە بۆ کەرتی تایبەتی. ئیدی هەموو شتێک لە سەر بنەمای پارە و داهات و بە تایبەتیکردن دەبێت.

ئەم هاوکێشەیە دێتە ئاراوە: دەتوانرێت بە پارە چیمان بووێت بیکەین؟ چونکە سەرمایەداریی خۆی بە مانای دەسکەوت و قازانج و کێبڕکێی بە ناو ئازادا، کە دواجار هەموویان دەبنە تەواوکەری ئەو سیستەمە چەوسێنەرە چینایەتییەی کە ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگە قووڵتر دەکاتەوە و نادادی زۆرتر بەرهەم دەهێنێت.

خوێندنی ئەهلی لە کوردستاندا

لەو سۆنگەیەوە، دیاردەی بەشێکی یەکجار زۆری خوێندی ئەهلی و ناحکومی لە هەرێمی کوردستاندا، دەچێتە نێو ئەو چوارچێوەیە. ئەم جۆرە لە خوێندن، پێوەرەکانی وەرگرتنی تیادا، لە سەر بنەمای توانستی زانستی و هزریی و کەسی نییە، بەڵکو پەیوەستە بەوەی کێ پارە بدات دەتوانێت بخوێنێت.

واتا، گەر کوڕی بەرپرسێکی گەندەڵ، بە چەندین ساڵ نەیتوانیبێت لە خوێندنی حکومی دەربچێت و تەواوی بکات، ئەوا دەتوانێت لە نێوەندێکی ئەهلی و ناحکومی، بە هۆی پارەوە دەستی بێنێ و ببێتە خاوەنی هەر بڕوانامەیەک، گەر مەبەستی بێت

پرسیار دەربارەی پارە و پەروەردە

بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: "ئێمە دەتوانین بە پارە پەروەردە و خوێندن فێر ببین؟" یان تێگەیشتنێکمان لا دروست دەبێت کە پارە دەتوانێت هەموو شتێک بکات و تۆ لە کەسێکی وەرنەگیراو و دۆڕاویی نێو نێوەندێکی خوێندن، بکاتە خاوەنی بڕوانامەیەک؟

سەرنج بدەن لە هەرێمی کوردستاندا: هەرچی بەرپرسی گەندەڵ هەیە، دەرچووی ماف و یاساییە، بەڵام کوا لێکدانەوەی یاسایی و دەستوورییەکامنی ئەوان؟ بۆ نموونە، بۆ ململانێی دەستووری نێوان هەرێم و بەغدا؟

بەراورد لە سەردەمی پێشدا

لە سەردەمی پێش ڕاپەڕیندا، ئەوەی نمرەیەکی بەرزی نەبووایە، لە کۆلیژی یاسا وەرنەدەگیرا. کەچی ئێستا هەزاران کەس بە نمرەی پەنجا، دەتوانن بە پارە یاسا بخوێنن و دوای چوارساڵیش ببنە پارێزەر و لە سەر گیرفانی کەیسی ڕەش و ڕووتانی ئەم هەرێمە، دەوڵەمەند ببن

خوێندنی ئەهلی و بنەمای پارە

لە خوێندنی ئەهلیدا، ئەوەی دەبێتە بنەمای وەرگرتن پارەدانە. واتا: تۆ بڕە پارەیەکی زۆر دەدەیت، لە بەرانبەردا دەتوانیت بخوێنیت. جار، گەر لە ماوەی مانگێک چەند ڕۆژێکیش بچیتە دەوام، یان هیچ زانست و زانیاریەکت پێ نەبێت، چونکە کورد وتەنی: (تۆ شاباشی خۆت داوە، ئیدی بێ منەتانە شایی دەکەیت!)

خوێندنی ئەهلی، لە پاڵ ئەم دەرهاوێشتانە، زەمینەی جۆرە خوێندنێکی بازرگانیانەی بە ناوی وانەی تایبەت و مامۆستای تایبەت لەو نێوەندانەدا هێناوەتە ئاراوە.

نموونە: دکتۆرا و وانەی تایبەت

بۆ نموونە: هەیانە دکتۆرایی لە ئەدەبی کوردی هەیە، ئامادە نییە لە قوتابخانەیەکی حکومی وانە بڵێتەوە و بڕوای وایە: چۆن دەبێ دکتۆرایەک وانە بە قوتابییەکی پۆلی دەو یانزە بڵێتەوە؟

بەڵام هەمان ئەو کەسانە ئامادەن بچن وانە بە نەزانترین قوتابی لە قوتابخانەیەکی ئەهلی و ناحکومی بڵێنەوە، چونکە لە بەرانبەردا پارەیەکی زۆر وەردەگرێت.

هێزی پارە لە نێوەندەکاندا

کاتێ دۆخێک دێتە ئاراوە، دەتوانین لە بەرانبەر پێدانی شتێک، پارە بدەین. ئیدی ئەوەی لەو نێوەندەدا حوکم دەکات هێزی پارەیە. بۆیە دەبینین بە هەزاران کەس دەرچووی خوێندنی ئەهلی و حکومین، بێ ئەوەی زانیاریی و خوێندەواریی ئەوتۆیان هەبێت. بە تایبەتیش ئەو بەرپرس کەسانەی لە پێناو زانست نا، بەڵکو لە پێناو بەرزکردنەوەی پلە و پۆستیان، بۆ زۆربوونی مووچەکانیان، بڕوانامە وەردەگرن.

یەکەمەکان و دەرچووانی یەکەمی پۆلی دوانزە

چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستاندا، یەکەمەکان و دەرچووانی یەکەمی پۆلی دوانزە بە هەردوو بەشەکەیەوە، لە خوێندنە حکومییەکانن. کوڕ و کچی ئەو هەژار و چینە چەوساوەن، کە ژیانێکی زۆر ئاسایی و سادەیان هەیە، وەک ئەو قوتابییە یەکەمەی پۆلی دوانزە، کە لە ژێر چینکۆیەکی ئاسندا خوێندی و توانی پلەی یەکەم بەدەست بێنێ.

ئەنجام

بێگومان ئێمە لە وڵاتێک دەژین، نەک نابێ هەوڵی بە تایبەتیکردنی کایەکانی ژیان بدەین، بەڵکو دەبێ هەموو جۆرە خزمەتگوزاریێکی مرۆیی و گشتی بۆ هەمووان بێ بەرانبەر دابین بکرێت. چونکە نەوتمان هەیە، غازی سرووشتیمان هەیە، و لاتێکی هەژار نین، کە چی بە پێچەوانە وە دەبینین.

هەڵبەتە ئێمە دەزانین خوێندنی ناحکومی و ئەهلی، لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش هەیە، بەڵام ئەوەی لە کوردستان دەگوزەرێت، چونکە وەک وتمان، هاوکێشەکە لە سەر بنەمای پارەدانە، نەک توانستی زانستی و هزریی.

بەڵام ئایا بە پارە پەروەردە و خوێندن، شوێنی خۆی دەگرێت؟

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا