
هیوا عومەر
لەمڕۆدا زیاتر لە هەموو كاتدا دۆخی نائومێدی باڵیكێشاوە بەسەر ناوەندێكی زۆری جەماوەری و ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان. بڵاوبوونەوەی دۆخی نائومێدی لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر و زیاتر پەرەیسەندووە، دۆخی بێهیوایی وەك ئەنجامی كەڵەكەبوونی فۆڕمێكی داسەپاوی كاری سیاسی و پارتایەتی داوەشاوەیە لەئاستی چارەسەركردنی قەیرانەكانی كۆمەڵگەی كوردستان بەدرێژایی زیاتر لە 30ساڵی ڕابردوو، و ئێستاشمان .
ڕاپرسییەكان و ئاستی بەشداری سیاسی هاووڵاتییان لە پرسە گرنگەكاندا، ئاماژەی ترسناكمان پێدەڵێن لەبارەی نەمانی متمانەی خەڵك بە دەسەڵاتەكانی هەرێم و دام و دەزگاكانی تا دەگاتە سەرجەم هێزە سیاسییەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنیشەوە .
كاتێك مۆدێلی حكومڕانی 33ساڵی هەردوو حزب بەرهەمەكەی نەبوونی دەستوور و تەنانەت یاسای بودجە و بەردەوامی پەكخستنی پەرلەمان و نەبوونی حوكمی یاسا و دادپەروەری و دروستبوونی ئابوورییەكی بەرخۆر دەبێت، خەڵك حەقی خۆیەتی بێزار و توڕەبێت، لەوەش ترسناكتر دوای شەش مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەم رۆژانەدا، هەروەكو 33ی ساڵی ڕابردوو دوای ماوەیەك لە ناكۆكی ساختە، باسی ئەگەری رێككەوتنی حزبی دەكەن لەسەر دابەشكردنی پلە و پۆستی حزبی !؟
جارێكی تر ناكۆكییەكانیان تەنها لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پلە و پۆست و نفوزی حزبی و بنەماڵەیی بێت ! بەبێ خستنەڕووی هیچ بەرنامەیەك بۆ چاككردنی ژیانی خەڵك و بیركردنەوە لە داهاتووی هەرێمی كوردستانیش؟ داهاتوویەك هەموومان گۆڕانكارییە گەورەكانی ناوچەكە و لێكەوتەكانی دەبینین.
لە ئەزموونی سیاسی سەركەوتووی وڵاتاندا، كاتێك هێزە دەسەڵاتدارەكان شكستدەهێنن لەچارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان، ئۆپۆزسیۆن بەدید و بەرنامەیەكی جیاواز دەبێتە بەدیل و هێزی گۆڕانكاری و هیوای دواڕۆژێكی باشتر بۆ هەمووان دروستدەكات .
واتە لە مێژووی كۆن و تازەی وڵاتاندا، بەبێ ئۆپۆزسیۆن هیچ ئەزموونێكی سەركەوتوومان نییە هێزێك یان دووان بتوانن بەردەوام لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و ببنە هێزێكی دەرەمێژوو، و بێكۆتایی، ئەمەش وادەكات كۆمەڵگە بەردەوام لە دۆخی دینامیكییەتی گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا بێت. لێرەدا دەسەڵات چەند بەرپرسیارە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن زیاتر بەرپرسیار نەبێت، كەمتر نییە .
یەكێك لە قەیرانە كوشندەكانی ئۆپۆزسیۆن لە دونیای ئێمەدا، كە بەرپرسیارە لە بەرهەمهێنانی بێهوایی، كورتكردنەوەی پرسی گۆڕانكارییە بۆ دروشم و یاری ئۆپۆزسیۆنی نمایشكارییە بەگوتارێكی پۆپۆلیستی - شەعبەوی .
ئۆپۆزسیۆن ئەو كاتەی بووە هێزێكی دروشمباز لەسەر حیسابی فكر و ئایدیا، بەرنامەی جیاوازی خۆی بچووككردەوە لە ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بەبێ خستنەڕووی هیچ بەدیلێكی تر، تەنانەت ئەوەندە هەژاربیت، توانای تێگەیشتنت لە مەترسییەكانی پرۆژەی نیولیبرالیزم و لێكەوتەكانی نەبێت!
لەولاشەوە، بەهێزكردن و بەشداری سیاسی چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانی كورتكردەوە لە ورووژاندنی هەستەكانیان و بەكارهێنانیان تەنها لە كاتی دەنگداندا، هەموو ئەوانە و زۆرهۆكاری تر، بوون بە ژینگەی لە دایكبوونی دۆخی بێهوایی لە ئاستی فەزای گشتی و دۆخی دەروونی تایبەتیدا .