هۆشیاری عەبدولعەزیز

سەرمایەداری لە وڵاتە دواكەوتوەكان جگە لە هەڵچنینی سەرمایەكەیان و قۆرخكردنی تەواوی سێكتەرە گرنگەكانی دراو بازاڕ و سەروەت و سامانی نیشتمانی و تێكدانی سەرخان و ژێرخانی ئابوری و فریودان و كۆیلەكردنی ڕێژەیەكی زۆری هاوڵاتی و پاشەكشە پێكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆی و كۆنترۆڵكردنی خۆراك و داودەرمان و پێداویستی گشتی ژیان، كارلەسەر خولقاندنی نائارامی و ناسەقامگیری ئابوری دەكات و هەوڵدەدات لەو ڕێگایەوە دەسەڵات وەك دەڵاڵی فەرمی بەكاربێنێ و لەتەك قازانجی كەڵكە بووی خۆیدا تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزاریە گشتیەكانی دەوڵەت لە بازنەی كەرتی تایبەتدا بخاتە ژێرچنگی خۆی  و خۆی خاوەنی گشتی بێت ، چونكە دەزانن لە وەها دۆخێكدا گەلانی دواكەوتوو بەهۆی كامڵ نەبوونی بونیادی سەرمایەداری نیشتمانی و دروستبوونی كەلەبەری زۆر گەورە لە تێگەیشتن بۆ بوارەكانی ئابوری بازاڕ و بەهێزكردنی كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی وەبەرهێنانی نیشتمانی، بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕشەی چەوساندنەوەو هەژاری و پەراوێزخستن دەبێتەوە و ناتوانێ‌ بەپێی میكانیزمێكی گونجاو قۆناغەكە تێپەڕێنێ و دەبێتە ژێردەستە و توانایی موجازەفە و نوێكاری نامێنێ 

لەزۆر حاڵەتیشدا سەرمایەداری نیشتمانی بەهۆی چاوچنۆكی و قۆرخكاری بەردەوامەوە، دەبێتە فاكتەرێكی سەرەكی بۆ داروخان و ویرانكاری بە پێچەوانەی سەرمایەداری وڵاتانی پێشكەوتوو، كە بەردەوام كار لە سەر بونیادنانەوەی دەوڵەت و پرۆسەی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی دەكەن و دەیانەوێ‌ كۆمەڵگاكانیان لە ئاستێكی بەرزدا ببینن ، لەم تێگەیشتنەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی ئەوەی لە ئەمرۆدا لە كوردستان روودەدات، پرۆسەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراوی تایبەتە و بە فیتی نەیاران و هەلپەرستانی ناوخۆ و دەرەوە بێگوێدانە بەها ئەخلاقیەكان و یاساوڕێسا سیاسی و ئابوری و كۆمەلایەتیەكان كارلە سەرتێكدان و وێرانكاری بوارەكانی گەشتیاری و كشتوكاڵ و پیشەسازی و تەنانەت بواری پیشەوەریش دەكات و دەیەوێ‌ نائارامی و پەشێوی بە ئاراستەیەكی ڕەگ داكوتاوی قوڵ ڕۆبچێتە نێوو جەستەی كۆمەڵگاوەو ببێتە هۆكاری تەواو هەڵوەشاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و كورتهێنانی بازاڕ لە دابینكردنی خۆراك، و ئاو و پێداویستییەكانی ژیانی ڕۆژانەی تاك

ئەم پرۆسەیە جگە لەوەی لە گەڵخۆیدا دنیایەك لە نابەرابەری و هەژاری و ناسەقامگیری دێنێتە دنیاوە، كاریگەری نیگەتیڤی دەبێ لە سەر ژێرخانی ئابوری و پرۆسەی سیاسی و وادەكات بەشێوەیەكی سێستماتیكی توشی شكست و قەیرانێكی هەمە لایەنە ببێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەك هۆیەكی سەرەكی و وەك گەورەترین مەترسی و سەرچاوەی سەر هەڵدانی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر توێژێك لە خاوەن پارە و داهات لە رێگای قاچاخچێتی و تۆڕی مافیایەوە سەدان جۆر لە  كەل و پەلی ستۆك و ماوەبەسەرچوو هاوردە بكەن و لە بەرانبەریشدا گەورەترین  تاڵانكاری و فەرهود و قاچاخچێتی مادە هۆشبەرەكان سەری هەڵداوە و بوەتە مەترسی لە سەر ژیانی ئاسای تاك ، لەم نێوانەشدا ئەحزابی دەسەڵاتدار لە پێناوخۆیان و حزب و بنەماڵەكانیاندا باشترین دەرفەتیان ڕەخساندوە بۆ ئەو هەموو كۆمپانیاو بەڵێندەرە حزبی و مشەخۆرەی كە وەك ئۆتۆمبیلی بێسەرەتا لە گۆڕەپانەكەدا هەڵتۆقین و بە پاڵپشتی حزب و دەسەڵات باشترین زەوی شارەكان و ناوچەگەشتیاریەكان و زەویەكشتووكاڵیەكانیان بەكەمترین نرخ پێ دەبەخشرێ  و بوونەتە گەورە فیرعەونی قۆرخكاری و وێرانكردنی وڵات 

بەهاوبەشبوونەوەی ئەم مافیایانە لە گەڵ بەرپرسە سیاسی و بازرگانە چاوچنۆك و دەڵاڵەكانی دەسەڵات، هیچ سانسۆرێك لە سەر هاوردەكردن و بازاڕ نەماوە و بەتەواوەتی دەستیان بە سەر بازرگانی و مامەڵەكردن بە نەوت و سوتەمەنیشەوە گرتووە، تەواوی كەرتی نەوتی و بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ تا دەگاتە وەبەرهێنان لە كەرتی پەیوەندیكردن و سكیۆرتی ... هتد، لە دەست حكومەت دەرهێنران و لە رێگای حزبیشەوە كرانە موڵكی چەند بنەماڵەیەك و هەر ئەوانەشن كە كار لە سەر تۆخكردنەوە و  تەشەنەكردنی گەندەڵی و لاوازبوونی سیستمی فەرمانرەوای و سوككردن و لاوازكردنی دەسەڵاتی ئیدارەدانی دەوڵەت دەكەن و لە لایەكی تریشەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باری بژێوی خەلك زۆر خراپ و دژوارتربێ و  تەنانەت توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو بارودۆخەش نەماوە كە ئامبازی دەسەڵاتە و دەیەوێ وەك هاوبەشێكی ڕوو قایم پارێزگاری لەسەرمایەو بازاڕی چەتەگەریی خۆیان بكەن و ناهێڵن بەرژەوەندیەكانی كۆمپانیا حزبیەكان كەبەشێكی گەورەی ئەو بازاڕەن بكەوێتە مەترسیەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك بوەتە بوكەڵەی دەستی ئەوان و بەدڵی خۆیان یاری بە ژیان و كەرامەتی دەكەن و بوونەتە خۆركەی هەڵوەشاندنەوەی گیرفان و وەزع و گوزەران و سفرەی تاكی كورد 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا