ئەبو كاروان
بەشی دووھەم
یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵە بابەتییانەی کە وەک خەسڵەتێکی دیار دەبێ لە کەسایەتی سەركردەدا هەبێ، ھەستکردنە بەبەرپرسیارێتی لە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەڕێوەبردندا و دەبێ ئەم بەرپرسیارێتیە لە پرۆژە و ئەجێندای کار و لێدوانەكانیدا ڕەنگدانەوەی هەبێ و بتوانێ كاریگەری لەسەر خەڵك و دەوروبەری دانێت و بڕوای تەواوی بەو ھێڵە گشتییانە هەبێ کە کاریان لەسەر دەکات ، بەو مەرجەی توخمە بنچینەییەكانی بەرپرسیارێتی و سەركردایەتی تیا فەراهەم بێت و نەکەوێتە دەرەوەی پێوەرە باوەكانی کەسایەتی کاریگەرەوە کە وەک ستەمکارێک دەبینرێ، چونکە گەر بەو ئاراستەیە هەنگاوی نا ئەوە سەركردەیەكی فاشیل و زەوتکارە و ناتوانێ سەركەوتوو بێت ، لەزانستی کۆمەڵناسیشدا نابێ ئەم جۆرە کەسایەتییانە پشت بەکورسی و دەسەڵات ببەستن و دوورکەونەوە لە تێگەیشتنە هزری و عەقڵانییەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دەوروبەر هەیە، لە مێژە لە کوردەواریشدا وتراوە كورسی سەركردە دروست ناكات بەڵكو توانا و لێھاتوویی و كاریگەری لەخەڵك و دەوروبەر و بڕوابوون بە بەرنامەو ئامانجەكانی ڕێكخراوەكەی بنەما و توانای سەركردە دەردەخات ، واتا سەركردەی ڕاستەقینە بەنازناوكەیەوە نییە بەڵكو بەكردارەكانییەوەیە ، ئەو نازناوە بۆ ماوەیەك ئەو كەسە دەردەخات بەڵام دواتر سەركەوتوو نابێت و دوادەكەوێت تا ئاستێك ھەستانەوەی مەحاڵە.
لە ھەموو قوناغەكاندا ئاماژە بەوە كراوە كە سەركردایەتی و بەڕێوەبردن دوو دیوی یەك دراون ئەمەیش ڕاستییەكی تێدایە چونكە قسەكردن لەسەر سەركردایەتی لە واقعدا قسەكردنە لەسەر بەڕێوەبردن ، بۆیە سەركردەیەك چەند بەتوانا و لێھاتووش بێت گەر نەیتوانی ڕێكخراوەكەی یان دامەزراوەكەی بەباشی بەڕێوەببات، ئەوا دەیسەلمێنی كە سەركردەیەكی سەركەوتوو نییە لەكاتێكدا جیاوازی لەنێوان سەركرایەتی و بەڕێوەبردن ئەوەیە كە سەركردە دەبێ كاریگەری لەسەر دەوروبەر و خەڵك دانێت، بەڵام بەڕێوەبردن دەبێ بە پلەی یەكەم سیستەم و كارەكان جێبەجێبكات و كارەكان ڕێكبخات و بتوانێ گوڕانكاری پۆزەتیڤ دروست بكات لە پرۆسەی بەڕێوەبردندا ، كەواتە كەسایەتی سەركردە ، ئەو کەسایەتییەیە کە كاریگەری ئەرێنی دەبەخشێت و ڕووداو دروست دەکات و هەموو هەوڵەکانی بەئاراستەی دامەزراوە و ڕێكخراوەكەی یەكلایی دەكاتەوە ، بەمەش تێدەگەین کە تەنھا ئاستی ئازایەتی و مەعریفەت بنەما نین بۆ سەركردە ، ئەو تێگەیشتنانە دروست نییە كە كەسێك بەرپرس بێت و سەرپەرشتی چەند كەسێك بكات مانای وایە سەركردەیە ، وەک (ستانلی ھافتی)دەڵێ پلە و پۆست سەركردە دروست ناكات و بەپێچەوانەوە سەكردە پلە و پۆست دروست دەكات.
بۆیە گەر بەدیقەتەوە لە خەسڵەتە گشتیەکانی سەركردەی دیار وردبینەوە دەبێت کەسایەتییەکی جەماوەری هاوسەنگ و کارامە بێت بڕوا و متمانەی تەواو لای ئەوانە دروستکات کە لەگەڵی لە پرۆسەیەکی هاوبەشدا كار دەكەن و هێندەش کاریگەربێ ڕەزامەندی دەوروبەری بەدەست بێنێت ڕێزلێگیراو بێت لە کایەی دامەزراوەکەیدا و خاوەنی پەیوەندییەکی بەھێز بێت لەگەڵ ھاوڕێكانیدا .
لەمەشدا زانیاری و ئەزموون دوو بنەمای كاریگەرن بۆ كەسی سەركردە و گەر لە ھەر یەك لەو بابەتانە بەپێی پێویست نەبوو یان كەلێنێك لە خەسڵەتەکانیدا ھەبوو دەبێ سوود لە ئەزموونی دەوروبەر وەرگرێ و ڕەنگدانەوەی هەبێ لە میکانیزمی کاری ڕۆژانەیدا و ڕاستگۆبێت لەگەل ئەوانەی كاریان لەگەڵدا دەكات و پێویستە ئەوكاتە ھانی دەوروبەری بدات كە بواری زیاتری بۆ بڕەخسێنن تا بیسەلمێنێ كە دەتوانێ ببیتە سەركردەیەكی سەركەوتوو لەكارەكانیدا ، لە فەزای گشتیشدا فۆرمی كارەكانی کەسایەتی سەرکردە باشترین بنەمایە بۆ تێگەیشتن لە بونیادی خودی سەرکردە، كرۆكی سەركەوتنی ھەر سەركردەیەكیش پەیوەستە بە بەشداری دەوروبەرەکەی لەگفتوگۆ و بریاردان وکاری هاوبەشدا .
لە كۆتایی ئەم بەشەدا دەمەوێ بڵیم گەر سەركردە لە لێدوان و دەربڕینی ھەڵویستەكانیدا كاریگەری نەبوو لەسەر جەماوەر ئەوا كەس دوای خۆی و ڕێكخراوەكەی ناكەوێ ، گەر خەڵكیش دوای نەكەوت ئەوا سەركردەیەکی ناهاوسەنگ و بێ ئەرزشە و ناتوانێ ئیدارەی کاری سەرکردایەتییەکەی بدات وەک ئەوەی لە سەركردەی كاریگەردا هەستی پێدەکرێ
(ماویەتی).