(ملازم خدر و داستانی هەندرێن)

مەغدید حاجی

هاوڕێ ملازم خدر یەکێک بوو لەو ئەفسەرە عەرەبە شیوعییانەی لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگە شیوعییەکان کرد لە باشووری کوردستاندا، کە هەموو بە یەکەوە لە گەل برا پێشمەرگە کوردەکان خەباتی چەکداری شۆڕشکێڕانەیان ئەنجامدەدا لە دژی سوپای داگیرکەر و جاشەکانی لە  چوارچێوەی لەشکری یەکگرتووی کوردستاندا،  لە پێناوی دیموکراسییەت بۆ عیراق و حوکمی زاتی بۆ کوردستان.

داستانی هەندرێن12-5-1966 بەگوێرەی زۆر سەرچاوە و توێژینەوە و لێدوان کاریگەرترین و ناودارترین و یەکلاکەرەوەترین شەڕ بووە لە ڕێڕە و  یان لە کاروانی شۆڕشی ئەیلوولدا(1961- 1975).

لەم شەڕە مێژووییەدا لە دوای تێکشکانی لیوای چواری سوپای عیراق لەسەر چیای هەندرێن ــ قەزای ڕواندز ــ حکومەتی عیراق کە عەبدولرەحمان بەزاز سەرۆک وەزیران بوو ناچار داوای شەڕ ڕاگرتن و دانوستانی کرد و وتووێژ دەستیپێکرد و بەیاننامەی 29ی حوزەیرانی1966بڵاوکرایەوە کە بە (بەیاننامەی بەزاز) ناسراوە، دانی بە بەشێک لە مافەکانی گەلی کوردستاندا نا.

ملازم خدر ئەفسەری تۆپخانە بوو ، کادیرێکی سیاسی و سەربازی حزبی شیوعی عێراق بوو، بارەگای لە بەرسرین بوو، سەر ڕێگای هامڵتۆن، جێگری بەرپرسی لێژنەی ئازادی بوو، بەرپرسی لیژنەکەش ڕەئیس کەمال نعمان بوو ــ ڕەئیس کەمال داڕێژەری پلانی ڕزگارکردنی چیای هەندرێن بوو ــ لێژنەی ئازادی بەرپرس بوو لە هێزی پێشمەرگەی حزبی شیوعی عیراق لە ناوچەکەدا لە هەردوو ڕووی حزبی و سەربازیدا . لە هەمان کاتدا ملازم خدر لە لایەن لێژنەی ئازادی کرابووە بەرپرسی پەیوەندییەکان لەگەل مەلا مستەفا بارزانی فەرماندەی گشتی شۆڕش و بارەگای بارزانی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان.

زۆر توێژەر و مێژوونووس و ڕۆژنامەنووس و یادەوەرینووس و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لەسەر شەڕی هەندرێنیان نووسیوە و باسیان کردووە، بەداخەوە بەشێکیان، کەمیش نین نەیانویستووە ڕاستی ڕووداوەکانی شەڕەکە و ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەری حزبی شیوعی لەم شەڕەدا، لەم داستانە مێژووییەدا وەکو خۆی بخەنە ڕوو . بەڵام ساڵی پار لە دووەم ڕۆژی ڕێوڕەسمی کردنەوەی مۆنۆمێنتی بارزان کە ڕێکەوتی 12-5-2023بوو کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی (پ.د.ک) لە وتارەکەیدا هەڵوەستەی لەسەر یادی داستانی هەندرێن کرد و دەقاو دەق وتی:" ..لە هەندرێنیش وەکو ئەمڕۆ سەعات چوار هجومی مقابل دەستیپێکرد، بە ڕاستی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دەورێکی زۆر زۆر گەورەیان بینی لەگەل پێشمەرگەکانی تری شۆڕش . بەڵام مێژوو و حەقیقەت چۆنە دەبێ بیڵێی دەوری پێشمەرگەکانی شیوعی زۆر گەورە بوو بە تایبەتی کەمال نعمان و ملازم خدر کە ئێستا فەریقیشە ئێمە هەر پێی دەڵێین ملازم خدر ،لیوای چوار هەر تەفرو تونابوو، ئەوەبوو مفاوەزات دەستیپێکرد و هودنەی حوزەیران پەیدا بوو".

ئەم وتانەی کاک مەسعود باشترین وەڵام بوو بۆ چەواشەکاران، بەڵام من دڵنیام ناحەزانی شیوعییەت دەستبەرداری چەواشەکاری نابن و پێیان غەدرە قارەمانێتی و ڕۆڵی پێشمەرگە شیوعییەکان لە شەڕ و داستانەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا وەکو خۆی تۆمار بکەن.

ئەو ڕۆڵە پڕ لە جوامێری و قارەمانێتییەی ملازم خدر لە شەڕی هەندرێن بینیویەتی کە بە گوللە تۆپەکانی زۆر بە وردی پێگە و بارەگا و سەربازگە و ڕەبایەکانی سوپای داگیرکەری پێکاوە، ئەمەش یەک لە هۆکارە کاریگەرەکانی سەرکەوتنی پێشمەرگە بوو لە داستانی هەندرێندا، لە پاڵ هۆکارەکانی دی لە نەخشەدانان و شەڕی قارەمانانەی فەرماندە و پێشمەرگە فیدائییەکان .. ئەمە وایکرد کە ناو و ڕۆڵی فەرماندەکانی وەکو: شەهید فاخیر مێرگەسۆری، ڕەئیس کەمال نعمان، شەهید عەریف یونس، ملازم خدر ..هتد لە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی دی، وەکو ئەفسانە سەیربکرێن و ناوبانگ دەربکەن و سەرکەوتنی هەندرێن و سەرکەوتنی پێشمەرگە و شانازی شیوعییەکان بەو ناوانە و ناوی هەموو پێشمەرگە بەشداربووەکانی ئەم داستانە بکەونە ناو لاپەڕەکانی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی هاوچەرخ لە باشووری کوردستاندا . بێگومان ئەو مێژووەی بە ئەمانەتەوە دەنووسرێتەوە.

ئەوەی بۆ ملازم خدر زیاتر جێگای شانازی و قارەمانێتی بوو، دوو سێ ڕۆژ پێش ڕزگارکردنی چیای هەندرێن بە بۆردومانی فڕۆکە لە بەرسرین بریندار بوو، هێشتا باش چاک نەببۆوە نەخۆشخانەی شۆڕشی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سەنگەرەکانی پێشەوەی شەڕ، گەڕاوەتەوە بۆ سەر تۆپەکەی، تاکو بەو پەڕی دلێری و کارامەیی لە تۆمارکردنی داستانی هەندرێندا بەشدار بێت، تۆمارکردن بە قەلەم نا بەڵکو بە گوللە تۆپە شۆڕشگێڕەکانی.

ملازم خدر بۆ شۆڕشی کوردستان و بۆ هێزی پێشمەرگە و بۆ حزبی شیوعی عیراق بۆتە یەک لە سمبلە جوانەکانی سەرکەوتن و قارەمانێتی.

یادی بەخێرو هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی.

هەزاران سڵاویش بۆ گیانی پاکی هەرسێ شەهیدی داستانی هەندرێن:(شەهید عەریف یونس، شەهید خدر عەوڵابەگ دەرگەڵەیی، شەهید ساڵح ئەلیاس ڕواندزی).

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا