رەنج نەوزاد

 

بە پێی ئەوەی تا ئێستا ڕوودەدات لە سووریا دەکرێت چەند لێکەوتە و سیناریۆیەکی لێ بکەوێتەوە:

١. لاوازبوونی هەژموونی ئێران لە سووریا و ناوچەکە بە گشتی. ئەگەر گروپە چەکدارەکان هیچ ناوچەیەکی تری سووریا نەگرن، ئەوا گرتنی حەلەب و تەواوی ئیدلب و بەردەوامی شەڕەکان لەو ناوچانە، لێدانە لە هەژموونی ئیران و سەرقاڵکردنی بە شەڕێکی نوێ. دوێنێ فڕۆکەکانی ئیسرائیل ڕێگەیان نەدا فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئێرانی لە سووریا بنیشێتەوە، ناچار دووبارە گەڕایەوە بۆ ئێران. ئەم ڕێگرتنە لە فرۆکەخانەی بەیروتیش هەیە دژ بەو فڕۆکە ئێرانیانەی کە گومان دەکرێت چەک و هاوکاری تیایە بۆ میلیشیاکانی. ئەمە نیشانەی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە پێگەی ئێران بەرەو لاوازی لە ناوچەکەدا، وەک چۆن نیشانەی گۆڕانکارییە لە پێگەی ئیسرائیل بەرەو بەهێزی.

٢. بەرەی ئێران بۆ ئەوەی ئەو ناوچانە بگرێتەوە کە لە چوار ڕۆژی ڕابوردوو لە دەستیداوە، پێویستی بە کات و وزەیەکی زۆرە. لەوانەیە شەش مانگ یان زیاتر شەڕێکی قوورسی پێویست بێت. ئەگەر دەستبەرداری ئەو ناوچانە بن بە هۆی جۆرێک ڕێککەوتن و لەیەک تێگەیشتنی نوێ، ئەوا بەرەی ئێران لاوازتر دەبێت بە لەدەستدانی ئەو ناوچە گرنگانە.

٣. ئەگەر هەیە گورزێک لە حەشدی شەعبی بدرێت، ئیتر بە هەر ڕێگایەک بێت. واتە پڕۆسەی لێدان لە هەژموونی ئێران لەوانەیە بگاتە عیراقیش.

٤. گورزی ڕاستەوخۆ لە ئێران ئەگەرێکی کراوەیە، بەڵام لەوانەیە لە ڕووی کاتەوە بکەوێتە دوای سووریا و عیراق.

٥. ئەگەری ئاگربەستێکی کاتی لە غەززە هەیە بۆ گۆڕینەوەی بارمتە و دیلەکان. حوکمی حەماس (ئێران) لە غەززە کۆتایی هاتووە، ئەگەر ئاگربەستەکە بەرەو کۆتایی هاتنی جەنگەکە بڕوات، ئەوا ئەگەر هەیە دەسەڵاتی فەڵەستینی (فەتح) بگەڕێتەوە بۆ غەززە. واتە لابردنی ئێران و شوێنگرەوەی بە بەرەی سعوودییە و ئوردن و ئیماڕات و میسر. ئەمە بە گشتی سوودی دەبێت بۆ فەڵەستینییەکان، بە تایبەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و یاسایی، بەوەی غەززە لە پرسی تیرۆرەوە دەبێتە پرسێکی یاسایی و سیاسی و، هاوکار دەبێت بۆ درووستکردنەوەی غەززە و ڕێگرتن لە کۆچکردنی بە کۆمەڵی خەڵکی شارەکە لە دوای جەنگەکە.

٦. هەل و مەترسی گەورە لەبەردەم کوردە. چونکە تورکیا وا دیارە لە بەرەی ئیسرائیل-ئەمریکایە دژ بە بەرەی ئێران، لایەنی کەم لە سووریا ئەمە ئاشکرا دیارە. واتە ئەو دەستکەوت و سوودانەی کە دەکرێت بە هۆی لاوازبوونی ئێرانەوە کورد دەستی بکەوێت، پێگەی تورکیا لە بەرەی ئیسرائیل ڕێگرییەکی گەورە درووست دەکات بۆ ئەو دەستکەوتانە. بەڵام کورد عاقڵانە و دڵسۆزانە مامەڵە بکات، هەلی بۆ دەرەخسێت. بە تایبەت پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە ئەسەد و میلیشیاکانی ئێران چۆڵی دەکەن یان تیایدا لاواز دەبن، ئەم ناوچانە دەکرێت زۆر شوێنی سووریا بگرێتەوە، تەک تەنیا لەو ناوچانەی کە نزیک هەژموونی تورکیایە.

٧. دووبارە هاتنەوەی تیرۆریستەکان بۆ سەر شانۆی ڕووداوەکان سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراوە. بەڵام وەک هەمیشە هاتنەوەیەکی کاتییە و دەوڵەتان بۆ ماوەیەک بەکاریان دەهێنن و پاشان بە فڕۆکە و بۆمب وێرانیان دەکەن.

٨. لەوە دەچێت لاوازکردنی بەرەی ئێران لە سووریا و ناچارکردنی ئەسەد بۆ دوورکەوتنەوە لە ئێران خواستی ئیسرائیل بێت، نەک کەوتنی ئەسەد. بە تایبەت ئەگەر ئەو کەوتنە ببێتە هۆکاری کۆنتڕۆڵکردنی سووریا لە لایەن تیرۆری سوننەوە لە بری تیرۆری شیعە. بەڵام ئەو جۆرە هاوکێشانە کۆنتڕۆڵکردن و ئاڕاستەکردنی قوورسە. بۆیە هەموو سیناریۆکان کراوەن لەبەردەم دۆخی سووریا و ئایندەی ڕووداوەکان.

٩. ئەگەر سووریا لە لایەن تیرۆری سوننەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت، ئەوا ئەگەر هەیە دووبارە ئەمریکا شەڕی تیرۆر ڕابگەیەنێتەوە. شەڕی تیرۆری داعش سوودی بۆ کورد، بە تایبەت لە ڕۆژئاوا زۆر بوو، دەکرێت ئەمجارەش بەو شێوەیە بێت.

١٠. هاتنەوەی داعش یەکێکە لە سیناریۆکان، ئەگەر ئەمە ڕووبدات، سووریا و عیراق دەگرێتەوە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە