سەلام عومەر
ئەگەر ئەزموونی هەڵبژاردنەكانی رابردووی هەرێم ، بەتایبەت بانگەشەو ئەنجامەكانی بەراورد بكەین بە ئێستای بانگەشەی پەرلەمانی ئەوە كێبڕكێكان و بەرنامەی لیستەكان و شەڕە پەڕۆكان هەمان ئەو بۆنەیان گرتووە كە لەساڵی 1991 ئەو پارتانە بڵاویان دەكردەوە، بڵێی تاكی دەنگدەر گەیشتبێتە ئەو ئاست و هوشیارییەی بەپێی بەرنامەكان كەهەندێكیان هەر لەدروشم دەچن دەنگ بدەن؟ یاخود وەكو جارانی دی سۆز زاڵ دەبێ بەسەردەنگدەرو بەبێ رەچاوكردنی ئایندەو گەڕانەوە بۆكۆمێنتە ترسناكەكانی رابردوو بێئاگا خۆیان لەسەر سندووقەكان دەبیننەوەو هێڵێكی راست، بەڵام لەجەوهەردا چەوت بەسەر كەسێكدا دێنن، كەدواتر جگە لەخۆی و خۆی، پارت و ئەوكەسانەش لەیاد دەكات كەمتمانەیان پێبەخشیوە. بۆئەمجارەیان هوشیاری تاك دەبێت رۆڵی خۆی هەبێ، ناكرێ تووڕەیی زاڵبێت و دەنگەكەی لەشوێنێ بكەوێ، دواتر وەكو هەموو جارەكانی دی پەنجەی پەشیمانی بگەزێ.
ئاخر ئەزموونی رابردووی حكومەت جگە لەیەكێتی و پارتی هیچ پارتێكی دی وەكو دەسەڵاتی سەرەكی و زۆرینە نابینین، بۆیە باشتر دەبێت هاووڵاتی بیر لەئەزموونەكانی دی بكاتەوەو بەراوردێك بكات و بەخۆیدا بچێتەوە، سەرنجێك لەبەرنامەی لیستەكان و كەسەكان و مێژوو بدات، ئاخۆ كام پارت و لیست دەتوانێ بەراستی دیموكراتییەت دەستەبەربكات؟ كێن ئەو ئەندام پەرلەمانانەی پێشتر ئەگەر لەناو پەرلەمان كەمینەش بووبن، بەڵام داكۆكیكاری راستەقینەی ئەزموونی هەرێم و دیموكراتییەت و یەكسانی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و مافەكانی ئافرەت بوون؟ ئاخر ناكرێ هەمیشە سۆز بەسەر ئایندەماندا زاڵبێت و بیرێك لەو كەس و لایەنە شیاوانە نەكەینەوە بۆئەو پۆستانەی لەرابردوودا زەندەقیان بردووین، ئیدی كاتیەتی بەخۆمان و پارت و لیستەكاندا بچینەوەو داهاتوو بەكەسانێك بسپێرین جێگەی متمانەبن، شیاوی ئەو شوێنە بن كەتیایدا زۆرینەی بڕیارە چارەنووسسازەكان لەوێوە دەردەچن.
با لەبیری نەكەین كەداهاتی هەرێم هی هەمووانە، كەچی تائێستا چەندانێك سودمەندن لێی، كوردستان هی هەمووانەو كەچی هەرهەموو زەوییە ستراتیژی و كشتوكاڵییەكان سیمكران، ئەگەر بەخۆمان و ئەوسۆزەی هەمانە نەچینەوە لەئاییندەدا پانتاییەكانی دیموكراسیش كەزۆر خۆی پێوە هەڵدەكێشین سیمدەكرێ، داهاتوو دەكەوێتە دەست ئەوانەی لەخۆیان و دەوریان بترازێ كەسیدی نابینن، بۆیە مەترسی راستەقینەی ئایندە دەكەوێتە سەر دەنگدەرو ئەوانەش ئێمەین، واتە خۆمانین بڕیار لەسەر داهاتوو دەدەین، دەنگنەدان و ناهوشیاری لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیابن لەناو گەندەڵیدا نقوممان دەكات و ئیدی وەكو رابردوو دەبێت لەدووچوان بچین. بۆیە كاتیەتی دروشمی راستەقینەی دیموكراسی لەناو ئەو لیستەدا بدۆزینەوە كەمێژوویەكی پڕشنگداری لەرابردوودا تۆماركردووە، لێوان لێوە لەكرانەوە چەندی دڵت دەخوازێ دەتوانی رەخنەی تێدا بگری، ئەوەندەی دەتەوێ كرانەوەی تێدایەو جێگەی هەموان بەهەموو دین و ئایدیولۆژیاكان دەبێتەوە، میژوویەكە پڕپڕە لە عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانی پیاو و ئافرەت و ئازادبوون و( نان و كار و ئازادی).