خەسرەو عەبدولکەریم
ئامادەکردنی: مەغدید حاجی
٭ لە بارەی مامۆستا خەسرەوەوە دەڵێن:
ــ مامۆستا یەکێکە لەو مامۆستا بەرزو بەڕێزانەی مەحالە لە یاد بکرێت.
محەمەد موشیر، ڕۆژنامەنووس
ــ مامۆستا خەسرەو یەکێک بوو لە مامۆستا هەرە خۆشەویست و دڵسۆزەکانی بواری پەروەردەیی، لە قۆناغی ناوەندی وانەی جەبروهەندەسەی پێدەگوتین،سەرباری مامۆستایەتی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو.
فەرەیدوون سامان، نووسەرو ڕۆژنامەنووس
ــ لە ناوەڕاستی هەشتاکان سێ ساڵ لە ئامادەیی هەولێری کوڕان مامۆستام بوو، زۆر لێهاتوو و زیرەک بوو.
مامۆستا سەلام عەلی
ئێمەیش دەڵێین، لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو تاکوو دوو هەزارەکان، مامۆستا خەسرەومان لە لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ناسی، تا بڵێی مرۆڤێکی بەڕێز،مامۆستایەکی قەدرگران، بەتواناو کوردپەروەرە. نوێنەری یەکێتی بوو لە یەکێتی مامۆستایان، بەڵام دوور لە حیزبایەتی بە ئەرکی پیشەیی سەرشانی هەڵدەستاو لە خزمەتی هەموو مامۆستایان دابوو. کادیرێکی سەرکەوتوو خۆشەویست بوو لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لقی هەولێر، نموونەی کەم بوو. هەموولا خۆشیان دەویست و ڕێزیان دەگرت و ئەویش ڕێزی لە هەموان دەگرت. هەربۆیە لەم ساڵانەی دوایی هەموو لا نیگەرانبوون بەهۆی ئەو نەخۆشییە سەختەی تووشی بووە، هەموو هیوای چاکبوونەوەی بۆ دەخوازن.
٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا خەسرەو:
ــ ناوی تەواوی: خەسرەو عەبدولکەریم عەبدوڵلا.
ــ لە ساڵی 1947 لە گوندی دووگردکانی دەشتی هەولێر لە دایک بووە.
ــ خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی دووگردکانی سەرەتایی تەواوکردووە.
ــ خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەی دواناوەندی هەولێر تەواوکردووە.
ــ لە ماوەی نێوان (1963-1967) بەشی بیرکاری لە کۆلێجی پەروەرووەی زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.
ــ یەکەم دامەزراندنی بە مامۆستا لە دواناوەندی شەقڵاوە بوو، لە ساڵی خوێندنی 1967-1968.
ــ لە ساڵی 1969 بۆ ناوەندی ئیسکان گوازراوەتەوە لە ناو شاری هەولێر.
ــ لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، وەکو مامۆستای بیرکاری لە عنکاواو ناوشاری هەولێر خزمەتی کردووە.یەک لە مامۆستا سەرکەوتوو وناودارەکانی هەولێر بوو.
ــ لە ساڵی1993 بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی بیرکاری دامەزراوە.
ــ لە ساڵی 2012 خانەنشین کراوە.
٭ کورتەیەک لە خەباتی سیاسی و پیشەیی مامۆستا خەسرەو:
ــ مامۆستا خەسرۆ دەڵێ لە ساڵی1963 چوومەتە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان. دوایی لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان خەباتی کردووە.
ــ لە نیوەی دووەمی حەفتاکان و لە هەشتاکاندا پەیوەندی لەگەل کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەبووە.
ــ لە ساڵی1994 بەرپرسی کۆمیتەی مامۆستایانی (ی.ن.ک)بوو لە شاری هەولێر.
ــ لە نۆیەم کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1992 گرێدرا، بەشداربوو. دوایی بوو بە ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان . ماوەی چەندین ساڵ لە لقی هەولێر لە خزمەتی مامۆستایاندا بوو. جێگای ڕێزو خۆشەویستی و ڕەزامەندی هەموو لایەک بوو.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
ــ مامۆستا خەسرەو لە ساڵی 1971 ژیانی خێزانی لەگەل خاتوو نەجیبە سەعید پێکهێاوە. سێ کچ و کوڕێکیان بووە(تەمەن درێژ بن):
1- تارا 1974،پەیمانگای مامۆستایانی تەواوکردووە.
2- دانا 1976، پەیمانگای تەکنیکی تەواوکردووە.
3- لانە 1977، پەیمانگای مامۆستایانی تەواوکردووە.
4- شارا 1982، ئەندازیارە.
ــ هیوای چاکبوونەوەو تەمەندرێژی بۆ مامۆستا خەسرەو دەخوازین.
ــ هیوای تەمەن درێژی بۆ خاتوو نەجیبەی خێزانی و کوڕو کچە بەڕێزەکانیان دەخوازین.
تێبینی: زانیاریەکانم لە مامۆستا خەسرەوو کاکە دانای کوڕی وەرگرتوون ، سوپاسیان دەکەم.هەروەها پشتم بە ناسین و زانیارییەکانی خۆشم بەستووە.