لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 سەرهەنگ ئەنوەر سلێمان

 ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 بەشی یەکەم

 

 ٭ لە جیاتی پێشەکی:

 ماوەی 30 ساڵ زیاترە مامۆستا سەرهەنگ لە نزیکەوە دەناسم، دەیناسم وەکو مامۆستا و پەروەردەکارێکی دڵسۆز، وەکو تێکۆشەرێکی پیشەیی و سیاسی ڕاستگۆ، وەکو کۆمۆنیستێکی ماندوونەناس، وەکو کەسێکی کۆمەڵایەتی ، وەکو سەرۆک خێزانێکی دڵسۆز و ماندوو بەپەرۆش بۆ تاک بەتاکی ئەندامانی خێزانەکەی. دەیناسم وەکو گوڵی مەجلیسان و قسەخۆش و هەمیشە دەم بەپێکەنین. لە هەموو بوارەکاندا ئەوەندەی دەرفەتی هەبووبێ، توانای هەبووبێ، ئەسپی خۆی تاوداوە و دوانەکەوتووە و هەمیشە و تاکو ئێستا ماندوونەناسانە لە مەیدانە و هیوای هەمیشە سەرکەوتن و تەمەندرێژی بۆ دەخوازین.

 مامۆستا سەرهەنگ بەڕێز و خۆشەویستە لای هاوڕێکانی، لای کەس و کاری، لای مامۆستایانی قوتابخانەکەی، لای هاوڕێیانی لە ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان، لای هەڤاڵانی لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.. بێگومان بەدەستهێنانی ئەو ڕێز و خۆشەویستییەی هەموولا، لە ئەنجامی ئاکاری جوان و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی بووە.. بەهەموو پێوەرەکان شایانی ئەوەیە وەکو یەکێک لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان زیاتر بیناسێنین.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا سەرهەنگ و بنامەڵە بەڕێزەکەیان:

 ــ ناوی تەواوی: سەرهەنگ ئەنوەر سلێمان ساڵح. کوڕی مامۆستای تێکۆشەری هەمیشە لەیاد ئەنوەر سلێمانە(1924-1998) ، دایکیشی ژنێکی تێکۆشەر بوو بەناوی قەدریە عەبدولعەزیز عومەر (1935-1989)  لە دایکبووی قەڵای هەولێر بوو.

 ــ مامۆستا سەرهەنگ لە ڕۆژی 18-12-1962 لە گەڕەکی ئازادی شاری هەولێر وەکو چوارەم منداڵی دایک و باوکی چاوی بۆ دنیا هەڵێناوە.

 ٭ خوشک و برا بەڕێزەکانی مامۆستا سەرهەنگ:

1- سەردار (هاوڕێ سروود) 1956، ڕواندز.

2- سەیران،1957، ڕواندز

3- سالار،1959، ڕواندز؛ کاکە سالار ئەندازیار بوو، بەداخەوە لە ڕۆژی29-3-1993 بەهۆی کارەساتی ڕووداوی ئۆتۆمبێل جوانەمەرگ بوو.

4- سەرهەنگ،1962، هەولێر

5- ساماڵ،1963، هەولێر

 6- سەربەست، 1964، هەولێر

7- سەوسەن،1966، کوت

8- سروود،1974، هەولێر

 باوکی مامۆستا سەرهەنگ (م. ئەنوەر سلێمان) لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو مامۆستا و بەڕێوەبەری دواناوەندی ڕواندز بووە، ماڵیشی بردۆتە ڕواندز سێ منداڵیان لە ڕواندز لە دایکبووینە. لە دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 بەهۆی سیاسی مامۆستا ئەنوەر بۆ کوت و بەغدا دوورخراوەتەوە ، سەوسەن خان لە کوت خوارووی عیراق لەدایکبووە.

هیوای تەمەندرێژی بۆ هەموو خوشک و برا بەڕێزەکانی مامۆستا سەرهەنگ دەخوازین.. یادی کاکە سالاریش بەخێر و هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی و بۆ گیانی پاکی باوک و دایکی مامۆستا سەرهەنگ.

 ٭ ژیانی م. سەرهەنگ لەگەل خوێندندا:

 ــ  لە ساڵی خوێندنی (1967-1968) لە قوتابخانەی خالد بن وەلید لە گەڕەکی ڕاغبەخاتوونی بەغدا خراوەتە بەر خوێندن.

 ــ لە ساڵی 1968 ماڵیان گەڕاوەتەوە بۆ شاری هەولێر و لە قوتابخانەی هەڵگوردی سەرەتایی درێژەی بە خوێندن داوە و لە ساڵی خوێندنی (1973-1974) قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1974-1975) لە قوتابخانەی ناوەندی جۆلان لە شاری هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی خوێندنی (1977-1978) تەواوی کردووە و لە ئامادەیی (النضال) وەرگیراوە و لە ساڵی1982 تەواوی کردووە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1982-1983) لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان لە هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی (1983-1984) تەواوی کردووە.

 ــ لە ماوەی نێوان 1984 و 1990 سەربازی ئیلزامی بووە لە سوپای عیراق.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە