لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان
محێدین هەورامی؛پەروەردەکارو چالاکوان و نووسەر(1933-2001)
ئامادەکرنی:مەغدید حاجی
بەشی دووەم و کۆتایی:
سەرنج و داوای لێبوردن:
(لە ژمارە1335 ی ڕێگای کوردستاندا کە ڕۆژی5-9-2023 دەرچووە،بەشی یەکەمی ژیاننامەی مامۆستا محێدین هەورامی بڵاوکرایەوە، بەداخەوە بە هەڵە وێنەی مامۆستای شەهید حەسیب محەمەد ئەمین لە جیاتی وێنەی مامۆستا محێدین لەگەل ژیاننامەکەدا دانراوە. بۆیە داوای لێبووردن لە هەموو لایەک دەکەین).
٭ دوای ئەوەی مامۆستا محێدین هەورامی لە ساڵی 1970 خوێندنی زانکۆ، بەشی دەروونناسی لە زانکۆی موستەنسڕیەی بەغدا تەواودەکات، دەگوازرێتەوە بۆ پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و وەکو مامۆستا لە دواناوەندی تەوێڵە لە شارۆچکەی تەوێڵە دەست بەکاردەبێت. لە ساڵی1971 تاکو1981 لە تەوێڵە دەمێنێتەوە. لەم ماوەیەدا ماوەی چوار ساڵیش یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە بووە.
ــ لە ساڵی1974 وەکو مامۆستای شۆڕش وانەی دەوتەوە.. لە دوای ڕاگوێزانی گوندەکانیش ئەمیش گوێزراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی، لە ماوەی 1980 تاکو 1988 لە خانەی مامۆستایانی سلێمانی بە ئەرکی پەروەردەو فێرکردن هەڵساوە.
ــ لە ساڵی 1988 بەهۆی ئەوەی ئیمزای بۆ حیزبی بەعسی فاشست نەکردووە بە زۆر خانەنشین کراوە.
ــ لە دوای ڕاپەڕینی شکۆداری خەڵکی کوردستان لە بەهاری1991، مامۆستا لە ساڵی1992 جارێکی تر گەڕاوەتەوە بۆ ناو پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن و وەکو مامۆستا لە پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایان لە شاری سلێمانی دەستبەکار بووەو بەردەوام بووە لەسەر پیشەی پیرۆزی مامۆستا لە پەیمانگادا تاکوو کۆچی دوایی.
٭ چەند دێرێک لە خەباتی سیاسی و مەدەنی:
ــ هەر لە تەمەنی زووی لاوییەوە کە قوتابی بووە لە قۆناغی ناوەندی پەیوەندی بەڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابییانەوە کردووە.. لە بیروباوەڕی شیوعییەت نزیک بۆتەوە.. چۆتە ناو کۆڕی تێکۆشانی پیشەیی و نیشتمانی و حیزبایەتی، وەکو ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی شیوعی عیراق..چەند جارێک بەهۆی بیروباوەڕو چالاکی سیاسی و جەماوەری زیندانی کراوە، ڕاگوێزراوە، دوورخراوەتەوە،خانەنشین کراوە..
ــ لە ساڵی1992 تاکو کۆچی دوایی وەکو ئەندامێکی دڵسۆزو چالاکی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان ، چ لە چوارچیوەی لێژنەی پارێزگای سلێمانی یان وەکو ئەندامی لێژنەی باڵا، لە گەل هاوڕێیانیدا لە خەباتێکی گەرم و گوڕدابوو لە پێناوی داکۆکی کردن لە مافە پیشەییەکانی مامۆستایان و چالاکی کۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری..
٭ ڕۆڵی مامۆستامحێدین لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا:
ــ ئەندامی کۆمەڵەی ڕۆژ بووە، بۆ خزمەتکردنی کەم ئەندامان.
ــ ئەندامی کۆمەڵەی (کوردستانێکی سەوز)بوو، بۆ ژینگە پارێزی.
ــ ئەندامی کۆمەڵەی پاراسایکۆلۆجی کوردستان بوو.
ــ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی سندووقی خێرخوازی هەورامان.
٭ هەروەها مامۆستا محێدین وەکو نووسەرو ڕۆژنامەنووسیش چەندین وتارو نووسینی هەمەجۆری لە ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردییەکان بڵاوکردۆتەوە.
ئەم بەرهەمانەی خوارەوەی نووسیوە بەڵام بەداخەوە چاپ نەکراون:
1- چەمکێک لە مێژووی شۆڕشگێڕی تەوێڵە.
2- کەشکۆڵی ئەنجومەنی گیانداران.
3- زەردەشت کێیە؟
4- میرزا عەبدولقادری تەوێڵەیی.
5- هەجیجییەکان.
6- فەرهەنگی ئەلف تا بێ، وەرگێڕانی سەرەتاکانی سایکۆلۆژی گشتییە، لە عەرەبییەوە کردوویە بە کوردی.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
ــ مامۆستا محێدین هەورامی لە ساڵی1960 هاوسەرگیری لەگەل خاتوو زەکیە محەمەد سەعید کردووە. حەوت کوڕو کچیان بووە.
1- تانیای کچی لە کیمیا بارانی هەڵەبجە شەهید بووە. هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی.
2- زانا، دەرچووی پەیمانگای پزیشکی بەغدایە، سەرپەرشتیاری تاقیگەیە..تەمەن درێژ بێت.
3- توانا، دەرچووی کۆلێجی کارگێڕی و ئابووری بەغدایە، لە هۆڵەندا دەژیت و کاری خێرخوازی ئەنجام دەدات.. تەمەن درێژبێت.
4- کاوێنا، کۆلێجی پزیشکی گشتی لە موسڵ تەواوکردووە، پزیشکی پسپۆڕی چاوە.. تەمەن درێژ بێت.
5- دڵنیا، ئامادەیی تەواوکردووە، لە ئەڵمانیا دەژیت، تەمەن درێژ بێت.
6- میدیا، پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی تەواوکردووە، مامۆستایە لە سلێمانی.. تەمەن درێژ بێت.
7- دالیا، پەیمانگای پزیشکی بەشی تەخدیری تەواوکردووە.. لە ئەڵمانیا دەژیت.. تەمەن درێژ بێت.
٭ مامۆستا محێدین هەورامی لە ڕێکەوتی5-11-2001 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردو لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە خاک سپێردرا.. هەزاران دروود بۆ گیانی پاکی و یادی بەخێر.
٭ سەرچاوەکان:
1- دەستنووسێکی مامۆستا خەلیل ئیبراهیم نەورۆز دەربارەی ژیاننامەی مامۆستا محێدین هەورامی.
2- پەیجی ئەلبومی تەوێڵە.
3- مامۆستا میدیا ،کچی مامۆستا محێدین هەورامی.