
مەغدید حاجی
کورتەیەک لە ژیانی
ناوی تەواوی: لقمان تەها قادر . لەقەبی(سۆرانی) بۆخۆی داناوە.
ناوی دایکی: زولەیخا عەبدولڕەحمان کاک حەمەد.
مام تەهای باوکی مامۆستا مرۆڤێکی هۆشیارو بەڕێز بوو، دۆستی حزبی شیوعی بوو، من لە هەردوو ساڵی1972 و 1973 کە لە قوتابخانەی دەرگەڵە مامۆستا بووم لەگەڵ ڕەوانشاد مام تەهای ببووینە برادەر، گوێم لە قسە خۆشەکانی دەگرت،سەردانی دەکردم،منیش سەردانم دەکرد، وەکو جوامێرەکانی دی دەرگەڵە، هەندێ جار بۆ نانخواردنیش داوەتی دەکردم. مام تەها جوتیارێکی کاسب و چالاک بوو، خاوەن ڕەزو باخ بوو، بەتایبەتی ڕەزی ترێی مام تەهای لە دەرگەڵەی بەناوبانگ بوو.یادی بەخێر.
م. لقمان لە 1-7-1949 لە گوندی دەرگەڵەی قەزای ڕواندز لەدایک بووە.
لە ساڵی خوێندنی(1959-1960) پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی دەرگەڵەی سەرەتایی تەواوکردووە. قۆناغی ناوەندیشی لە ساڵی 1963 لە دواناوەندی ڕواندز تەواوکردووە.
لە ساڵی خوێندنی(1965-1966)قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی هەولێری کوڕان تەواوکردووە. لە ساڵی 1968 پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی لە شاری موسڵ تەواوکردووە.
٭ خەباتی مامۆستا لە بواری پەروەردەو فێرکردندا:
م.لقمان لە ڕێکەوتی 10-3-1969 لە لایەن بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی هەولێر، فەرمانی دامەزراندنی بە مامۆستای سەرەتایی بۆ دەرکراوە.
لەڕۆژی 11-3-1969 بۆ یەکەمجار لە قوتابخانەی دیانای سەرەتایی سەر بە قەزای ڕواندز دەست بەکاربووە.
لە ساڵی 1971 لەو کاتەی لە قوتابخانەی دیانا مامۆستا بوو، کراوە بە سەربازی ئیجباری و ماوەی (12) مانگ عەسکەری کردووە، کە ماوەی سەربازی تەواوکردووە، لە پەروەردەی هەولێر بۆ پەروەردەی پارێزگای کەرکوک گوازراوەتەوە.لە کەرکوکیش لە قوتابخانەی تەپەسەوزەی سەرەتایی سەر بە شارۆچکەی لەیلان دانراوە و وەک یەکەم مامۆستا قوتابخانەی لەم گوندە کردۆتەوە. ئەوکات هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆک هەر یەکەو (10) مامۆستایان بۆ پەروەردەی کەرکوک ناردووە بۆ کردنەوەی قوتابخانەی کوردی لە گوندە کوردییەکان. مامۆستا لوقمان بەر ئەو کوردایەتییە کەوتووە.
دوای ساڵێک مامۆستا لقمان بە گۆڕینەوە بۆ قوتابخانەی گەڵاڵەی سەرەتایی کوڕان لە پارێزگای هەولێر گوازراوەتەوە. لە ساڵی 1973 بۆ قوتابخانەی ڕەژووکەریان سەر بە قەزای ڕواندز نەقلکراوەو دوای ساڵێک بۆ قوتابخانەی دەرگەڵەی سەرەتایی (گوندی خۆیان) گوازراوەتەوە. دیارە قۆناغ بە قۆناغ خۆی لە دەرگەڵە نزیک کردۆتەوە!
لە 1974 تاکو ساڵی 1976 لە دەرگەڵە مامۆستا بوو.
مامۆستا لقمان لە سەرەتای 1977 لەسەر بڕیاری دائرەی ئەمنی ڕواندز بۆ قوتابخانەی مێرگەسۆر دوورخراوەتەوە. کە مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ دەچوونە ناوگوندی دەرگەڵە و دیداریان لەگەڵ هەندێ خەڵکی ناو گوند ئەنجام داوە، دیارە دائرەی ئەمنی ڕواندز درکی بە ڕۆڵی کوردپەروەرانەی مامۆستا لقمان کردووە بۆیە لە دەرگەڵە دووریان خستۆتەوە.
لە قوتابخانەی مێرگەسۆریش لەگەڵ مامۆستایان: (شەهید جەمیل ڕەنجبەرو شەهید مامۆستا غاندی و مامۆستا فەرەیدون مەملوک)بە یەکەوە بوون .
مامۆستا لقمان لە ساڵی 1978 لە مێرگەسۆر بۆ قوتابخانەی دڵدار لەناو شاری ڕواندز گوازراوەتەوە.ماوەیەکیش لە دواناوەندی ڕواندز وانەی دەگوتەوە، هەر لە ڕواندز بۆ قوتابخانەی بێخاڵ گوازراوەتەوەو وانەی ئینگلیزی دەگوتەوە ، تاکو ساڵی 1981 لە قوتابخانەی بێخاڵ ماوەتەوە، دوایی بۆ قوتابخانەی دیانای کوڕان خوێندنی عەرەبی گوازراوەتەوە بۆ وتنەوەی زمانی ئینگلیزی. تاکو ساڵی 1983 لە دیانا ماوەتەوە، ئینجا بۆ قوتابخانەی خالیدی کوڕی وەلیدی ئیسلامی لە شاری هەولێر گوازراوەتەوەو وانەی زمانی ئینگلیزی گوتۆتەوە. هەر لەم قوتابخانەیە ماوەتەوە تاکو ڕێکەوتی 31-8-1996 خانەنشینکراوە.
مامۆستا لقمان دەفەرموێ: " ماوەی (28) ساڵ زۆر بە ئەمانەتەوە وەکو مامۆستا بە ئەرکی پەروەردەو فێرکردن هەڵساوم. (16) ساڵ ئەلف و بێ و ماتماتیکم لە پۆلی یەکەمی سەرەتای گوتۆتەوە. (12) ساڵیش مامۆستای زمانی ئینگلیزی بووم. لە ساڵی 1972 بەشداریم لە خولێکی ماتماتیک کردووە لە گەڵاڵە، لە ساڵی 1978 بەشداریم لە خولێکی زمانی ئینگلیزی کردووە لە بەغدا. لە ساڵی1971 لە قوتابخانەی تەپەسەوزەی کەرکوک بەڕێوەبەرو مامۆستابووم. لە ساڵانی1974 - 1976 لە قوتابخانەی دەرگەڵە بەڕێوەبەر بووم.
٭ هەڵوێستی نیشتمانی و ڕۆڵی ڕۆشنبیری:
مامۆستا لقمان بە درێژایی سەردەمی خوێندکاری و مامۆستایی و تاکو ئێستا لە سەنگەری گەلەکەی وەستاوە، خاوەن بیروباوەڕی نیشتمانی کوردستانی پێشکەوتنخوازانەیە،هەمیشە، وەک تاکێکی کوردی چەوساوەو مرۆڤ دۆست بیری کردۆتەوەو هەڵس و کەوتی کردووە. لە سەردەمی بەعس سەرەڕای هەموو ئەو پاڵەپەستۆیانەی دەخرایە سەر مامۆستایان تاکو بە زۆرەملێ بیانکەن بە بەعسی،ئەو خۆڕاگر بوو نەبووە بەعسی و تەنانەت خۆی فێری خەیاتی کردو دوکانێکی دروومانی لە ڕواندزێ دانا،دواتر لە هەولێرێ، وەک کاری پشتیوانی لەکاتی لەدەستدانی وەزیفەکەی بتوانی ژیانی خێزانی دابین بکات.
تاکو ئێستا مامۆستا لوقمان کە لەنێوان ئەڵمانیاو کوردستان ساڵانی خانەنشینی بەڕێدەکات، خاوەن هەڵوێستی نیشتمانی و میللەت پەروەرییە، دژی گەندەڵی و نادادییە و لە بەرانبەر مافی خەڵک بێدەنگ نابێ و قسەی خۆی دەکات و هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت.
٭ مامۆستا وەکو کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر:
مامۆستا لوقمان هەر لە تەمەنی زووی گەنجییەوە ئارەزووی ئەدەبیات و هونەری هەبوو، خوێنەرێکی باش بوو،هەرکە قوتابی بوو لە ماڵەوەیان لە گوندی دەرگەڵە کتێبخانەیەکی خنجیلانەو گەورەی هەبوو، لە ساڵی 1977 کە وەکو مامۆستا گوازراوەتەوە بۆ شاری ڕواندزێ، بۆتە ئەندامی کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی و لە ساڵی 1978 (هەروەکو خوی بۆی نووسیوم) بە سەرۆکی کۆمەڵە لە ڕواندز هەڵبژێردراوە تاکو ساڵی 1983 لە ڕێگای ئەم کۆمەڵەیە چالاکی ڕۆشنبیری نواندووە.لە ساڵی 1983 کە گوازراوەتەوە بۆ شاری هەولێر پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی لە ڕواندزێ نەماوە.
لەو ماوەیەی کە سەرۆکی بەشی کۆمەڵە بووە لە ڕواندزێ لە چەندین کۆڕی شیعرو چیڕۆک خوێندنەوە بەشدار بووە وەک سەرپەرشتیاری کۆڕەکان ..هەروەها لە کاری ئامادەکردنی شانۆگەری و پیشانگاو تۆمارکردنی گۆرانی تیپی مۆسیقای پاشای گەوره هاوکاری مامۆستای گەورە هونەرمەندی هەمیشە زیندوو مامۆستا زرار محەمەد مستەفای کردووە کە بەڕێوەبەری هونەری بوو لەناو کۆمەڵی هونەرو وێژەی کوردی و بە هاوبەشی کاریان کردووە.
٭ هەندێ لە بەرهەمەکانی مامۆستا لوقمان:
1-وەرگێڕانی شانۆگەری(الرجل الذي رفضه الموت) بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە. نووسەرێکی عێراقی نووسیویەتی. مامۆستا زرار کاری دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوەو لە هەردوو شاری سۆران و پیرمام نمایشکراوە.
2- کۆمەڵێک کورتە چیڕۆک، بڵاونەکراونەتەوە.
3- کتێبێک لەسەر ژیان و بەسەرهاتی زانای کورد (ابن ادم) هێشتا چاپنەکراوە.
زۆر پۆست و وتاری ڕۆشنبیری لە ڕێگای سۆشیال میدیا بڵاوکردۆتەوە.
٭ باری کۆمەڵایەتی:
مامۆستا لقمان لە ڕێکەوتی 1-6-1976 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو پیرۆز مەجید بەگ فەتاح بەگ ئەنجامداوە، بەرهەمی هاوسەرگیرییان:
1- کاک هەنگاو،لە دایکبووی1977 ڕواندز،لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت.
2- کاک شاڵاو،1978 ڕواندز، لە ئەڵمانیا دەژیت.
3- نیگار خان، بەڕێوەبەری قوتابخانەیە لە کەنەدا دەژیت.
4- هەرەوز خان،1984 هەولێر، بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە زمانی ئینگلیزی، مامۆستای زانکۆیە لە زانکۆی سەلاحەدین هەولێر.
5- هەریار خان،1987لە هەولێر خوێندنی دەرمانسازی تەواوکردووە، لە ئەڵمانیا لە کارگەیەکی دروستکردنی دەرمان کار دەکات.
لە کۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی و هەمیشە سەرکەوتن بۆ مامۆستا لقمان و پیرۆز خانی هاوسەری و هەر پێنج کوڕو کچە بەڕێزو سەرکەوتووەکەی دەخوازین.
٭سەرچاوە: مامۆستا لقمان وەڵامی پرسیارەکانی داومەتەوەو منیش بابەتەکەم ئامادەکردووە، خۆشم هەر لە ساڵانی حەفتاکانەوە ئەم مامۆستا بەڕێزە دەناسم.’