ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 وتەی بەرایی:

  بەر  لەوەی باسی  مامۆستا عزەدین بکەین، بە پێویستی دەزانین بە کورتیش بێت باسی (مام عەبدوڵلا یونس 1911-1993) ی باوکی بکەین.

 مام عەبدوڵلا ئەندامێکی دڵسۆزی حزبی شیوعی عێراق بووە،لە بازاڕی قەیسەری هەولێر دوکانی پینەدۆزی هەبوو،ئەم دوکانە بۆتە بارەگایەکی نهێنی حزبی شیوعی عێراق لە هەولێر،لە شارەکانی دی کە پۆستە بۆ حزب هاتووە لەم دوکانە تەسلیم بە مام عەبدوڵلا کراوە،هاوڕێیانیش چووینە بەریدەکەیان لە مام عەبدوڵلا وەرگرتووەو نامەو وەڵامیشیان لەوێ داناوە تاکو کەسی باوەڕپێکراو چووەو وەریگرتوون و بردوونی بۆ شوێنی مەبەست.

 لە ساڵی 1979 کە مامۆستا عزەدین شارو وەزیفەی جێهێشتووەو ڕێگای شاخی گرتۆتەبەر و بۆتە پێشمەرگەی حزبی شیوعی، دائرەی ئەمنی هەولێر بە هاوکاری موختاری گەڕەکەکەیان بەردەوام فشاریان بۆسەر مام عەبدوڵلا دروستکردووەو بەسەر ماڵیان داداون و هەڕەشەیان لێکردوون تاکو بچێت کوڕەکەی بێنێتەوە. دواجار مام عەبدوڵلا ڕێگای ناوچەی باڵەکایەتی گرتۆتەبەر. مامۆستا عزەدین دەڵێ:" باوکم هاتە لام، لە گوندی ڕۆستێ بووم، ئەویش نەگەڕایەوە، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە لامان مایەوە، دواجار بە ناچاری گەڕایەوە" .

 ئەوە لە هەشتاکان، لەژێر سایەی ڕژێمی بەعس، بارودۆخ و ژیانی زۆرینەی ئەوانەی منداڵیان پێشمەرگەبوو بەمجۆرەبوو. 

 

٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا عزەدین:

  ناوی تەواوی: عزەدین عەبدوڵلا یونس.

 ناوی دایکی: عەیشێ حەمەد شافعی

 مامۆستا لە ساڵی 1957 لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە ساڵی خوێندنی(1969-1970) خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی هەڵگوردی سەرەتایی کوڕان لە شاری هەولێر تەواوکردووە.

 قۆناغی ناوەندیشی لە ساڵی(1973-1974) لە ناوەندی سەلاحەدینی کوڕان تەواوکردووە.

 لە ساڵی خوێندنی(1976-1977) خانەی مامۆستایانی هەولێری تەواوکردووە.

 بۆیەکەمجار لە ساڵی 1977 بە مامۆستا لە قوتابخانەی ڕەشوان دامەزراوەو تاکو ساڵی 1979 لەم قوتابخانە ماوەتەوە. 

 لە ساڵی 1979 بۆتە پێشمەرگە، لە ساڵی1991 دوای ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە بۆ سەر پیشەی مامۆستایی و لە قوتابخانەی دڵدار لە سۆران دانراوەو تاکو 1992 لە سۆران ماوەتەوە  دوایی گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی هەڵکەوت لە شاری هەولێر، تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2020 لەم قوتابخانە ماوەتەوە.

  خزمەتی مامۆستا عزەدین لە بواری پەروەردەو پێشمەرگایەتیدا (44) ساڵ بووە. 

 ٭ ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی مامۆستا عزەدین:

 مامۆستا عزەدین لە باوەشی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەرو کۆمەنیست پەروەردەکراوە. قوتابی قۆناغی ناوەندی بوو پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیان پەیداکردووە. لە ساڵی 1974 شەڕەفی ئەندامێتی  لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق وەرگرتووە.

 لە ڕێکەوتی 2-6-1979 بەهۆی شاڵاوی بەعس بۆسەر ڕێکخستن و ئەندام و کادیرەکانی حزبی شیوعی مامۆستا عزەدین دەستبەرداری پیشەی مامۆستایی و شار بووەو چۆتە ڕیزەکانی پێشمەرگەی حزبی شیوعی لە شاخ، ناوی لە پێشمەرگایەتیش (هێرش)بوو.

 مامۆستا عزەدین بە کورتی باسی ژیانی پێشمەرگایەتی خۆی بۆ نووسیوم و دەڵێ: "  یەکەم وێستگەی پێشمەرگایەتیم تووژەڵەو ناوزەنگ بوو،پاش ماوەیەک بنکەیەک لە گۆستە سێگۆشە کرایەوە،لەگەڵ مام خدرو خدر حوسێن و شەهید ڕۆستەم بۆ ئەوێ چووین.پاشان لە ساڵی 1980 بە مەفرەزەیەک دابەزین بۆ خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر ،لەوێ لە چەند چالاکییەک بەشداربووم، لەوانەچوونە ناو شەقڵاوە لەگەڵ شەهید سەربەست لە بینای قائمقامیەتماندا. هەر لە شەقڵاوە لە لێدانی ڕەبیەی  بانەنۆک بەشداربووم.

 دواجار گەڕامەوە بنکەی ڕۆست لە باڵەکایەتی. چەند جار چووین بۆ هێنانی چەک لە بادینان. لە شەڕی پشتئاشان بەشدار بووم. لە ساڵی 1984 بۆ کاری حزبی ناردرام بۆ ئێران، لەوێ  لە بنکەیەکی نهێنی حزبی مامەوە تاکو ساڵی 1987، لە ساڵی 1988 لە ئێران گیرام، بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندانێکێ کرمنشاه مامەوە،لە ساڵی 1989 بەربووم و گەڕامەوە بۆ عێراق". 

 

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

  مامۆستا عزەدین لە ساڵی ... هاوسەرگیری لەگەڵ خاتو ڕەمزیە عەبدولعەزیز محەمەد کردووە، بەرهەمی هاوسەرگیرییان:

1- بێوار،کۆلێژی یاسای تەواوکردووە.

2- شاکار،کۆلێژی زانستی تەواوکردووە.

3- کەنار، هونەرەجوانەکانی تەواوکردووە.

4-بنار، ئامادەیی تەواوکردووە.

5- بەهێز، ئێستا قوتابیە.

 لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی باش و تەمەندرێژی بۆ مامۆستا عزەدین و هاوسەرو منداڵە بەڕێزەکانی دەخوازین.

 ٭ سەرچاوە:

1- وەڵامدانەوەی بەڕێز مامۆستا عزەدین بۆ هەموو پرسیارەکانم.

2- وەڵامدانەوەی پێشمەرگەی دێرین هاوڕێ شێخە بۆ چەند پرسیارێکم.سوپاسیان دەکەم.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا