
لە تازەشارەوە تا قولیجان
گێڕانەوەی خۆڕاگری لەقۆناغی سێی ئانفالدا
هاوڕێ پێشڕەو / گەرمیان
بەشی شەشەم
داستانی تازەشار و شەهیدبوونی٢٢ پێشمەرگە
هەر لە هەمان ڕێکەوتدا، واتە لە ٩ / ٤ / ١٩٨٨، لە میحوەرێکی تری ناوچەی بناری گڵەوە، دوژمن پەلامارێکی بەرفراوانی بۆ سەر گوندەکانی (جەلال و تازەشار) دەست پێکرد. لەوێدا، هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە بە فەرماندەیی (ملازم سامی) جێگری بەتالیۆنی چوار، لەگەڵ (ماجدی عەلی خەلیفە) و (نازم بچکۆل) فەرماندەی کەرتی پێنجی یەکێتی، ڕووبەڕووی لێشاوی داگیرکەر بوونەوە.
لە بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەوە تا کاتژمێر ٤ی ئێوارە، پێشمەرگەکان لە داستانێکی کەم وێنەدا مێژوویان تۆمار دەکرد. بەرگرییەکە هێندە سەخت بوو کە تەنیا دوای تەواوبوونی تەقەمەنی و برینداربوونی زۆربەیان، ناچار بوون هەنگاو بە هەنگاو پاشەکشە بکەن بۆ بن تاوێرەکانی پشتی گوندی تازەشار، بەو ئومێدەی لەوێوە بەرەو گوندی (شێخ حەمید) بکشێنەوە.
مخابن، لەو ساتەدا و لەو شوێنە سەختەدا، ٢٢ پێشمەرگەی قارەمان و گیان لەسەردەست کەوتنە ناو بازنەی مەرگ و هەموویان پێکەوە شەهید کران. و بوونە سیمبولی تازەشار و بەرگری پۆڵایین.
لەلایەکی تریشەوە، لە بەرەی جەنگی ناوچەی داوێ، دوای سێ ڕۆژ لە بەرگریی بێوێنە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ فەرماندەکانی حیزب و یەکێتی گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە پێویستە هێزەکان لە هەردوو گوندی (لفتی ئاغا و چەوری)یەوە پاشەکشە بکەن. بڕیار درا سەنگەرە نوێیەکان لە گوندەکانی (وارانی سەروو و زنانەی سەروو) جێگیر بکرێن، کە دوو گوندی هاوشانن و پێگەیەکی ستراتیژییان لە ناوچەی داوێدا هەیە، بۆ ئەوەی لەوێوە درێژە بە ڕووبەڕووبوونەوەی پەلامارەکانی دوژمن بدرێت.
١٠ / ٤ / ١٩٨٨: ڕۆژی کۆتاییی بەرگری و ئاوێتەبوونی ماندوێتیمان بوو بە خەم
چونکە شەوی پاشەکشەکەمان بوو بۆ (وارانی خوار)، ئەو ئێوارەیەش هێزی میللی بە پەرۆشەوە نان و هێلکەیان بۆ ئامادە کردبووین. دوای ژەمێکی کورت و خێرا، هێزەکەی ئێمە بەرەو (زنانەی ژوور) بەڕێ کەوت، بەو هیوایەی لەوێ پەیوەندی بە هێزەکەی کاک (عادل شوکور)ی برادەرانی یەکێتییەوە بکەین. درەنگانێکی شەو گەیشتینە مزگەوتی زنانە؛ لە کاتێکدا هێزەکەی تر بۆ گرتنی سەنگەر بەرەو (وارانی ژوور) ملی ڕێیان گرتبوو.
شەوێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ بوو؛ بڵاچەی ئاگری تۆپە دوورهاوێژەکان ئاسمانی ناوچەکەیان سوور کردبوو و دەنگی ڕمیبەی تۆپەکان ساتێک بێدەنگ نەدەبوون. ئێمە لە ماندوێتیدا خەو بردمانییەوە، تا کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان کە بە پەلە خەبەریان کردینەوە: «هەستن! سوپا گوندی تەوق کردووە و کەس بە دەورمانەوە نەماوە!»
کاتێک بە پەلە دابەشی سەر سەنگەرەکان بووین، بینیمان دوژمن سەرجەم بەرزاییەکانی ناوچەکەی گرتووە. هاوڕێ (کیفاح) و هاوڕێ (هێرش) کە سەرپەرشتیی هێزەکەیان دەکرد، دوو پێشمەرگەیان نارد بۆ لای هاوڕێ (ئەحمەد بازۆکە) لە وارانی ژوور.. هاوڕێ حسێن علی خەلیفەو هاوڕێ ئەحمەد چوارشاخی بوو ، تا بزانن فەرمانی نوێ چییە، بەڵام هاوڕێیان نەگەڕانەوە. کاتژمێر ٨ی بەیانی، لە ژێر پەلاماری چڕی دوژمندا، بڕیاری پاشەکشەمان دا بەرەو (جەوەڵ مازوغ).
لەلایەکی ترەوە، لە بەرەی (وارانی ژوور)دا شەڕێکی سەخت تا کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ بەردەوام بوو. هاوڕێ (ئەحمەد بازۆکە) فەرماندەیی ئەو بەرگرییە مێژووییەی دەکرد. لەو کاتەدا کاک (عادل شوکور) لە ڕێگەی ئامێری بێتەلەوە هەواڵی دا کە پێویستە هێزەکان لە وارانی بکشێنەوە، چونکە سوپا لە بناری گڵەوە گەیشتووەتە گوندی (کۆشک) و بەرەو (گەرمک) بەڕێوەیە. گرتنی گەرمک بە واتای گەمارۆدانی پێشمەرگەکانی ناو وارانی دەهات. پێشمەرگەکان بە زەحمەتێکی زۆر توانییان خۆیان لەو تەڵەیە دەرباز بکەن، لەو نێوەندەدا کاک (یونس حسێن)ی پێشمەرگەی یەکێتی، فیشەک بەر دەمی کەوت و بە سەختی بریندار بوو (کە دواتر بە داخەوە کەوتنە بەر شاڵاوی ئەنفال).
ئێوارەیەکی درەنگ وەخت، هەردوو هێزەکەی حیزب لە گوندی (پیرەمەوەنی) یەکمان گرتەوە و شەوەکەی گەیشتینە گوندی (قەواڵی). هێزێکی شەکەت، برسی و ماندوو بووین، بەڵام ئەوەی ماندوێتییەکەی لە بیر بردینەوە، بیستنی هەواڵی مەرگەساتی شەهیدانی داستانی (تازەشار) بوو. بیستمان کە ٢٢ پێشمەرگەکەی تازەشار ئابڵوقە دراون و دوای شەڕێکی بێوێنە تا دوا فیشەک، هەموویان پێکەوە شەهید کراون.
ئەو هەواڵە وەک هەورەبرووسکە لێی داین؛ هەموومان حەپەساین و ماتەم دایگرتین. ماڵی هاوڕێ (ئەبو ڤیان) هێشتا لە گوندەکە بوون. گەنجەکان و پێشمەرگەکان بە جۆش و کوڵەوە وتیان: "باجەکەی هەرچییەک بێت، دەبێت ئەمشەو بچین و تەرمی شەهیدەکان لە ژێر دەستی دوژمن ڕزگار بکەین."
بەڵام لەو کاتەدا، (میمکە سۆیل) دایکی شەهیدی فەرماندە (ماجد)، بەو پەڕی دانایی و دڵسۆزییەوە هاتە دەنگ و وتی: «ڕۆڵەکانم، سوپای دوژمن گەیشتووەتە گوندی کۆشک، مەچن با پۆڵێکی تری پێشمەرگە شەهید نەبن. ماجد و هاوڕێکانی شەهید بوون و جەنازەکانیان کەوتووەتە دەست دوژمن، تازە هیچتان پێ ناکرێت.» قسەکانی ئەو دایکە جەرگسووتاوە، ئاگرێکی تری لە دڵمان بەردا، بەڵام ڕاستییەکی تاڵ بوو کە دەبوو لەو ساتە سەختەدا قبوڵی بکەین.
