
گێڕانەوەی خۆڕاگری لەقۆناغی سێی ئانفالدا
هاوڕێ پێشڕەو / گەرمیان
بەشی حەوتەم و کۆتایی
دوا وێستگەکانی بەرگری و توندبوونی بازنەی گەمارۆ دوای ئەو هەموو شەڕ و ماندوێتییە، بڕیاری کۆتایی درا کە هێزەکان بەرەو بارەگای بەتالیۆنی چوار پاشەکشە بکەن. لە ڕێکەوتی ١١ / ٤ / ١٩٨٨دا، هێزەکەی ئێمە لە ئاوایی بنکە مایەوە بۆ خۆڕێکخستنەوە، بەڵام لە ئاوایی (عەزیز قادر) دەنگی تەقە و تۆپ دەهات؛ برادەرانی یەکێتی لە بەرگرییەکی سەختدا بوون. لێرەدا هاوڕێ (شەهید هێرش) بە هێزێکی پاڵپشتییەوە چوو بۆ هاوکارییان و تا ئێوارە لە سەنگەری جەنگدا مانەوە. لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، پێشمەرگە (فواد حەبیب) لە کەرتی پێنجی یەکێتی و هاووڵاتییەک بە ناوی (ئیسماعیل) چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانەوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی ١٢ / ٤ / ١٩٨٨، بەو ئومێدەی هێشتا هێڵێکی بەرگری مابێت، ڕوومان کردە گوندی (کانی عوبێد). و قازمە و خاکەنازمان هەڵگرت و چووینە سەر بەرزاییەکانی گوندەکە بۆ لێدانی سەنگەر، بەڵام دیمەنی بەردەممان هەژێنەر بوو؛ لە ئاسمان و لە زەوییەوە، سوپایەکی بێشوومار وەک لافاو بەرەو گوندەکە دەهات. لە هەموو لایەکەوە هەواڵی پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە دەگەیشت و دیار بوو دوژمن بازنەی گەمارۆکەی لەسەر هاووڵاتییان و پێشمەرگە پتر توند کردووەتەوە. لەو کاتەدا هاوڕێ (کیفاح) بانگی لە هەموو سەنگەرەکان کرد و فەرمانی پاشەکشەی گشتیی ڕاگەیاند.
کۆبوونەوە لە عەلەیانی ژووروو
دواجار لە ڕۆژی ١٣ / ٤ / ١٩٨٨، لە گوندی (عەلەیانی ژووروو) سەرجەم هێزەکانمان یەکیان گرتەوە. لەوێدا، هەواڵەکانی بەرەی جەنگ سارد و نائومێدکەر بوون؛ هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچوون کە قۆناغی بەرگریی دەستەویەخە بەرەو کۆتایی دەچێت و ناوچەکە ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورەتر دەبێتەوە.
ڕۆژی ١٤ / ٤ / ١٩٨٨، گوندی قولیجان بووە مەنزڵگەی دوا دیداری ماڵئاوایی و ڕۆژێک بوو کە تێیدا پێشمەرگە لە ئازاری بینینی مەرگەساتەکاندا، مەرگی خۆی بە ئاوات دەخواست. بەیانییەکی باراناوی، هەزاران هاووڵاتیی ناوچەکانی (داوێ، زەنگەنە، جاف، بناری گڵ، سەنگاو و قەرەداغ) کە تا ئەو ساتە سەریان بۆ داگیرکەر دانەنەواندبوو، بە خێزان و مەڕوماڵاتەوە لە سنووری گوندی قولیجانی ئەمین قارەمان کۆببووونەوە. لە ئاسمانەوە کۆپتەرەکانی دوژمن وەک باز بەسەر سەری خەڵکەکەوە دەسووڕانەوە و لە زەویشەوە پێشمەرگە بڕیاری پاشەکشەی بەرەو قەرەداغ دابوو.
تابلۆیەک لە ژان و هاواری بێ وەڵام
دیمەنی ئەو کۆبوونەوەیە، لوتکەی تراژیدیای مرۆیی بوو؛ تێکەڵبوونی گریانی ژنان، ناڵەی بریندارانی شەڕ (کە بەشێکیان هەر لەوێوە بەرەو چارەنووسی نادیاری ئەنفال بردران و پێشمەرگەی یەکێتی بوون)، لەگەڵ دەنگی مەڕوماڵاتی سەرگەردان، وێنەی قیامەتێکی بچووکیان نەخشاندبوو.
لەنێو ئەو هەموو ئازارەدا، پیرەمێردێکی بەساڵاچووی خوداناس و خانەدان، کە (مامۆستا عەلی زەنگەنە)ی دەناسی، کاتێک مامۆستا چوو بۆ لای، پیرەمێردەکە بە گەروویەکی پڕ لە قوڵپی گریانەوە کەشیدەکەی (جامانەکەی) بۆ ئاسمان بەرزکردەوە و لە نێوان خۆی و خودای خۆیدا هاواری کرد: «ئەی ئەوە تۆ لەو ئاسمانەوە نابینی چی بەسەر ئەم خەڵکە دێت؟ خۆت دەڵێیت ناهەقی قبوڵ ناکەم، ئەی تاکەی ئەم هەموو ناهەقییە دەبینیت و قبوڵی دەکەیت؟ لەشوێن سەگبم ئەگەر لەمەودوا نەیبەسمە مللی سەگ؟» ئەو پیاوە ئایینپەروەرە لە تاڵیی بارودۆخەکەدا، سۆزی نیشتمانپەروەری و ئازاری گەلەکەی وای لێکردبوو بەو زمانە پڕ لە ژانە ئاخاوتن بکات.
دوا دیدار و جیابوونەوەی پڕ لە ئازار
دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ، ساتەوەختی ماڵئاوایی یەکجاریی نێوان پێشمەرگە و گەل گەیشت. خەڵکەکە بە تراکتۆر و بە پێ، بە دڵێکی شکاوەوە بەرەو گوندی ملەسوورە و چارەنووسێکی نادیار ملی ڕێگەیان گرتەبەر، کە دواتر بووە سەرەتای کۆچێکی خوێناوی بەرەو بیابانەکانی خوارووی عێراق. هێزی پێشمەرگەش بە هەمان ئازارەوە بەرەو ناوچەکانی قەرەداغ، شوان و شێخ بزێنی کشانەوە.
لەم سەرو بەندەدا سەرکردایەتی مەڵبەندی سلێمانی کەرکوکی ئەوکاتی حزب بڕیاری دابوو دەستەیەکی هەڵبژاردەی پارتیزان لە گەرمیان بمێنێتەوە بەسەرپەرشتی هاوڕێ ئەبوفەلاح ئەندامانی ئەم دەستەیە بریتیبوو لە هاوڕێیان (شێروان ، ئەبو کاروان ، قەحتان ، جەوهەر گەرمیانی ) بەشێکی تر لە هاوڕێیان کەلەگەڵ هێزی پێشمەرگە نەگەڕانەوە بۆ قەرەداغ و لەناوچەکە مانەوە نمونەی هاوڕێیان (سڵێمان ، عەزیز قەواڵی ، کاروان حەمید پێشی ئەنفال بریندار ببوو ، حەمە خوردە ، شێرکۆی علی حاجی ) پەیوەندیان بەم دەستە پارتیزانەوە کردبوو
لە قۆناغی سێیەمی تاوانی ئەنفال، کە لە ٧ / ٤ / ١٩٨٨ تا ٢٠ / ٤ / ١٩٨٨ ی خایاند، نەخشەی پەلامارەکان لەم قۆناغەدا بە خوێناویترین و بەرفراوانترین قۆناغی جینۆسایدە دادەنرێت. ڕژێمی بەعس لەم قۆناغەدا بە داڕشتنی نەخشەیەکی وردی سەربازی، لە ١٠ قۆڵەوە هێرشی بردە سەر ناوچەکانی گەرمیان و دەوروبەری، کە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش ببوون:
قۆڵەکانی پەلاماردانی سوپای داگیرکەر:
١. قۆڵی خورماتوو ـ نەوجول: بۆ سەر ناوچەی داوێ، لە (٧ / ٤ / ١٩٨٨) کە لە پەڵکانە و قوڕی چایەوە بەرەو دووڕاجی دەستی پێکرد.
٢. قۆڵی کفری ـ سەرقەڵا: بۆ سەر ئۆمەربل، توکن و عەزیزقادر لە ئاواییەکانی داوێ (٨ / ٤ / ١٩٨٨).
٣. قۆڵی قادرکەرەم (یەکەم): بۆ سەر ئاوایی تازەشار و ناوچەی بناری گڵ (٩ / ٤ / ١٩٨٨).
٤. قۆڵی قادرکەرەم (دووەم): بۆ سەر ناوچەی جەباری (٩ / ٤ / ١٩٨٨).
٥. قۆڵی ناحیەی ڕزگاری (سمود): بۆ سەر تیلەکۆ و زەڕین ڕوغزایی (٩ / ٤ / ١٩٨٨).
٦. قۆڵی کەلار: دابەشبوو بۆ دوو ئاراستە؛ یەکێکیان بۆ ناوچەی شاتری جاف و ئەوی تریان بۆ سۆفی ڕەحیم و ناوچەی زەنگەنە (٩ / ٤ / ١٩٨٨).
٧. قۆڵی پێباز: بەرەو ناحیەی شێخ تەویل (٩ / ٤ / ١٩٨٨).
٨. قۆڵی باوەنوور: بۆ سەر ناوچەی چوارملانی جاف.
٩. قۆڵی دەربەندیخان: بۆ سەر دەرەدۆین، چرچەقەڵا، بانی مۆرت و هەزارکانی (١١ / ٤ / ١٩٨٨).
١٠. قۆڵی ناحیەی سەنگاو: بۆ سەر ئاوایی کچان و شاخی ئاشداخ (١٣ / ٤ / ١٩٨٨).
ئەنجامدەران و سەرپەرشتیارانی تاوانەکە
ئەم پرۆسەیە لەژێر چاودێری و فەرماندەیی باڵاترین پلەدارە سەربازی و سیاسییەکانی ڕژێمی بەعسدا بەڕێوەچوو، کە بریتین لە:
• عەلی حەسەن مەجید (عەلی کیمیاوی): بەرپرسی یەکەمی نەخشەی جینۆساید.
• عەدنان خەیروڵڵا توڵفاح: وەزیری بەرگری و سەرپەرشتیاری ڕاستەوخۆ.
• نزار عەبدولکەریم خەزرەجی: سەرۆک ئەرکانی سوپا.
• سڵتان هاشم ئەحمەد: فەرماندەی فەیلەقی یەک.
• کامل ساجت عەزیز ئەلجەنابی: فەرماندەی فەیلەقی دوو.
• حسێن ڕەشید محەمەد تکریتی: یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی سوپا.
• سابیر عەبدولعەزیز ئەلدوری: بەڕێوەبەری هەواڵگری گشتیی سەربازی.
• فەرحان موتڵەگ ساڵح الجبوری: بەڕێوەبەری هەواڵگریی ناوچەی ڕۆژهەڵات.
ئەم تاوانە گەورەیە، بە بەشداریی ٢٠ فەوجی جاش و بەکارهێنانی سەرجەم تواناکانی سوپای عێراق، برینێکی قووڵی لە جەستەی گەرمیان و یادەوەریی نەتەوەییماندا جێهێشت.
