
لە یادی ٦٣ یەمین ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی سەربازگەی الرشید بە سەرکردایەتی شەهید حەسەن السریع و هاوڕێکانی.
هۆشەنگ کەریم
دوای ئەوەی قاسم دەستی کرد بە لێدانی حیزبی شیوعی و هێزە دیموکراتخوازەکان و بەر تەسک کردنەوەی چالاکیەکانیان. زۆری نەبرد، لە ٨ شوباتی ١٩٦٣ دا، خۆیشی ڕووبەڕووی کودەتای قەومی و بەعسیەکان بووەوە. یەکەمین کاری کودەتاچییەکانیش، ڕاگەیاندنی بەیانی ژمارە ١٣ بوو بۆ لەناوبردن و جێنۆساید کردنی شیوعییەکان.
ئەو دەمە هێشتا حیزبی شیوعی عێراق، ڕێکخراوەکانی لە ڕیزەکانی سوپادا، ئێجگار بەهێز بوون (حەسەن السریع) کە شیوعیەکی ئازا و چاونەترس بوو پلەی سەربازی نائب عەریف بوو، سەرکردایەتی حیزبی شیوعی ئاگادار دەکات کە توانایان هەیە راپەڕینێکی بەرپا بکەن و دەسەڵات بگرنە دەست.
هەر تەنها ٥ مانگ دوای کۆدەتای ڕەشی هەشتی شوبات، حەسەن السریع کە تەمەنی لە ٢٥ ساڵان تێپەڕی نەکردبوو، لەگەڵ سەدان سەربازی شیوعی دا، دەستپێشخەری ڕاپەڕینێک دەکەن لەنێو سوپاداو ڕۆژی ٥ / ٧ / ١٩٦٣، وەک ڕۆژی ڕاپەڕین دیاری دەکەن. دوای ئەوەی بە هەندێ هۆکار، ڕۆژی دیاریکراو دەگۆڕن بە ٣ / ٧ و لە سەربازگەی الرشید لە بەغدا دەست بەڕاپەڕین دەکەن،
نەخشەکەیان بەم جۆرە دیاری دەکەن:
١-دەبێت حەسەن السریع بەرپرس بێت لە شکاندنی کۆگاکان و دابەشکردنی چەک،
٢- ئەوانەی پاسەوانی زیندانەکانن، دەبێت بەندیخانەی ژمارە یەک بشکێنن و یەکەمجار ئەو ئەفسەر و فڕۆکەوانانە ئازاد بکەن کە دەتوانن فڕۆکە جەنگیەکان و تانک و چەکە گەورەکان بەکار بهێنن.
٣- ئەوانەی پاسەوانی بەر دەرگای سەربازگەن، دەبێت لەگەڵ هاتنەژوورەوەی عەبدولسەلام عارفدا بۆ ناو سەربازگەی ڕەشید، پەلاماری عەبدولسەلام بدەن و بیکوژن.
لەم پلانی راپەڕینەدا، حەسەن السریع خۆی، لە سەعاتی سفردا، کارەکەی جێبەجێ دەکات و ئەفسەری ئێشکگر دەستگیر دەکات و دەرگای مەخزەنەکان دەشکێنێت و چەک دابەش دەکات و یەکەم فیشەکی ڕاپەڕینیش دەتەقێنێت، بەڵام ئەوکاتە عەبدولسەلام لە ژوورەوە دەبێت و کەس لە زیندانیەکانیش ناتوانن بگەنە دەرگای بەندیخانە و ڕابکەن، حەسەن سالریع و هاوڕێکانی، بە تەنهاو بە چەکە سادەکانیانەوە، ڕووبەڕووی هێرشی پێچەوانە دەبنەوەو بە تایبەتی کودەتاچییەکان بە فڕۆکەی جەنگی دەست دەکەن بە بۆردوومانکردنی شۆڕشگێڕان و هەر لەوێدا ئەو هەوڵە شۆڕشگێریە سەرکوت دەکرێت ، زۆرێک لەسەربازە ڕاپەڕیوەکان شەهید دەکرێن و هاوڕێ حسن السریع و ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز دەستگیر دەکرێن.
حسن السریع لە وەڵامی ئەو بەناو دادوەرەی کە دادگایی دەکات و ئەفسەرێکی داخ لە دڵی کودەتاچی بووە، دەڵێت: ژیان خۆشە، بەڵام مردن لەپێناوی میللەتدا خۆشترە لە ژیان! کەسیش لەم گیراوانە خەتابار نین، من بەزۆرەملێ هەموویانم ناچار کردووە لەگەڵمدا بن، هەرچی ڕوویداوە من لێی بەرپرسم!
لە بەرەبەیانی ٣١ / ٧ / ١٩٦٣ دا هاوڕێ حەسەن السریع و ٣٠ کەس لە هاوڕێکانی گووللە باران دەکرێن و دەبنە ناوێکی نەمر و گەشاوە لە مێژووی عێراق و بەرەنگاربوونەوەی کودەتاچییەکان و دیکتاتۆرییەت.
سڵاو لە یادی ٦٣ ساڵەی ڕاپەڕینی سەربازگەی الرشید.
سەربەرزی بۆ شەهید حسن السریع سەرکردەی ڕاپەڕین و هاوڕێکانی.
