لە ڕۆژی جیهانی ژناندا
فیمینیزمی كوردستانی بۆ یەكسانی جێندەری و سەربەخۆیی نیشتمان
کاوە مەحموود
كاتێك فەیلەسوفی فەرەنسی شارل فورییە كە بە یەكێك لە سۆسیالیستە تەوباوییەكان دادەنرێت لە ساڵی 1837 وشەی فیمینزمی داڕشت، لەو باوەڕەدا نەبوو كە ئەم وشەیە ساڵ لە دوای ساڵ و قوناغ لە دوای قۆناغ لە تێكڕای جیهاندا بە فرەوانی بڵاودەبێتەوە و جێی خۆی لە فەرهەنگەكانی زمان و لە بوارەكانی فەلسەفە و سۆسیۆلۆجیا و سیاسەت و ئابووری و كەلتوور دەكاتەوە و دەبێتە فاكتەرێكی كاریگەر لە توێژینەوە و بابەتەكانی گەشەپێدان و لە چەندین بزووتنەوەی جیاجیا كە تا ئێستا سنوری لە سەرجەم جیهاندا بە كراوەی ماوەتەوە، خۆی دەبینێتەوە؛ بە ڕەوتی هەمەچەشن و بە پابەندبوون بە ناكۆكی و ململانێكانی كۆمەڵگا ناوخۆییەكان و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە گشتی خۆی وەك ئامرازێكی تێكۆشان فەرز دەكات. ئەوە بوو فیمینیزم سەرەڕای یەكەمین ڕەوتی لە سەدەی نۆزدەهەمدا وەك فیمینیزمی لیبڕالی دەركەوت و پاشان فیمینیزمی ماركسی و دواتر فیمینیزمی ڕادیكاڵی و پاشان چەندین ڕەوتی دیكە كە تایبەتمەندییە لۆكاڵییەكانی ڕۆڵی لە شوناسی بینیەوە، دەكرێ بە گشتی فیمینیزم بە تێكڕای ئەو بزاڤانە بگوترێت كە لە پێناوی بنیاتنانی یەكسانی سیاسی و ئابووری و تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی لە نێوان سەرجەم ڕەگەزەكان تێدەكۆشن.
سەرهەڵدان و بیرۆكەی فیمینیزم ئەگەر لە سەرەتاوە لە كوردستانی باشووردا بەو ناوەوە خۆی نمایش نەكردبێت و ئەگەر بەو ڕەوتەی جیهان كە لە نمونەی ڕۆژاوا لە مێژوودا هەبوو لە چوارچێوەی ڕەوتێكی بەم جۆرە خۆی گەڵاڵە نەكردبێت، بەڵام دوو هۆكار هەبوون كە نزیكبوونەوەیەك لە بۆچوون و تێگەیشتن بۆ ئەم چەمكە هەبێت. یەكەم هۆكار بابەتییە كە پەیوەندی بە زیادبوون و پەرەسەندنی هۆشمەندی تاك هەیە سەبارەت بە كارابوونی لە پڕۆسەی گۆڕانكارییەكان و نەهێشتنی جۆرەكانی چەوساندنەوە كە ژنی كوردستان وەك پیاو دووچاری چەوساندنەوەی نەتەوەیی و كۆلۆنیالیزم دەبوونەوە، سەرەڕای چەوساندنەوەی كۆمەڵایەتی و چینایەتی بە هۆی نەریت و كەلتووری باو و هەژموونی سەلەفی ئایینی. كاركردن بۆ نەهێشتنی ئەم چەوساندنەوەیە تەنها لە بیروڕا و لە ئەركی ژنانی كوردستاندا نەبووە، بەڵكوو پیاوانیش هەبوون كە بە هۆشمەندییەكی بەرز و یەكسانیخوازییەوە ئەم بابەتەیان بە ئەركی خۆیان زانیوە. ئەوەی جێگای سەرنجە جگە لە ناودارانی ژنان لەم بوارەدا كۆمەڵێك پیاوی كورد یان بە ڕەچەڵەك كورد نەك تەنها لە كوردستان وەك حاجی قادری كۆیی و مەلای گەورە و بێكەس و ئەمین ڕەواندزی، بەڵكوو لە ناوچەكە وەك قاسم ئەمین لە میسر و ڕەسافی و زەهاوی لە عێراق پێشڕەوی كاروانی داكۆكیكردن لە مەسەلەی ژنان بوونە. هۆكاری دووەم پەیوەندی بە تێكەڵبوونی شارستانییەكان و كارتێكەریی گۆڕانكارییەكانی جیهانەوە هەیە لە سەر كۆمەڵگای كوردستان، بۆیە چەمكەكانی ئازادی و ماف و یەكسانی ژن و پیاو و عەدالەت لەگەڵ سەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبەر لە ساڵی 1917 لە كوردستاندا بڵاو بووەوە، لە بۆچونی ناودارانی فیمینیزمی ژنان و پیاوانی پێشكەوتنخواز و شاعیران ڕەنگی دایەوە. هەر بۆ نمونە ئەم بابەتە لە شیعرەكانی زەینەب خان كە خوشكی دڵداری شاعیرە ڕەنگ دەداتەوە.
دوای دووەمین شەڕی جیهان وەرچەرخانێكی چلۆنایەتی لە مەسەلەی فیمینیزم لە كوردستانی باشووردا هاتەكایەوە، ئەوەیش دروستبوونی ڕێكخراوەكانی ژنانە كە ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە ڕێكخستن و ئاڕاستەكردنی تێكۆشان بۆ داكۆكیكردن لە مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی و لە مەسەلەی ئازادی ژناندا.
داكۆكیكردنی ژنانی كوردستان لە مەسەلەی نیشتمانی كوردستان و تێكۆشان بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی نەتەوەیی تەنها لە دوای دووەمین شەڕی جیهانی نەبووە. جگە لە بەشداری ژنان لە كاری سیاسی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و بەشداریكردنی ژنان بەپێی هەلومەرجی باو لە شۆڕشەكان، ژنانی شارەكانیش لە كاری سیاسیدا بەشداریان كردووە، هەر بۆنمونە ژنانی سلیمانی لە دوای ڕاپەڕینی بەردەركی سەرا لە ساڵی 1930دا یاداشتێكی ناڕەزاییان پێشكەشی مەندووبی سامی بەریتانییان كرد و داوای مافی نەتەوایەتی گەلی كوردیان كرد.
لە تێكڕای شۆڕشەكانی گەلی كوردستان لە دوای دووەمین شەڕی جیهانەوە تا ئێستا هاوكات لەگەڵ بەشداری ژنانی كوردستان لە مەسەلەی نیشتمانی كوردستانی مەسەلەی یەكسانی و ئازادی ژن ئەجێندەی تێكۆشان بووە، لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 قۆناغێكی نوێی ئەم تێكۆشانە دەستی پێكرد.
ئەم قۆناغە نوێیە بریتی بوو لە بەشداری ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردا كە لە سەرەتاوە ژمارەی ژنان لە یەكەمین خولی پەرلەمانی كوردستان شەش ژن بوون و ئەو كاتەش پەرلەمان بە هۆی عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە قایل نەبوو یاداشتێكی داواكاری ژنان بخاتە ئەجێندەی كارەكانییەوە، بەڵام ئەم ڕەوشە بەم جۆرە نەما و كار گەیشتە دانانی ٣٠٪ی كۆتا بۆ ژنان و زیادبوونی ڕێژەی ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردا و هەمواركردنەوەی هەندێ ماددەی قانوونی سزادان و هەمواركردنەوەی قانوونی باری كەسێتی و بڕیاردانی قانوونی نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، كە تێكڕای ئەم هەنگاوانە بە تیكۆشانی بزووتنەوەكانی ژنان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و تێكۆشانی كۆمەڵگا بۆ یەكسانیخوازی هاتوونەتە دی.
لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا سەڕەرای ئەو هێرشانەی كە دەكرێتە سەر ڕێكخراوەكانی ژنان و داكۆكیكاران لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بۆ پرسی ژنان و ئەو شێواندنەی كە بە مەبەستێكی دیاریكراو لە كاتی هەر ڕووداوێكی توندوتیژی یان كوشتنی ژنان دەكرێت و جۆرە گوتارێك دەگوترێت "ئایا ڕێكخراوەكانی ژنان چییان كردووە؟"، مەبەستی ڕاستەقینە بازدانە بە سەر ئەركی سەرەكی حكوومەت كە بەرانبەر پاراستنی ژیانی هەر مرۆڤێك بەرپرسیارە و لەو چوارچێوەیەشذا هەنگاوەكانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و پاراستنی ژنان لە ئاستی پێویستدا نییە، كەچی بۆ چەواشەكردنی ڕای گشتی هێرش ئاڕاستەی ڕێكخراوەكانی ژنان دەكرێت.
لە ئاكامی ئەو پەرەسەندنانەی بە سەر كۆمەڵگای كوردستاندا هاتووە كە كۆمەڵگایەكی داخراو نییە، لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا بزاڤی فیمینیستی بە بۆچوونی جیاوازەوە لە كوردستاندا ئامادەیە. بە شێوەیەكی پراكتیكی شوناسی ئەم بزاڤە لە ڕوانگەی ئەركەكانێتی كە لەم خاڵە سەرەكییانەدا بەرجەستە کراونەتەوە: 
ـ  تێكۆشان بۆ تواناسازی ژنان و یەكسانی جێندەری لە سەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتی لە ناوەندەكانی بڕیاردا.
ـ كاركردن بۆ گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام كە هەژاری و پەراوێزخستنی ژنان نەهێڵێت و تەندروستی و ژینگەی لەبار دابین بكات.
ـ داكۆكیكردن لە سەرجەم ئازادییەكان و بەشداریكردن لە تێكۆشان بۆ ڕۆشنبیری و عەقڵایەت و پڕۆسەی بە مەدەنیكردنی كۆمەڵگا.
ـ بەستنەوەی سەرجەم ئەو ئەركانە بە ئەركی تێكۆشان لە پێناوی وەدیهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان و سەربەخۆیی كە لەوەشدا ژنانی كوردستان لاپەڕەی پڕشنگدار و داستانیان لە پێشمەرگایەتی و بەرەنگاربوونەوە و كاری سیاسی هەمەجۆر تۆمار كردووە.
بەم جۆرە شوناسی فیمینیزمی كوردستانی بۆ یەكسانی جێندەری و سەربەخۆیی كوردستان دەبێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا