سالار مامه‌ كه‌ریم

كاتێ له‌ خانه‌واده‌یه‌كدا كه‌سێكی سیاسی و تێكۆشه‌ر و ناودار هه‌ڵده‌كه‌وێت ده‌بێته‌ مایه‌ی شانازی بۆ خانه‌واده‌كه‌ و میلله‌ته‌كه‌ی ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خانه‌واده‌یه‌ك هه‌رهه‌موویان ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌یان هه‌بوو ، ئه‌وا چه‌ند شانازییه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ خۆیان و میلله‌ته‌كه‌یان .

 ماڵباتی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ عادل سه‌لیم یه‌كێكن له‌و خانه‌وادانه‌ی كه‌ هه‌ر هه‌موویان كه‌سانی تێكۆشه‌ر و لێهاتوون و ڕۆڵێكی سه‌ره‌كیان له‌ پێشڤه‌چوونی كاروانی خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌ماندا هه‌یه‌ ، شه‌هید عادل سه‌لیم وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی بیرمه‌ند و تێكۆشه‌رێكی حزبی شیوعی و كه‌سایه‌تیه‌كی ڕۆشنبیر و دیاری شاری هه‌ولێر ، هاوسه‌ره‌كه‌ی هاوڕێ فه‌تحیه‌ وه‌ك تێكۆشه‌رێكی چا ونه‌ترسی حزبی شیوعی و چالاكوانێكی سیاسی و مه‌ده‌نی دیار و به‌رچاوی بزوتنه‌وه‌ی ئافره‌تان ، هاوڕێ شوان و هاوڕێ جوان وه‌ك دوو پێشمه‌رگه‌ی گیان له‌سه‌رده‌ستی حزبی شیوعی ، هاوڕێ شه‌ماڵیش هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وساكه‌ له‌ تافی لاوێتیدا بوو ، به‌ڵام ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌سه‌ركردایه‌تیكردنی خۆپیشاندانی قوتابیان و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌ بیروباوه‌ڕی كۆمۆنیزمی و ماركسیزم ، هاوڕێ هه‌ڤاڵیش كه‌ پاشه‌به‌ره‌یان بوو به‌و ته‌مه‌نه‌ بچوكه‌ی چه‌ندین كاری حزبی پێسپیردرابوو به‌تایبه‌تی هێنان و دابه‌شكردنی بڵاوكراوه‌كانی حزب ،  من به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی نزیكترین هاوڕێی كاك شه‌ماڵ بووم له‌ قوتابخانه‌دا و هاوپۆل بووین ، له‌و سۆنگه‌یه‌دا نزیكایه‌تیم له‌گه‌ڵ ئه‌و خانه‌واده‌یه‌ سه‌ربه‌رزه‌ هه‌بوو .هاتووچۆی ماڵیانم ده‌كرد ، ماڵی شه‌هید عادل سه‌لیم نه‌ك هه‌روه‌ك باره‌گایه‌ك وابوو ، به‌ڵكو وه‌ك په‌رستاگه‌یه‌كی شیوعیه‌كان ده‌هاته‌ به‌رچاو ، هه‌ر له‌ كتێبخانه‌ خاكییه‌كه‌یان و له‌ بوێری دایكی شوان هاوڕێ فه‌تحیه‌ كه‌ بێ په‌روا وه‌ك‌ شێره‌ژنێك ده‌دوا و له‌ چه‌شنی فریشته‌ش گفتوگۆی ده‌كرد !

‌ كه ‌سه‌یری كتێبخانه‌كه‌یانت ده‌كرد چه‌ندین كتێبی هه‌مه‌جۆرت ده‌بینی ، هه‌ر له‌ كتێبه‌ فه‌لسه‌فی و فیكری و سیاسه‌كان وئابووری و ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كان له‌ ڕه‌فه‌ی كتێبخانه‌كه‌دا نازی دووری شه‌هید عادل سه‌لیمیان پێوه‌دیاربوو ، كه‌ لاپه‌ڕه‌ی هه‌ر كتێبێكت هه‌ڵده‌دایه‌وه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ تاكو خواره‌وه‌ یه‌ك به‌یه‌ك دێڕه‌كانی هێڵێان له‌ژێردا كێشرابوو ، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت : ڕه‌نگه‌ خاڵ و وێرگوڵه‌كانیشی له‌ مێشكیدا كۆپی كردبێت ! ده‌مگوت : ده‌بێت ئه‌و پیاوه‌ مه‌زنه‌ چه‌ند خوێنه‌رێكی باش بووبێت ؟! چه‌ند ڕۆشنبیر بووبێت ؟ چه‌ندین پرسیاری جۆراوجۆر له‌مێشكدا ده‌خولانه‌وه‌ ، كه‌ هه‌مووی په‌یوه‌ست بوون به‌ گه‌وره‌یی كه‌سایه‌تی ئه‌و سه‌ركرده‌ شیوعیه‌ مه‌زنه‌ ، ئێستا بۆم ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و فره‌به‌هره‌ییه‌ی له‌ هاوڕێ شه‌ماڵ دا هه‌یه‌ په‌روه‌رده‌ی به‌رزی ئه‌و باوكه‌ بلیمه‌ته‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی كتێبه‌ به‌نرخه‌كانی كتێبخانه‌ خنجیلانه‌كه‌یانه‌ ، هه‌ر به‌وپێودانگه‌ هاوڕێ شه‌ماڵ له‌چه‌ندین بواردا ئه‌سپی خۆی تاوداوه‌ وه‌كو ڕۆژنامه‌وانی و هونه‌ری شێوه‌كاری و شیعر و وتارنووسین و هتد .

وه‌ك پێشتر گوتم هاوڕێ‌ شەماڵم لەسەرەتای هەشتاكان ناسی ,پێكەوە قوتابی بووین له‌قوتابخانه‌ی سه‌لاحه‌دینی ناوه‌ندی و تاكو  دواناوه‌ندی زۆزان , ئەو یەكێك بوو لەناو هەموو قوتابیەكان دیاربوو , كه‌سێكی هێمن و لەسەر خۆ و ڕەوشت بەرز و زیره‌ك بوو , زۆر ڕقی لەرژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ بوو , بۆیە هەركاتێك خۆپیشاندان دەكرا ئەو به‌وپه‌ڕی گەرم و گوڕی و به‌جۆشه‌وه‌ به‌ جلی كوردییه‌وه‌ بەشداری دەكرد و دەچووە ڕێزی پێشەوەی خۆپیشاندانەكان . خۆپیشاندانی قوتابیانی ساڵانی هەشتاكان زەبرێكی گوڕچكبڕبوو لەڕژێمی بەعسی فاشیستدا , لەخۆپیشاندنێكدا پێكەوەبووین چەند ئەمنێكی دڕنده‌ لەنزیك مزگەفتی قادر بلە ڕووبەڕوومان بوونەوە كەڵاشینكۆف و دەمانچەیان پێ‌ بوو ، بەئاراستەی ئێمە دەستیان بەتەقەكردن كرد, ئەوە بوو هاوڕێ‌ شەماڵ گیرا و منیش بە موعجیزە دەرباز بووم .

گیرانی هاوڕێ‌ شەماڵ زۆر خه‌مبار و نیگه‌رانی كردین , هەرچەندە زۆر لەهاوڕێی ئازیزی ترمان لەوانەی ناویانم لەبیرماوە هاوڕێ‌ كرێكار و دڵشاد صدیق گیرابوون . بەڵام لەبەر ئەوەی خانەوادەی هاوڕێ‌ شەماڵ لەلایەن دائیرەی ئەمنەوە ناسراوبوون و هاوڕێیەكانی تر ئاشكرا نەبووبوون زۆر دەترساین به‌هۆی خانه‌واده‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ ئەشكەنجە بدرێت, ئەوەی ڕەچاومان دەكرد ڕاست دەرچوو , بەڵام هاوڕێ‌ شەماڵ شێر ئاسا و خۆڕاگرانە بەرگەی ئەو ئەشكەنجە و زه‌بروزه‌نگه‌ نامرۆڤانەی جەلادە خۆینڕێژەكانی بەعسی گرت و كه‌ جیا لەهەموو بەندكراوەكان ئازار و ئەشكەنجەیان دابوو , سەربەرزانە گەڕایەوە ناومان , بەڵام ئەوەی مایەی سه‌رسوڕمان بوو , دایكە بەجەرگ و چاونەترسەكەی بوو , ئەوكاتەی هاوڕێ شەماڵ گیرا ، ئێمه‌ هه‌موومان هاوڕێیه‌ قوتابیه‌كان كه‌ به‌شداری خۆپێشاندانه‌كه‌ بووین نه‌مانده‌زانی چۆن ئەم هەواڵە بگەینینە ماڵەوەیان ؟ دڵمان نه‌ده‌هات ئه‌م هه‌واڵه‌یان پێبگه‌ینین , نه‌وه‌ك دایكی هاوڕێ شه‌ماڵ و هه‌ڤاڵی برای پێی سه‌خڵه‌ت بن ..دواتر هاوڕێ‌ ئەحمەدی ئامۆزای لەبەر ئەوەی زیاتر شارەزایان بوو , گووتی : زۆر ئاساییه‌ باهەموومان پێكەوە بڕۆین ئەو ئێمە ببینێت دڵی خۆش دەبێت , بەڕاستی قسەكانی هاوڕێ‌ ئەحمەد ڕاست دەرچوون كاتێك چووینە ماڵیان هەر لەبەر دەرگا بە خه‌مباریه‌وه‌ ئەم هەواڵەمان گەیاندە ئەو شێرەژنە بەجەرگە ، بێ‌ ئەوەی بشڵەژێت و تووشی دڵەڕاوكێ‌ بێت لەجیاتی ئێمە دڵی ئەو بدەینەوە ئەو دڵی ئێمەی دەدایەوە , بەزەردەخەنەیەكی میهرەبانانە و شیرینانه‌ی دایكانەوە پێی گووتین : (بۆچی خەمبارن ئێوەش وەكو شەماڵن ئەمن دڵنیام شەماڵ خۆڕاگرە , مادام كوڕی من و برای ئێوە لەسەر شەڕەف گیراوە هه‌رگیز لێی ناترسم  و شانازی پێوه‌ده‌كه‌م ) .ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ناخ هه‌ژێنه‌ی ئه‌و شێره‌ژنه‌ و چه‌ندین یاده‌وه‌ری تر هه‌میشه‌ له‌ نێوبیره‌وه‌رییه‌كانمدا زیندوون‌ ، هه‌رگیز له‌ بیرم ناچنه‌وه‌.

هاوڕێ فه‌تحیه‌ كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ شۆڕشگێڕه‌ نموونه‌ییه‌كانی نێو ڕۆمانه‌ به‌رزه‌كان بوو ، به‌ تایبه‌تی دایكه‌كه‌ی ڕۆمانی دایكی ڕۆماننووسی بلیمه‌ت مه‌كسیم گۆڕكێ ... 

ئێستاش له‌بیرمه‌ ڕۆژێكیان له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كه‌م له‌ حزوری ئه‌و ژنه‌ مه‌زنه‌دا له‌ ماڵی شه‌هید عادل سه‌لیم گفتوگۆیه‌كی گه‌رم و گوڕمان له‌سه‌ر شه‌ڕی قادسیه‌ی به‌دناو ده‌كرد ، كه‌ هه‌ندێك له‌و هاوڕێیانه‌ هه‌واداری پارتی بوون به‌و ئه‌ندێشه‌یه‌ بیریان ده‌كرده‌وه‌ كه‌وا ئێران عیراق داگیرده‌كات ومافی كورد ده‌دات ، پێیان باش بوو ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رده‌وام بێت ئێمه‌ش وه‌كو شیوعی ده‌مانگوت ئیران وڵاتێكی كۆنه‌په‌رستی ئیسلامی سیاسیه‌ له‌ ڕژێمی به‌عس باشترنیه‌ پێویسته‌ گه‌لی عیراق خۆی ئه‌و ڕژێمه‌ دیكتاتۆر و خوێنڕێژه‌ی به‌عس بڕوخێنێت . دایكی شوان زۆر به‌هێمنی گوێی له‌ ئێمه‌ گرتبوو ، كه‌ بینی هه‌ردوو لامان شل و كوت بووین له‌و گفتوگۆیه‌ و هه‌ركه‌س بیروباوه‌ڕی خۆی پێ ڕاستبوو یه‌كسه‌ر به‌ شێوازه‌ هێمنه‌كه‌یه‌وه‌ گوتی : ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات ڕابگیرێت ، چونكه‌ به‌ هه‌زاران ڕۆڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌بنه‌ قوڕبانی ، شه‌ڕ ماڵوێرانیه‌ و پاشخانه‌كانی زۆر مه‌ترسیدارن ، بۆیه‌ چه‌ند زوو ئه‌و شه‌ڕه‌ شوومه‌ ڕاگیرێت ئه‌وه‌نده‌ قوڕبانیه‌كان كه‌متر ده‌بنه‌وه‌ و پاشخانه‌كانی شه‌ڕیش ئه‌وه‌نده‌ ترسناكتر نابن ، درێژه‌ی به‌وته‌كانیدا و گوتی : عیراق و ئێران هه‌ردووكیان دوو ڕژێمی كۆنه‌په‌رست و خوێنڕێژن ، هه‌ر وڵاتێكی سته‌مكار پێویسته‌ گه‌له‌ سته‌ملێكراوه‌كه‌ی شۆڕش له‌ دژی بكات ، ئه‌گه‌ر وڵاتێكی بێگانه‌ وڵاتت داگیربكات تۆ هیچ ڕۆڵت نامێنێت !

كاتێ دایكی شوان ئه‌و قسانه‌ی بۆمان ده‌كرد من وام هه‌ست ده‌كرد گوێ له‌ بیرمه‌ندێكی سیاسی و كارامه‌ و خاوه‌ن ئه‌زموونێكی قوڵ ده‌گرم ، خۆی له‌ ڕاستیشدا هه‌روابوو ، ئێستا قسه‌كانیان هه‌مووی هاته‌دی !

ئەم خانەوادە سه‌رفرازه‌ گه‌لێك ناخۆشیان لەدەست سیخوڕەكانی بەعس چەشتبوو, هەمیشە لەژێر چاودێریدا بوون , بەرلەوەی هاوڕێ‌ شەماڵ ببێتە پێشمەرگە و ڕوو لەشاخ بكات جارێكی دیكە گیرا , بەڵام ئەمجارەیان ده‌ستبه‌سه‌ربوو ئه‌ویش بەهۆی برا و خوشكی كەهەردووكیان پێشمەرگەی حزبی شیوعی بوون . ماڵه‌كه‌شیان دەستی بەسەرداگیرابوو كە لە گەڕەكی شۆڕش بوو . پاش ئەوەی لە زیندانی ده‌ستبه‌سه‌ری  ئازاد كرا ، ڕۆژێكیان له‌ بازاڕ یه‌كترمان بینی و گوتی : حه‌زده‌كه‌م پێكه‌وه‌ بچین سه‌ر له‌ خانووه‌كه‌مان بده‌ین ، بزانم چی به‌سه‌رهاتووه‌ ؟ منیش گوتم : زۆر باشه‌ با بڕۆین ...

كاتێك گه‌یشتینه‌ ماڵه‌كه‌یان به‌ وریایی ده‌رگاكه‌مان كردووه‌ نه‌وه‌ك كه‌س بمانبینێت ، یان كه‌سێك له‌ ژووره‌وه‌ بێت ، كه‌چووینه‌ ژوورەوە چیمان بینی ؟ هەرچی قسەی دزێو و ناشیرین هەبوو بە خەتێكی گەورە وبەبۆیاغ دژی شەهید عادل سەلیم و خانەوادە تێكۆشەرەكەیان لەسەر دیواری ژوورەكان نووسرابوو . هاوڕێ‌ شەماڵ ئاخێكی ساردی هەڵكێشا و گووتی : دەبینی ئەو بێشەرەفانە چ جنێوی ناشیرینە بەئێمەیان داوە ؟! منیش گوتم : ئێوه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌ترن جوندان خوڕه‌وشتی ترسنۆكانه‌ .  به‌ڵام ئه‌و شته‌ی زۆر پێی سه‌رسام بووم ئه‌وه‌بوو كه‌ هاوڕێ‌ شەماڵ ئەوەندە خەمی لەو جوێنانە دەخوارد ئەوەندە خەمی لەتاڵان خاپوركردنی ماڵەكەیان نەدەخوارد .

هه‌ردووكمان به‌خه‌مبارییه‌وه‌ ده‌رگاكه‌مان داخسته‌وه‌ و به‌ چاوی شێداره‌وه‌ ماڵئاواییمان له‌ یادگارییه‌شیرینه‌كانی ئه‌و په‌رستگایه‌ پیرۆزه‌ كرد و دواتر خواحافیزیمان له‌یه‌كتر كرد و ماوه‌یه‌كی به‌سه‌رچوو بیستم گوتیان هاوڕێ شه‌ماڵ بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ !

خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و خانه‌واده‌ تێكۆشه‌ره‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی گه‌شه‌ له‌ مێژووی حزبی شیوعی عیراق و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان و شۆڕشی چینی كرێكار و چه‌وساوان ...جوانترين وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی سیاسی و بوێری و خۆڕاگری و دڵسۆزی و ئه‌مه‌كداری لێ فێرده‌بین ... درود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ عادل سه‌لیم و شێره‌ژنی شۆڕشگێڕ هاوڕێ فه‌تحیه‌ یادیان هه‌میشه‌ زیندووبێت ...هیوای ته‌مه‌ن درێژی و شادی و به‌خته‌وه‌ریش بۆ هاوڕێ و برای ئازیزم كاك شه‌ماڵ و خوشك و  برا ئازیزه‌كانی و خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی ده‌خوازم ....

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا