ئامادەكردنی: مەغدید حاجی

٭  وتەی بەرایی:

 مامۆستا گەلاوێژ هاوسەری مامۆستای تێكۆشەر (سەباح یوسف جەجۆ)یە، مامۆستا سەباح كەسایەتییەكی سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و كۆمەڵایەتییە، بەتایبەتی لە شاری عەنكاوای جوان. بەردەوام ڕۆڵی كاریگەری لە بوارە جۆربەجۆرەكاندا هەبووە و بەردەوامیشە.

 ئێمە دڵنیاین كە پشتیوانی و هاوڕێیەتی مامۆستا گەلاوێژ بۆ مامۆستا سەباحی هاوسەر و هاوڕێی یەكێكە لە فاكتەرەكانی دروستبوونی ئەم كەسایەتییەی مامۆستا سەباح.

 لە هەمان كاتدا هەردوو مامۆستا هاوڕێی یەك كاروان بووینە لە بواری پەروەردە و بەهەردووكیان 80 ساڵ خزمەتی پرۆسەی پەروەردە و فێركردنیان كردووە، بەیەكەوە هەمیشە و تاكو ئێستا كاروانچیی ڕێبازی  نیشتمانێكی ئازاد و گەلێكی بەختیارن.  

 ٭ كورتەیەك لە ژیانی مامۆستا گەلاوێژ:

 ــ ناوی تەواوی: (گەلاوێژ شابۆ حنا حەكیم)

ــ ناوی دایكی: مسكو گۆرگیس

ــ لە ساڵی 1955 لە قەزای عەنكاوا/ پارێزگای هەولێر لەدایكبووە.

ــ لە ساڵی 1961 لە قوتابخانەی (باعوپ)ی سەرەتایی كچان چۆتە بەرخوێندن، لە ساڵی 1968 قۆناغی سەرەتایی تەواوكردووە.

ــ لە دواناوەندیی عەنكاوەی كچان هەردوو قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی خوێندووە و لە ساڵی 1975 تەواوی كردوون.

ــ دوای تەواوكردنی خوێندنی ئامادەیی ویستوویەتی بچێت لە پەیمانگای مامۆستایانی هەولێر بخوێنێت، بەڵام چونكە هەروەكو خۆی دەڵێ، فۆڕمی بەعسیبوونی پڕنەكردۆتەوە وەریاننەگرتووە!!

 گشت ئەو قوتابییانەی وەرنەگیرابوون، سكاڵایان بۆ وەزارەتی پەروەردەی عێراق بەرزكردۆتەوە، سكاڵاكەشیان لە ڕۆژنامەی (تەریق ئەلشەعب) بڵاوكراوەتەوە. پاش ماوەیەك ناویان لە پەیمانگای كشتوكاڵی بەغدا لە زەعفەرانیە دەرچووە.

ــ دوای تەواوكردنی پەیمانگای كشتوكاڵی لە ساڵی 1977، لە ناحیەی دیبەگە بە (مرشد زراعی ــ ڕابەری كشتوكاڵی) دامەزراوە، پاشان لەسەر داواكاری خۆی بۆ ناحیەی قوشتەپە گوازراوەتەوە، دوایی بۆ فەرمانگەی كشتوكاڵی عەنكاوا گوازراوەتەوە.

ــ لە ساڵی 1982 لە شاری هەولێر خولی پەروەردەیی شەش مانگە بۆ فەرمانبەران كراوەتەوە، گەلاوێژ خان لەم خولە وەرگیراوە و دوای تەواوكردنی خولەكە وەزیفەكەی كراوە بە مامۆستا و بە ئاواتی خۆی گەیشتووە.

٭ خەباتی مامۆستا لە بواری پەروەردەدا:

 مامۆستا گەلاوێژ لە ساڵی 1982 خولی شەش مانگەی پەروەردەیی لە هەولێر تەواوكردووە و  لە ساڵی 1983 میلاكی وەزیفەی لە فەرمانبەر لە وەزارەتی كشتوكاڵ گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە و وەكو مامۆستا دەستبەكاربووە. یەكەم وێستگەی ژیانی مامۆستایی (قوتابخانەی گردەچاڵ) بووە لە گوندی گردەچاڵ، ناوچەی بەڕانەتی، ئەوكات سەربە ناحیەی عەنكاوا بوو.

 مامۆستا لە ماوەی خزمەتی لە بواری پەروەردەدا لەم قوتابخانانەی هەولێر و عنكاوا بە ئەركی پەروەردەكاری هەڵساوە: (گردەچاڵ، فتوە، الاخوە، عەشتار، یەزداندۆخت، حیكمەتی بنەڕەتی).

 مامۆستا لەماوەی ژیانی وەزیفەیدا وەكو مامۆستا لە چەندین خولی پەروەردەییدا بەشدار بووە.

 لە ساڵی 2019 دوای 37 ساڵ خزمەتكردن وەكو مامۆستا خانەنشینكراوە، كۆی خزمەتی 42 ساڵ بوو.

 ٭ تێكۆشانی پیشەیی و هەڵوێستی سیاسی:

 مامۆستا گەلاوێژ وەكو زۆر لە مامۆستا تێكۆشەرەكانی عەنكاوا لە ژینگەیەكدا پەروەردە بووە كە گیانی نیشتمانپەروەری و نێونەتەوەیی و پێكەوەژیان باڵی بەسەر شارەكەیاندا كێشاوە، هەر لە چلەكان و پەنجاكانی سەدەی ڕابردوودا تاكو ئێستا حزبی شیوعی كاریگەریی خۆی لە عەنكاوا هەبووە.

 مامۆستا گەلاوێژ لە باوەشی خێزانێكی نیشتمانپەروەر و شیوعی گەورەبووە، هەردوو برای عەبدولئەحەد شابۆ و عۆدیش شابۆ، دوو تێكۆشەری ڕیزەكانی حزبی شیوعیی عێراق بوون و بەهۆی ئەم خەباتەیان سێ ساڵ ژیانیان لە بەندیخانەكانی ڕژێمی دیكتاتۆری عێراقدا بەسەربردووە.

 مامۆستا گەلاوێژ دوای ئەوەی قۆناغی ئامادەیی تەواودەكات، بەگوێرەی خواستی خۆی لە پەیمانگای مامۆستایانی هەولێر وەرنەگیراوە، چونكە ئامادەنەبووە فۆڕمی حزبی بەعس پڕبكاتەوە. كە لە پەیمانگای كشتوكاڵی بەغدا وەرگیراوە لەگەڵ ڕێكخراوی یەكێتی گشتی قوتابییانی عێراق خەباتی كردووە. مامۆستا گەلاوێژ بۆی نووسیوم و دەڵێ: "ئەو دوو ساڵەی لە بەغدا لە پەیمانگای كشتوكاڵ دەمانخوێند (نیوەی دووەمی حەفتاكان) ڕۆژگارێكی زێڕین بوو، چونكە زۆربەی قوتابییان یەك هەڵوێست و یەك بیروباوەڕیان هەبوو، ئەویش بیروباوەڕی چەپ و نیشتمانپەروەری و شیوعییەت بوو"..

 مامۆستا گەلاوێژ وەكو دۆستێكی حزبی شیوعی، وەكو هاوسەری مامۆستا سەباح یوسف جەجۆ، لە ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایان نزیكبووە، بەشداریی لە بەشێكی چالاكییەكانی ئەم ڕێكخراوە تێكۆشەرە كردووە. لە ساڵی 1992 ئەندامی یەكەمین كۆنگرەی یەكێتی دیموكراتی مامۆستایان بوو، كە لە شاری سلێمانی گرێدرا.

 لە ساڵی 2019 دوای خانەنشینبوونی لەتەك دەیان مامۆستای تێكۆشەری خانەنشین، لەلایەن ڕێكخراوی پیشەیی مامۆستایانەوە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشكەشكرا.

 ٭ باری كۆمەڵایەتی :

 مامۆستا گەلاوێژ لە ساڵی 1981 هاوسەرگیریی لەگەڵ مامۆستا سەباح یوسف جەجۆ كردووە، بەرهەمی ژیانی خێزانیان چوار منداڵە (تەمەن درێژبن):

1- نەجاح، فەرمانبەرە لە وەزارەتی كارەبا.

2- نیاز، پزیشكە لە هەولێر.

3- نڤین، دەرچووی كۆلێژی پەروەردە بەشی زمانی ئینگلیزییە، لە وڵاتی سوێد دەژیت.

4- نوڤان، دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشە، دانەمەزراوە.

 لە كۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی بۆ مامۆستا گەلاوێژ و مامۆستا سەباحی هاوسەری و هەرچوار منداڵە بەڕێزەكانیان دەخوازین.

 سەرچاوە: زانیاری پێویستم لە مامۆستا گەلاوێژ و مامۆستا سەباحی هاوسەری وەرگرتووە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا