ئامادەکردنی: مەغدید حاجی

 ٭ مامۆستا ئەفرام (تەمەنی درێژبێت) جگە لە خزمەتی زۆری لە بواری پەروەردەوفێرکردندا، لە عنکاوا وەکو کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس ناسراوە. لە ڕێگای وتار و نووسینەکانی هەروەها لە ڕێگای کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کلدان، زۆر خزمەتی پێشکەش بە بواری ڕۆشنبیری کلدانی و کلتوور و زمانی سریانی کردووە.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی مامۆستا ئەفرام:

 ــ ناوی تەواوی: (ٲفرام متی یوسف کلیانا) .

 ــ لە ڕێکەوتی 13-5-1945 لە شاری عنکاوا لەدایکبووە.

 ــ تاکو پۆلی چوارەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی (الحکمە)ی سەرەتایی خوێندووە. هەرسێ پۆلی چوارەم و پێنجەم و شەشەمی لە قوتابخانەی عنکاوای سەرەتایی کوڕان تەواوکردووە.

 ــ خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانەی ناوەندی زازا لە شاری هەولێر تەواوکردووە.

 ــ  قۆناغی ئامادەیی لە ئامادەیی هەولێری کوڕان تەواوکردووە.

 ــ  لە ساڵی خوێندنی (1969-1970) خوێندنی زانکۆی لە بەشی مێژوو کۆلێژی ئاداب زانکۆی بەغدا تەواوکردووە.

 ــ بۆ یەکەمجار لە ڕێکەوتی 30-11-1970 بە مامۆستای مێژوو لە ناوەندی قوشتەپە، ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر دامەزراوە و سێ ساڵ لەم ناوەندییەدا وانەی وتۆتەوە.

 ــ مامۆستا ئەفرام وەکو مامۆستایەکی سەرکەوتوو لەم قوتابخانانەی خوارەوە خزمەتی کردووە:

 1-  دواناوەندی هەڵمەت، بۆ ماوەی سێ ساڵ.

 2- ناوەندی برایەتی، ماوەی سێ ساڵ.

 3- ئامادەیی ڕزگاری کوڕان، 15 ساڵ.

 4- دواناوەندی عنکاوا، لە ساڵی 1993 تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2008

 ٭ چالاکی ڕۆشنبیری:

 مامۆستا ئەفرام وەکو ڕۆشنبیرێکی هەڵگری بیروباوەڕی مارکسیزم، هەر لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لەگەڵ خوێندنەوە و نووسین ئاشنابووە، وتار و بابەتی ڕۆشنبیری لە ڕۆژنامەی (طریق الشعب) بڵاودەکردەوە. هەروەها بە زمانی سریانی لە نووسین و بڵاوکردنەوە بەردەوامبووە.

 مامۆستا ئەفرام هەر لە مانگی کانوونی یەکەمی 1998 تاکو ئەم ساڵانەی دوایی لە شەش خولی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کلدان ئەندامی دەستەی کارگێڕی بوو، هەروەها ئەندامی دەستەی نووسینی گۆڤاری ردیا کلدانا بوو کە کۆمەڵەکە دەریدەکرد. نووسینی بە سریانی لە ڕۆژنامی بیپ عنكاوا بڵاودەکردەوە. هەروا بێتەوە لە کاتی خۆی وتارەکانی لە (پاشکۆی کلدو ئاشور ــ رێگای کو ردستان)، چاپی عەرەبی بڵاودەکردەوە.

 ــ مامۆستا چەندین کۆڕی ڕۆشنبیری لە ڕێگای کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کلدان بە زمانی سریانی پێشکەشکردووە.

 لە فێستیڤاڵەكانی شیعرخوێندنەوەدا، شیعرەکانی خۆی بە سریانی خوێندۆتەوە.

 ٭ لە بارەی چالاکی سیاسی:

 مامۆستا ئەفرام وەکو تێکۆشەرێکی شیوعی، هەر لە حەفتاکانەوە خزمەتی بیروباوەڕی مارکسیزم و حزبی شیوعیی کردووە.

 چۆتە ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابییان و یەکێتی لاوان، لە ساڵی 1973 بۆتە ئەندامی حزبی شیوعیی عێراق.

 ــ ئەندام و لایەنگری ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان بوو، لە هەڵبژاردن و کۆنفرانسەکانی ئەم ڕێکخراوەدا، هەروەها لە چالاکییەکانیدا بەشداربووە. تاکو ئێستا هاوکاری مەڵبەندی کلدۆئاشوری حزبی شیوعیی کوردستانە.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا ئەفرام لە ساڵی 1976 هاوسەرگیری لەگەڵ (خاتوو نەجات پۆڵس) حەکیم کردووە، پێنج منداڵیان بووە:

1- ئیڤل،1977، وەرزشوان و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر بوو لە بواری مەلەوانیدا. بەداخەوە لە ساڵی 2022 لە کاتی ڕاهێنان لە بواری مەلەوانیدا خنکا و گیانی لەدەستدا.

 2- سیڤان،1979 هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری ژمێریاریدا.

 3- دیانا،1985، بەکالۆریۆس لە کشتوکاڵ.

 4- دیار، 1983، بکالۆریۆس لە زانست.

 5- دانا،1991 ، بکالۆریۆس لە زانست.

 لە کۆتاییدا هیوای تەندروستی باش، تەمەندرێژی بۆ مامۆستا ئەفرام و خاتوو نەجاتی هاوسەری و منداڵە بەڕێزەکانی دخوازین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا