لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 شلێر عەبدولمەجید/ سلێمانی

ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

 ٭وتەی بەرایی:

 مامۆستا شلێر و مامۆستا شنۆی خوشکی دوو مامۆستای پەروەردەکاری دڵسۆزن، دوو شێرەژنی ناو سەرکردایەتی و ڕیزەکانی حزبی شیوعی و کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستانن، دوو خەباتکاری پەروەردەی ژینگە و ئاو و هەوای شاری هەڵمەت و قوربانین.

 مامۆستا عەبدولمەجیدی باوکیان (یادی بەخێر) چ وەکو مامۆستا و پەروەردەکارێکی دێرین، چ وەکو تێکۆشەرێکی نیشتمانپەروەر و شیوعی، چ وەکو نووسەر و وەرگێڕێکی بەتوانا، خزمەتی زۆری پێشکەش بە بوارەکانی پەروەردە و کاروانی خەباتی سیاسی و بزووتنەوەی ڕۆشنبیری کوردی کردووە. منداڵەکانی بەجۆرێک پەروەردە کردووە، کە عەشقە خەبات و کتێب و ڕۆشنبیری بن و کاریگەریی باوکیان لەسەر دیاربێت و کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی باوکیشیان بپارێزن.

 دایکیشیان (خاتوو فەهیمە عەبدولسەلام) تەمەنی درێژ بێت، بەردەوام هەر لە سەرەتاوە هاوکاری هاوسەرەکەی بووە لە خەبات و لە پەروەردەکردنی منداڵەکان و بەرگەگرتنی ئازارەکانی ژیان و تێکۆشان لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی سیاسیاندا بەتایبەتی لە ڕۆژگارە سەختەکاندا.

 ٭ کورتەیەک لە ژیانی شلێر خان:

ــ ناوی تەواوی: (شلێر عەبدولمەجید ڕەشید)ە

 ــ ساڵی 1961 لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.

 ــ لە قوتابخانەی (یەکێتی) چۆتە بەرخوێندن کە خوێندن تیایدا بە زمانی عەرەبی بووە، تا پۆلی چوارەم لەم قوتابخانەیەدا خوێندوویەتی.

 ــ لە ساڵی 1972 لە قوتابخانەی (نیشتمان) کە خوێندن تیایدا بە زمانی کوردی بووە پۆلی شەشەمی سەرەتایی تەواوکردووە.

 ــ  قۆناغی ناوەندیشی لە قوتابخانەی (شارای کچان) لە ساڵی1976 تەواوکردووە.

 ــ خوێندنی ئامادەییشی لە ساڵی 1980 لە ئامادەیی سلێمانی کچان تەواوکردووە.

 ــ لە ساڵی 1981 لە زانکۆی موستەنسڕیە لە شاری بەغدا لە کۆلێژی زانستەکانی ئامار وەرگیراوە و بە چوار ساڵ بەسەرکەوتوویی تەواوی کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە.

 ــ لە ساڵی خوێندنی (1989-1990) بڕوانامەی دبلۆمی باڵای لە ئاماری پڕاکتیکیدا لە پەیمانگای عەرەبی بۆ دراسات و توێژینەوە بەدەستهێناوە.

ژیانی فەرمانبەری و مامۆستایی و باری کۆمەڵایەتی:

 ٭ شلێر خان سەرەتا لە ساڵی 1986 لە وەزارەتی تەندروستی عێراق وەک بەرپرسی هۆبەی ئەلکترۆنی بۆ ژووری ئامار دامەزراوە و دەستبەکار بووە. هەر لەو ماوەیەدا وەک مامۆستا وانەی ئاماری لە ئامادەیی پەرستاری و ئامادەیی منداڵبوون وتۆتەوە. هەر لەو ماوەیەدا  لە بەشی تەندروستی و کۆمەڵ لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی بەهەمان شێوە وانەی سەرژمێری وتۆتەوە.

  لە ساڵی 1994 لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گوازراوەتەوە بۆ هۆبەی منداڵبوون و مردن (الولادات و الوفیات) لەو شوێنە دەستبەکاربووە و دەستیکردووە بە ڕێکخستنەوەی کارەکانی ئەم هۆبەیە، کە لە کاتی ڕاپەڕینی 1991دا هەمووی شێوێنرابوو، بێگومان ئەم هۆبەیەش گرنگە لە ژیانی کۆمەڵگادا. پاشان شلێر خان گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی چوارباخ . سەرەڕای دڵسۆزی لە کارکردندا و لە ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیيان لە هەردوو شوێنی باسکراودا، بەڵام  بەهۆی هەڵوێستی سیاسی و ئینتمای حزبی ــ هەروەکو هاوڕێ شلێر خۆی دەڵێ ـــ لە هەردوو فەرمانگەکەدا لەلایەن بەرپرسەکان دژایەتیکراوە.

 مامۆستا شلێر لە ساڵی2000 ڕاژەی خۆی بۆ وەزارەتی پەروەردە گواستۆتەوە، ماوەی  8 ساڵ لە ئامادەیی تەوار وانەی بیرکاری وتۆتەوە و نازناوی (مامۆستای پێشکەوتوو)ی پێدراوە.

 مامۆستا لە ساڵی 2007 ڕاژەکەی گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا چونکە پێویستیان بە پسپۆڕیيەکەی بووە، بەهۆی کردنەوەی بەشی ئامار لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی. لەم پەیمانگایەدا وەکو مامۆستا بەردەوامبووە لە خزمەتکردن و هەردوو وانەی ئامار و بیرکاری لە بەشەکانی: ئامار، تەندروستی و کۆمەڵ، ژمێریاری و پەرستانی دان دەوتەوە تاکو خانەنشینبوونی لە ساڵی 2024.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

  شلێر خان  لە ساڵی 1994 ژیانی خێزانی لەگەڵ د. فەرهاد پێکهێناوە.

 بەڕێز د. فەرهاد کادیر و پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعییە، خاوەنی دوو کچن (تەمەن درێژ بن):

1- هێلین، پزیشکی ددانە.

2- سۆنی، ئەندازیارە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ئەندازیاری شارستانی.

 ٭خەباتی سیاسی و پیشەیی:

 مامۆستا شلێر هەر لەتەمەنی زووی گەنجیدا لە باوەشی خێزانێکی ڕۆشنبیری پێشکەوتنخواز، وەکو کچە تێکۆشەرێک بە بیروباوەڕی مارکسی و نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی پەروەردەکراوە. لە ساڵی 1980 پەیوەنديی بە ڕیزەکانی حزبی شیوعییەوە کردووە.

 لە کتێبی (ژنانی تێکۆشەر)دا هاوڕێ جەلال دەباغ بەمجۆرە تیشک دەخاتە سەر کاروانی خەباتی هاوڕێ شلێر: "هاوڕێ شلێر لە سەرەتای تەمەنییەوە ڕێگای تێکۆشانی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی گشتی قوتابیيان و حزب و پەیوەستگای ئافرەتان و کۆمەڵە تێکۆشەرەکەیان لە کوردستاندا گرتۆتەبەر.

 لە ساڵانی هەشتاکاندا لە بەغدا کاری نهێنی حزبی ئەنجامداوە، بێ ئەوەی لە کردەوەی داپڵۆسێنەرانەی ڕژێمی دیکتاتۆر بترسێت. هەمیشە چالاکانە ئامادەبووە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی لە حزبدا و لە کۆمەڵەی ئافرەتاندا و پاراستنی نهێنییەکانی حزب لە تێکۆشاندا" .

 لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە بەهاری1991، هاوڕێ شلێر زۆر بە گەرم و گوڕی چۆتە ناو کاروانی تێکۆشانی حزبەکەی لەم قۆناغە مێژووییە نوێیەدا. هاوڕێ دەبێتە ئەندامی لێژنەی شاری سلێمانی حزبی شیوعی و دوایی لە کۆنفرانس بە ئەندامی محەلی سلێمانی هەڵدەبژێردرێت. سەرپەرشتی ڕێکخستنی ئافرەتان دەکات . هەروەها بەرپرسیارێتی لێژنەی ڕۆشنبیری پێدەسپێرن. بەردەوامدەبێت و لە گشت کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی 30 ساڵی ڕابردووی حزبەکەی بەشدار بووە. لە سێیەم کۆنگرەی (حشک)دا، کە لە نیسانی 2004دا گرێدرا، بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و دواتر بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیش هەڵبژێردرا.

 لە ساڵی 2016 لە شەشەمین کۆنگرەدا جارێکی دی بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان هەڵبژێردرا.

 هاوڕێ شلێر لە هەر پێگەیەکی حزبی بووبێت دڵسۆزانە ئەرکەکانی سەرشانی جێبەجێکردوون. لەگەڵ ئەو هەموو ئاستەنگانەی لەپێش خەباتیدا سەریانهەڵداوە، ئەم گوێی پێنەداون و بە قەناعەتەوە لە کاروانی خەباتی سیاسی و حزبیدا بەردەوامبووە و تاکو ئێستاکەش بەردەوامە.

 مامۆستا شلێر جگە لە خەباتی حزبی، لە بواری خەباتی پیشەییشدا درێخی نەکردووە چ لە کارکردن لەگەڵ کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان یان وەکو مامۆستایەکی دڵسۆز لەگەڵ ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایاندا.

 هاوڕێی سەرکردە سەردار ئەنوەر سلێمان ناسراو بە (هاوڕێ سروود) بەم چەند دێرەی خوارەوە خەباتی سیاسی مامۆستا شلێر هەڵدەسەنگێنێت و تایبەت بۆ ئێمەی نووسیوە و دەڵێت: "هاوڕێ شلێر لە کاتی کاری نهێنی حزبیدا لە سلێمانی و هەولێر و بەغدا ڕۆڵی ئازایانەی بینیوە، بێ ترس هەموو چالاکی و کارەکانی خۆی ئەنجامداوە، بێ گوێدان بە پیاوانی ڕژێمی دیکتاتۆری، لەوانە دابەشکردنی بڵاوکراوەکانی حزب، گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە نێوان سلێمانی و هەولێر و بەغدا.

 هاوڕێ شلێر هەمیشە و بەردەوام بوێرانە و ڕاستەوخۆ لە هەموو جومگەکانی حزب کە کاری لەگەڵدا کردوون ڕاوبۆچوونەکانی دەربڕیوە هەربەوەش ناسراوە. هەموو کاتێک بە دڵسۆزی و خۆنەویستانە کارەحزبییەکانی خۆی ئەنجامداوە".

 لە کۆتاییدا هیوای تەمەندرێژی و سەرکەوتنی بەردەوام بۆ مامۆستا شلێری بەڕێز و تێکۆشەر دەخوازین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە