
ئاشکرایە، لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکاندا، بەریەککەوتن و تۆمەت بەخشینەوە و یەکتر ناشیرینکردنیش دێتە پێشەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ھەمیشە ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە لەرز و تای ھەڵبژاردن کۆتایی دێت و دواتر قۆناغێکی دیکە دێتە پێشەوە، قۆناغی کاری ھاوبەش و بەیەکەوە کارکردن بۆ خزمەتی خاک و خەڵک.
شیوعییەکان بەو ھەموو مێژووە کۆن و پڕ ئەزموونەوە، ھەمیشە بە وریاییەوە دەچنە ناو پڕۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانەوە. کارێک ناکەن لێک ترازانی کۆمەڵایەتی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بەیەکەوە ژیانی کۆمەڵگا بەسەر یەکدا بڕوخێت!.
ئێمە بەرلەوەی بیر لە کۆکردنەوەی دەنگی خەڵک بۆ ھەڵبژاردنەکان بکەینەوە، بیر لەوە دەکەینەوە کە بازنەی ئاشتی و پێکەوە ژیان نەپچڕێت و درز و کەلێن لەناو چین و توێژەکاندا درووست نەبێت.
شیوعییەکان ئەزموون و مێژوویەکی دوور و درێژیان لە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگهی عێراقی و کوردستانیدا ھەیە، ھەر پاڵپشت بەو ئەزموون و مێژووە دەوڵەمەندەوە، ھەمیشە ھەوڵ و ھەنگاوەکانمان بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و دوور لە بارگرژی و ھەر چەشنە پێکدادانێکە.
ئەگەر خەڵکانێکیش بەشێوەی مەبەستدار بخوازن پەلامارمان بدەن و تۆمەت و قسە و قسەڵۆکی پووچ و بێ بنەمامان بۆ ھەڵبەستن، بێگوومان لەونێوەدا دوور لە ھەڵچوون و دەست و پێ ونکردنێک، بەزمانێکی خاوێن و لۆژیکییانە وەڵام دەدەینەوە.
گرنگتر لەوانەیش، باش دەزانین پێویستە وەڵامی چ شتێک نەدەینەوە!.
شیوعیەکان ھیچ کات لەپێناوی خۆ جوانکردنی ڕووخساری خۆیان، خەڵکانی دیکە ناشیرین ناکەن و تۆمەتی بێ بنەما بەسەر کەسدا نابەخشنەوە!.
شیوعییەکان واقیع بینانە لەگەڵ بارودۆخەکاندا مامەڵە دەکەن، لە دەربڕینی ھەڵوێستەکانیشیاندا شەرم لەکەس ناکەن!. ھەر قسەیەکیشیان ھەبێت، بێگومان بێ دوودڵی و سڵەمینەوە دەری دەبڕن و ترس و باکیشیان لەکەس نییە!.
شیوعییەکان ژینگەی زمان و بیرکردنەوەکانیان پاک و خاوێنە، کەس بە بچووک نابینن، کەسیش لەخۆیان بە گەورەتر نازانن، ئەو دەرسەیش لە مێژوویەکی کۆن پڕ لە ھەوراز و نشێوەوە فێر بوون.
دواجار، ئەو قسانەی منیش بەو مانایە نایەت کە ھەر ئێمە پاک و خاوێنین و خەڵکیش پیس و پۆخڵ!.
ئێمە خەڵک ھاندەدەین ئارام بگرن، دان بەخۆیاندا بگرن، کۆنتڕۆڵی ھەستەکانی خۆیان بکەن و لهپێناوی كۆكردنهوهی دوو دهنگدا بۆ ههڵبژاردن، نەھێڵن تووشی ھەڵچوون و شێواندنی ئاشتیی كۆمهڵایهتی ببن.
جوگرافیای کوردستان پانتاییەکی بەرفراوانە و جێگای ھەموومانی تێدا دەبێتەوە، تکایە بازنەی بیرکردنەوەکانتان فراوانتر بێت، تەسک بین مەبن، ڕێگە بدەن پانتایی یەکتر قەبوڵکردن بەرفراوانتر بێت نەک بە پێچەوانەوە!.
بێگومان، دهنگیشم بۆ ههڵبژاردنهكانی داهاتووی ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق، بۆ مامۆستای چهپ و پێشكهوتنخوازی كوردستانیی، مامۆستا(ثائره یوسف عەزیز)، کاندیدی 342 لە کۆتای پێکهاتەکانه كه لەﻻیەن حزبی شیوعی کوردستانەوە پشتیوانیی دەکرێت.