شاعیری کورد دەڵێ :
چی لە جوانیکەم کە نەزان دەرکەوت ؟
مۆمێك چاکترە لە چرایەکی بێ نەوت !
رێکخراوی پەروەردە ، زانست و کەلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان ، United Nations Education , Scientific and Cultural Organization ، کورتکراوەکەی UNESCO یە ، لە 1945 / Nov. / 11 دامەزراوە ، کاری سەرەکی ئەو رێکخراوە کارکردن و بەدواداچوون لەسەر راپۆرتی ساڵانەی وڵاتە ئەندامەکانە ، لە بواری پەروەردە و زانست ، ئەو کۆسپ و تەگەرانەی دەکەوێتە بەردەم پڕۆسەی خوێندن ، تەتەڵە و شەن و کەو کردن و چارەسەر و رێنمییەکان دەستنیشان دەکات .
لە وڵاتان ، پرسی پەروەردە و فێرکردن لە ناوەندە هەستیارەکانە ، هەڵوەستەی لەسەر دەکرێت و بەرپرسیارێتییە ، پێشبڕکێ و گرەوی تایبەتمەندی لەسەر دەکرێت لە پلان و نەخشە و بودجەی تایبەت .
لە سەرەتای هەشتاکان ، کاتێ راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی UNESCO بڵاوکرایەوە ، تیایدا هاتبوو ئاستی خوێندکارانی وڵاتانی هەر یەك لە یەکێتی سۆڤیەتی ( ئەوسا ) ، بەریتانیا و فڕەنسا لە بوارەکانی بیرکاری ، فیزیا و کیمیا لە پێشەوەن ، دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا ، هاواریان لێهەڵسا ، زەنگی مەترسیان لێدا و گڵۆپی سۆریان پێکرد ، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە بۆ هەڵوەستەکردن و بەدواداچوون ، هۆکارەکان و گرتنی رێ و شوێن و چارەسەر .
لە وڵاتە پێشکەوتووەکان ، بۆ دەرچووەکان ، ئاهەنگێکی خنجیلانەی خێزانی سازدەکرێت ، بڕوانامەکەیان کە یەك شێوەیە لەگەڵ گوڵێك پێشکەشیان دەکرێت ، بە بێ ئەوەی کەس بزانێ ئەنجامەکەی چۆنە !
ئێوارەی رۆژی هەینی 2024 / 7 / 19 ، کاتژمێر 8 ، وەزارەتی بە ناو پەروەردەی کاربەڕێکەر ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ، ئەنجامی خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 ی ئامادەیی راگەیاند . هەر بە دوای راگەیاندنەکە ، وەك ساڵانی پێشتر ، بەرپرسەکانی زۆنی سەوز و زۆنی زەرد و ئیسلامییەکان ، کەناڵەکانی راگەیاندن ، سۆشیاڵ میدیا و پەیجە مشەخۆرەکان ،
دەزانرا ئیتر یەکەمەکان دەبنە گەرمە هەواڵ و پرسی رۆژی سەر شانۆ و نمایشکردنیان ، لە پیرۆزبایی ، دیمانە ، چاوپێکەوتن ، سەردانیکردن ، خەڵات و دیاری پێشکەشکردن ، وەك ئەوەی هەنگیان لە دارا دیتبێتەوە ، خوێندنگە و مامۆستاکانیش شانازی و پێشبڕکێ بە دەرچووە یەکەمەکان بکەن ، بۆ نا ؟ ! یەکەمەکان دەبن بە پزیشك کە برەوی هەیە ، وەك بەناو بەرپرسە فاشیلەکان بیردەکەنەوە لە پڕێك ببن بە کوڕێك ، وەك بازڕگانێك گیرفانیان گەرم و هەڵتەکاندنی گیرفانی هەژار و نەدارەکان ، وا دەردەکەوێت تەنها پزیشکەکانن شارەزان لە کاری مامۆستایەتی ، رێگا و بان ، پەرستاری ، بەنداو ، کشتوکاڵی ، ئاژەڵداری ، پیشەسازی ، ژمێریاری ، فیتەری و ...... ئەنجام دەدەن ! زۆر دروستە ، لەدوای سیاسییە بوودەڵەکان ،قەڵەمفرۆش و کچە مۆدێڵەکان ، پزیشکان بازاڕیان گەرم بێ ، پێدەچێ ئەو دەڤەرە داڕماوە ، پێویستی بە سەرتاش ، چێشتلێنەر ، پۆلیس ، کرێکار ، ژینگەپارێز ، ئاو و کارەبا و ..... نەبێ ! جگە لەمانە ، داخۆ ئەوانیتر چاوەڕوانی چی دەکەن ، مەگەر زانکۆش تەواو بکەن ، دەبێ لە کام سێکتەری بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری ، بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ، قۆڵ و باسکیان لێهەڵمان و ئارەقەی رەش و شین هەڵڕێژن ، یا سەرهەڵگرن و لە دەریای ئیجە ببنە خۆراکی قڕش و نەهەنگەکان ؟!
هەر لە دوای راپەڕینەوە ، بەناو سیاسییە فاشیل ، ساقیت ، ناپاك و خاکفرۆشی ئەو دەڤەرە کاوڵ و وێران بووە ، وەك فریدریك نیتشەی گەورە بیرمەندی ئەڵمانی دەڵێت : " لە هیچ شوێنێکی دنیا ئەوەندە بە هەڵە ناخوێنمەوە وەك لە نیشتمانەکەی خۆمدا " کاتێ ننیشتمان و خاك هەڕاج دەکرێ ، خوێنی شەهیدان پێکی سەرمێزی داگیرکەران دەڕازێنێتەوە ، ئێسك و پڕووسکیان دەکرێ بەپرد ، بە پۆستاڵی رەشیان بەسەریدا تێپەڕ دەبن و ..... لە خەمی کۆمەڵگە و تاکەکانی دەبن ! ئاشکرایە لە حزووریان مارکس ، ئەنجێلا جولی ، ئادەم سمیث ، بلیخانۆف ، هەمینگوای ، رۆزا لۆکسیمبێرگ ، زانای ئەتۆم ، ئەستێرەناس ، فیزك ، کیمیاناس و ...... یەك سەلکە تووری قوڕاوی ناکەن ! ئەوە دەرهاوێشتەی ئەو قەڵە رەشە بوو کرا بە رابەر و نمایندەی 50 ملێۆنی بێ ئاڵا ، بێ ناو و نیشان ، بێ کورسی لەنەتەوەیەکگرتووەکان و بێ ناو لە هیچ ناوەندێکی نێو دەوڵەتی ..... بە ئەمڕۆی گەیاند ! ؟ هەر بۆیەش ، لە کۆمەڵگەیەکی نەخۆش ، کاتێ ناوەندەکانی خوێندن نەکرێنە گڕکان ، بەرپاکردنی شۆڕشی رۆشنگەرایی ، نوێخوازی ، مۆڕاڵی بەرز ، بەرامبەر بە نەزانین ، کۆنەخوازی ، چەقبەستوویی خێڵەکی و ..... ، پزیشکێکی سەقەت ، ئەندازیارێکی فاشیل ، یاساساناسێکی کۆیلە و ..... داماڵراو لە خۆشەویستی خاك و نیشتمان ، هۆشیار ، مرۆڤدۆست ، رۆشنبیر ، نوێخواز و ..... بەرهەم دێنێت . کەس هەبوە بپرسێ لە بار و دۆخی ناوەندەکانی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکان ، ئاخۆ چەند بە چیمەن و گوڵ ورێحانە رازاوەتەوە ، بۆن و بەرامی مرۆڤ مەست دەکا ؟ ! ئاخۆ پرسیتان بار دۆخ و گوزەران و ژیانی سەرەمەرگی کەس و کاری خوێندکارەکان لە چ بارێکدایە ؟ ! ئایا زیرەکی ، شارەزایی ، تواناسازی ، لێهاتوویی تەنها بەندە بە نمرەی بەرز ؟ ئاخۆ کێ بەرپرسە بەرامبەر پاشاگەردانی رەوشی پەروەردە ؟ گەورە بیرمەند و رۆماننووسی کۆڵۆمبی و خاوەن خەڵاتی نۆبڵ گارێیل گارسیا مارکێز دەڵێ : " باڵم دەبەخشی بە منداڵەکان ، بەڵام لێیان دەگەڕام خۆیان فێری پەرواز و فڕین بن " .
لە کۆمەڵگەی ئازاد ، تاکی کۆمەڵگە هەست بە ئەرك و بەرپرسیارێتی دەکات ، بەشداری چاڵاکانەی ئاوەدانکردنەوە ، بنیاتنان ، داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە رەواکان ، وەستانەوە دژی گەندەڵی ، بەکرێگیراوەیی ، بەرخۆر ، ئەو وشیاری و جوامێرییەی لە ناخی مرۆڤدا دە چەسپێت ، گەورەتر و فراوانتر و گشتگیر تر دەبێت ، لە بڕوانامە ئەکادیمییەکان ، لە هەڵکشاندایە و رۆژ بەڕۆژیش لە گەشەسەندندایە ، بارودۆخی ژیان ، هەمیشە مۆڕاڵی تاکەکان بەرجەستە دەکەن و بەهای داهاتوویان پێدەبەخشن ، رێڕەوی مێژووی دەگۆڕن. بەڵام ئەوەی رابردووی نەبێت ، ئێستا و داهاتووی نییە.
پیرەمێردی شاعیریش دەفەرموێ :
بە عیلمی فەلەك دکتۆرا بێنی
رەوشتت نەبێ ، فلسێك ناهێنی
دووشەممەی 2024 / 7 / 22