هۆشیاری عەبدولعەزیز

 

گرژبوونەوەی هاوكێشەی ڕەوتی ڕووداوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانەوەی ململانێ و كێشمەكێشەكانی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس كە لە دوای 7ی ئۆكتۆبەر و پەلامارەكانی هەردوولاوە دەستیپێكرد، بووە هۆكاری سەرهەڵدانی شەپۆلێكی نوێی پشێوی لە ئاسایشی ناوچەكەدا و بەرەو ئەوەدەچێ بارودۆخێكی هاوشێوە كە لەگەڵ دەستپێكی بەهاری عەرەبیدا ڕوویدا و بووە هۆی گۆڕانكارییەكی گەورە لە ژینگەی ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێنێتە پێشەوە.

پەرەسەندنی خێرای گرژییەكان بەتایبەت بەهۆی هەژموونی سیاسەتی داگیرکاری ئەمریکا و ململانێی بازاڕ و فرۆشی چەک و هەڵپەی ئابووری و داگیرکردنی وزە و كاریگەرییە بەربڵاوەكەی لە سەرانسەری ناوچەكەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستۆتە لێواری قۆناغێكی نوێی ناسەقامگیری. ئەم دۆخە پێویستی بە هەڵسەنگاندنەوەی ژینگەی ئەمنی و بەرژەوەندیيە ئابووری و جوگرافیيەكان و تێگەیشتن لە جۆری ململانێ نێودەوڵەتیيەكان هەیە و دەكرێ لە چەندین ڕوانگەی جیاوازەوە خوێندنەوەی بۆ بكرێ، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دینامیكییە نوێیەی كە ململانێی ئێستا دروستیكردووە، پێدەچێت لە ساڵانی داهاتوودا ناوچەكە ڕووبەڕووی شەڕی قورس و مەترسیدارتر بێتەوە و ڕاستەوخۆ ببێتە چەقی یەكلایكردنەوەی ناكۆكی و ململانێی ئابووری و سیاسی زلهێزەكان كە لە ئێستادا سەرەتاكانی بەدەركەوتوون، چونكە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەوڵەمەندە بە نەوت و سەرچاوەكانی وزە لەڕووی ستراتیژییەوە گرنگە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەهۆی ململانێكانەوە وێران بووە، دۆخەکە ناجێگیر و ئاڵۆزە و لەژێر چنگی چەندین تەحەددای جددیدایە.

پێشهاتەكانی ئەم دوایییەی سوریا و لوبنان و ناوچەکەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن و پەیوەندی بە پرۆسەی خۆسەلماندنەوەی ئەو ڕەگ و ڕیشە مێژوویيانەوە هەیە کە لەناوچەکەدا بەتۆبزی تەپەسەرکراون بەتایبەت مەسەلە ئەتنی و مەزهەبی و تائیفیيەکان و پرسی عەرەب ، ئیسرائیل ، ئەمانە و زۆرتریش بابەتگەلێکی کاریگەری ناو پرۆسەی گۆڕانکاریەکانن و ناكرێ بەهەند وەرنەگیرێن، ئەمە جگە لەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردرێژایی مێژوو بەردەوامبووە لە بەرهەمهێنانی ستەمکاری و گرووپی توندڕەو، دەسەڵاتی دكتاتۆری و دەشێ کاریگەری مەترسیيەکانی ئەمانەش تا چەند دەیەی دادێ لەسەر پرۆسەی سیاسی و ناكۆكیيەكانی ناوچەكە و پرسی گۆڕانكاریيەكان بەردەوامبێت و ئاسەوارەکانی نەسڕێتەوە .

ئێستا عێراق، سوريا، یەمەن و لیبیا، كە بەهۆی شەڕەوە تێكچوون، بەشێوەیەكی بەرفراوان كراوەن بۆ چالاكییەكانی ئەو جۆرە گرووپە توندڕەوانە و زەمینەی لەباریان بۆ ڕەخسێنراوە، لەپاڵ ئەوەشدا پەرەگرتنی نایەكسانی كۆمەڵایەتی- ئابووری، دابەشبوونی تائیفی، ململانێ و ناکۆکیيە مەزهەبیيەکان ،  هەژاری و بێكاری ، هێندەی تر قۆناغ و بارودۆخێکی لەباری هێناوەتە پێش بۆ گەشەکردنی ئەو گرووپانە.

 ڕووداوە دراماتیکیيەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی سوريا و دەرکەوتنی چەکدارە توندڕەوەکانی جەبهەی تەحریر شام کە پاشماوەی بەرەی نوسرە و میراتگری ڕیکخراوی تیرۆریستی القاعیدەن و وەک ئۆپۆزسيۆنێکی نوێ ناوی خۆیان گۆڕیوە، لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، بۆخۆی ئاماژەیەکی ڕوونی ئەو ڕاستیيەیە کە دۆخی ناوچەکە لە بازنەی چی کەف و کوڵێکی توندڕەوی ئایينیدایە و چۆن مامەڵەیان پێوەدەکرێ، ڕادەستکردنی سوریاش بەو گرووپە توندڕەوانەی کە تورکیا و بەشێک لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی هەڵیاندەسوڕێنن بەڵگەی گۆڕینی دۆخ و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ڕووداوەکانی ناوچەکە و پرەسە مرۆیيەکانە بەئاراستەی مەترسیدارتر لە ڕژێمە ستەمکارەکانی هەریەک لەو وڵاتانەی ئاماژەم پێکرد .

لەدۆخێكی ئاواشدا ناوچەكە بەردەوامدەبێت لە كەوتنە ناو بازنەی توندوتیژی و ناسەقامگیری ئۆپەراسیۆنی سەربازی زلهێزە نەیارەكانەوە، بەردەوامی شەڕ و ناكۆكیيە ناوخۆیيەكانی سوريا و دەستێوەردانی تورکیا و ئێران و ڕووسیا لە ناوچەكە و هەژموونی ئەمریكا و وڵاتانی هاوپەیمانی بەسەر پرۆسەی گۆڕانكاریيەكانەوە بۆخۆی فتیلەی شەڕێكی بێكۆتایە و لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێكاندا، مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازیش وەک بژاردەیەکی ترسناک دەبێتە یەكێك لە ئەگەرە كراوەكانی ناو ناكۆكیيە نێودەوڵەتیيەكان و ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێیەكی فراوانتری ناوچەیی و ناسەقامگیری و نائارامی درێژخایەن، کە ئەمەش ڕوویدا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری قووڵ و سەرهەڵدانی شەڕی ڕاستەوخۆ و تێكدانی ئاسایشی سیاسی و ئابووری و قەیرانی مرۆیی و ئاوارەبوونی خەڵكی مەدەنی و کاریگەریيەکانیشی ڕەنگدانەوەی دەبێ لەسەر ئایندەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و هەر پرسێک کە پەیوەندی بە گەلانی ناوچەکەوە هەبێت. 

لەم ڕووکارەشدا فاکتەرە سیاسییە دەرەکیيەکانی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی دەست و پەنجەیان لەگەڵ ڕژێمە پاوانخوازەکاندا گەرمکردووە، بوونەتە هۆکاری بەرهەمهێنانی توندوتیژی و گەشەپێدانی ململانێی تائیفی نەخوازراو هەندێک گرووپی پەراوێزخراوی توندڕەو و نامۆیان پەروەردە کرد، کە هەموویان پاشخانێکی ئیسلامی توندڕەویان هەیە، وەک ئەو گرووپە تایفەگەری و ئیسلامیيانەی کە لە عێراقدا بەقووڵی دابەشبووە بەدرێژایی هێڵە تائیفیيەکان، بەتایبەتی لەنێوان موسڵمانانی سوننە و شیعەدا. گرژییە تائیفیيەکان بەهۆی دەستکاریکردنی سیاسییەوە توندتر بوو، کە بووە هۆی خولگەی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە. گرووپە توندڕەوەکان ئەم دابەشبوونانە دەقۆزنەوە بۆ پێشخستنی ئەجێنداکانیان و پەرەپێدانی ڕق و کینە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ڕێگە خۆشکردن بۆ دەستێوەردانی دەرەکی و بەردەوامیدان بە ململانێ و کێشمەکێشی مەزهەبی و تائیفی وەک ئەوەی ئەمڕۆ ئەمریکا بەسەرکردایەتی هاوپەیمانەکانی تەراتێنی تێدا دەکات و ناوچەکەی خستۆتە ناو پشێوی و هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەت و  بۆشایيەکی ئەمنی مەترسیداری بۆ گرووپە توندڕەوەکان خولقاندووە.

گەشەکردنی ئەم جۆرە گرووپانە و دروستبوونی ئەو بۆشایيە ئەمنیە دیدگای سیاسی و پرسە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكان دەخاتە بەردەم مەترسی و كاریگەرییە درێژخایەنەكانی ئەم گۆڕانكاریيانەش دەبێتە هۆکاری تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی و مانەوەی هەژموونی ئەمریکا و دەوڵەتە زلهێزەکان لە ناوچەکە و دەبێتە هۆی نائارامی سیاسی و ئابووری و زیادبوونی هەڕەشەكانی شەڕ و گۆڕانكاری چاوەڕواننەكراو لە سیاسەت و هەڵسوكەوتی بەشێك لە حكومەتەكانی ناوچەكە و جگە لەوەش ئەمریكا بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندیيەکانی خۆیەوە ناتوانێت سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی وزە و یەدەگی متمانەپێكراو بپارێزێت و ئەو متمانەیەی لە دەستداوەو دەمێکە زیان بە ئابووریی وڵاتانی سەرتاسەری جیهان دەگەیەنێت و بووەتە هۆی هەڵتەكاندنەوەی بەشێك لەو پێشكەوتنانەی كە لە ساڵانی ڕابوردوودا بەدەستهاتوون ، گرژییە جیۆپۆلەتیكی و تائیفییە ڕیشەیيەکانیش لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە گەشەکردن و سەرهەڵدانەوەدان و خەریکە توندوتیژیی نوێ بەرهەمدێنێ.

بە کورتی گرژی و ئاڵۆزیيە سیاسی و ئابووریيەکانی ناوچەکە ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ململانێی بەردەوامی نێوان زلهێزەکان و هاوپەیمانەکانیان و تەنها سووتەمەنیش لەم نێوانەدا گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هیچیتر، لەنێو ئەم هەموو گرژی و ئاڵۆزیيە ناهاوسەنگەشدا کە ژینگەی سیاسی ناوچەکەی داپۆشیوە، کورد لە هاوکێشەکە بەدەرنابێ و بێخواستی خۆی دەکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕانکاریيەکان و دەشێ  قورسیش لەسەری بکەوێ گەر بەستراتیژێکی بابەتیيانە و ڕوانگەیەکی هۆشیارانە و بەدیقەتەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەوتی ڕووداو و پێشهاتەکان نەکات و تێگەیشتنێکی وردی نەبێ بۆ ئەو ئەگەر و حاڵەتانەی کە لە پرۆسەی گۆڕانکاريیەکاندا دێنە پێش و ڕەنگە دواجار ببنە دیفاکتۆ لە کایەی سیاسی و ئابووری ناوچەکەدا.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا