
ستار ئەحمەد
پاوانخوازی گەورەترین ئەو تەڵە مێژووییە بوو کە ڕێڕەوی مرۆڤایەتیی لێڵ کرد و جەوهەری پەیامە ڕاستەقینەکانی لە ناوەڕۆک خاڵی کردەوە. کاتێک بە وردی سەیری ڕەگ و ڕیشەی ئەم دەردە دەکەین، دەبینین لەو چرکەساتەوە سەری هەڵدا کە بەرژەوەندیی کاتی و دەمارگیریی هۆزایەتی، جێگەی دادپەروەریی گشتگیری گرتەوە. پاوانخوازی لەوێوە دەستی پێکرد، کە دەسەڵات لە ئەرکێکی ئاکارییەوە گۆڕا بۆ دەستکەوتێکی ڕامیاری و تەختی حوکمڕانی لەبری ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ خزمەت، بوو بە ئامانجێک بۆ سەپاندنی هەژموون و تێرکردنی حەزی خۆسەپێنی.
سەرەتاکانی ئەم لادانە مەترسیدارە، لە پەراوێزخستنی ڕاستییەکان و پێشخستنی ململانێی هێزەوە دەستی پێکرد. هەر لەو ساتە مێژووییانەی ،کە بڕیارە گرنگەکان لە پشت پەردەی بەرژەوەندیی تاقمەکاندا دران، بناغەیەک بۆ جۆرە دەسەڵاتدارییەک داڕێژرا، کە دواتر بوو بە ڕێگایەکی فراوانخوازی تینوو بە خوێن. لەو قۆناغەدا، بەناوی بڵاوکردنەوەی پەیامەکانەوە، دەرگای داگیرکاری بەڕووی خاکی گەلاندا واڵا کرا. ئەو هێزەی بڕیار بوو زنجیری کۆیلایەتی بپسێنێت، خۆی بوو بە زنجیرێکی نوێ و بەناوی پیرۆزییەوە دەستی بەسەر ژیان، ئابڕوو، و سامانی نەتەوەکانی تردا گرت. لێرەوە بوو کە داگیرکاری لە گەیاندنی ڕووناکییەوە، گۆڕا بۆ کۆکردنەوەی سەرانە و زەوتکردنی ئازادیی گەلان و بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان.
ئەم بیرکردنەوەیە کاتێک گەیشتە لوتکەی بێئابڕوویی، کە حوکمڕانی لە ڕاوێژ و لێهاتووییەوە گۆڕا بۆ پاشایەتیی پشتاوپشت و میراتگریی بنەماڵەیی. لێرەدا بوو کە پاوانخوازی ڕووی ڕاستەقینەی خۆی دەرخست؛ دەسەڵات لە دەستی تاقمێکی دیاریکراودا قەتیس ما و هەر دەنگێکی جیاواز وەک یاخیبوون و لادان ناسێنرا. لەم قۆناغە تاریکەدا، پێنووس کرا بە خزمەتکاری شمشێر و پیاوانی ئایینی کران بە پاسەوانی کۆشکەکان. ئەوان پیرۆزییەکانیان کرد بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی پاشاکان و چەسپاندنی پایەکانی تەختی دەسەڵات. هەر لەم کاتەوە، جیاکاریی ڕەگەزی سەری هەڵدا و نەتەوەکانی تر کران بە ژێردەستە، کە ئەمە خۆی لوتکەی دژایەتیکردنی ئەو ڕاستییە بوو، کە هەموو مرۆڤەکان بە هاوتا و یەکسان دەبینێت.
ئەمڕۆ دەبینین ئەم ڕێبازە چەوتە گەیشتوەتە ئاستێکی وەحشیگەرانە و بێئابڕووییەکی ئاوا کە چیتر تەنها خاک داگیر ناکات، بەڵکو جەستەی منداڵان و کەرامەتی مرۆڤیش دەکاتە نێچیری چێژە گڵاوەکانی. ئەو تاوانە جەرگبڕەی کە تێیدا کچێکی مێردمنداڵی کورد لە کۆشکەکانەوە فڕێ دەدرێتە خوارەوە،یان شەرڤانێک دوای گیان سپاردنیشی دەستدرێژی دەکرێتە سەر کەرامەتی و وەک شانازی بڵاو دەکرێتەوە،ئەمانە تەنها تاوانێکی ئاسایی نیین؛ ئەمانە نەوەی ڕاستەقینەی ئەو عەقڵییەتە پاوانخوازەن، کە مرۆڤ بە کاڵا و کۆیلە دەبینن. شەرمەزارییە بۆ ئەو پیاوە ئایینییانەی کە بە بێدەنگی یان بە پشتیوانی، ڕەوایی دەدەن بەم خوێنڕێژانە. ئەوانەی ئایین بۆ بەرژەوەندیی هێز بەکاردێنن، هەمان ئەو کەسانەن کە لە مێژوودا ڕێگەیان بە کوشتنی بێتاواناندا تەنها بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندییەکانیان بێبەش نەبن.
ئەم پاوانخوازییە تەنها داگیرکردنی خاک نەبوو، بەڵکو داگیرکردنی عەقڵ و ویژدانیش بوو. بەدرێژایی سەدەکان، ئەم چاوچنۆکییەی دەسەڵاتداران وایکرد، کە مێژوو بە خوێنی بێتاوانان و فرمێسکی هەژاران بنووسرێتەوە. ڕاستی هەمیشە وەک خۆر دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو تەمومژەی پاوانخوازان دروستیان کردووە، وایکردووە کە زۆرێک لە مرۆڤەکان ڕێگەی ڕاستەقینەی ئازادی ونبکەن. تەنها ڕێگە بۆ ڕزگاری، گەڕانەوەیە بۆ ئەو باوەڕە پاکەی کە مرۆڤ تەنها لەبەردەم حەقدا سەر دادەنەوێنێت. دەبێت بزانرێت کە هەر دەسەڵاتێک مرۆڤ بچووک بکاتەوە و خاک و کەرامەتی گەلان بۆ بەرژەوەندیی تاقمێک پاوان بکات، ئەوە گەورەترین خیانەتی لە مرۆڤایەتی کردووە. مێژوو سەلماندوویەتی کە کۆشکەکان دەڕوخێن، بەڵام ئەو برینانەی لە جەستەی نەتەوەکاندا دروست دەکرێن، تەنها بە گەڕانەوە بۆ دادپەروەرییەکی بێ مەرج و ناسینی حەقیقەتی مرۆڤ ساڕێژ دەبن.