ستار ئەحمەد

 

​کاتێک باس لە مافی مرۆڤ دەکرێت، مرۆڤ وا هەست دەکات لەبەردەم کۆنسێرتێکی گەورەی نماییشیدایە، ئەکتەرەکانی تەنها بۆ ئەوە ڕاهێنراون لە ئاست ڕاستییەکاندا خۆیان بە نابینا نیشان بدەن. ئەو ڕێکخراوە جیهانییانەی  ساڵانە بە بودجەی خەیاڵییەوە ڕاپۆرتی بریقەدار و ئاماری ورد بڵاو دەکەنەوە، لە ڕاستیدا خەریکی بەڕێوەبردنی نمایشێکی گەورەن  تێیدا تەنها ئەو ستەمە دەبینن  بەرژەوەندییەکانیان ڕێگەی پێ دەدات، و چاوەکانیان لە ئاست ئەو جینۆساید و ماڵوێرانییانەدا دادەخەن کە لە لایەن خاوەن شکۆ و دەسەڵاتدارانی جیهانەوە ئەنجام دەدرێن. ئەمە گەورەترین درۆ و دەلەسەی سەردەمە،  تێیدا مرۆڤایەتی کراوەتە کاڵایەکی سیاسی و لە بازاڕی زلهێزەکاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت، بەبێ ئەوەی یەک هەنگاوی کردەیی بۆ داکۆکیکردن لە زوڵم و چەسپاندنی دادپەروەری ڕاستەقینە بنرێت.

​ئەم ڕێکخراوانە بە درێژایی مێژووی کارکردنیان سەلماندوویانە، ویژدانیان تەنها بەو پارە و بودجانە دەجوڵێت کە لە سەرچاوە گوماناوییەکانەوە بۆیان دێت، هەربۆیە دەبینین لە ئاست کێشە و کارەساتە گەورەکاندا کە دەستی وڵاتە دەستڕۆیشتووەکانی تێدایە، دەبنە کەڕ و لاڵ و تەنها کاتێک دەنگیان دێتە دەر کە بیانوویەک بدەنە دەست هێزەکان بۆ دەستوەردان لە کاروباری گەلانی تر. ئەو درۆ گەورەیەی، ئەم ڕێکخراوانە بڵاوی دەکەنەوە، بریتییە لەوەی  گوایە هەموو مرۆڤەکان لە مافدا یەکسانن، بەڵام کاتێک سەیری واقیعی کارەکانیان دەکەین، دەبینین خوێنی مرۆڤەکان لای ئەوان پلەبەندی بۆ کراوە و بەپێی نەژاد و جوگرافیا و ئایدیۆلۆژیا نرخەکەی دەگۆڕێت. ئەوان هەرگیز داکۆکیکاری دادپەروەری نەبوون، چونکە دادپەروەری ڕاستەقینە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییەدا ناگونجێت کە ئەم ڕێکخراوانەی دروست کردووە.

​ئەوان خەریکی دروستکردنی نمایشێکی مرۆیی ساختەن بۆ ئەوەی جیهان وا تێبگەیەنن ،چاودێرێک هەیە بۆ ستەم، لە کاتێکدا خۆیان بەشێکن لەو ستەمە و بە بێدەنگییەکەیان لە ئاست تاوانبارە ڕاستەقینەکان، شەرعیەت بە کوشتار و چەوساندنەوە دەدەن. ئەمە گەورەترین چەواشەکارییە کە مرۆڤی هاوچەرخ پێی بخەڵەتێت، چونکە ئەو ڕێکخراوانەی بودجەکەیان لەلایەن فرۆشیارانی چەک و خوێنڕێژەکانەوە دابین دەکرێت، مەحاڵە ڕۆژێک لە ڕۆژان خەمی مرۆڤە هەژار و بێدەرەتانەکانیان بێت، بەڵکو تەنها کارەکتەرێکی سەر شانۆن بۆ جوانکردنی ڕوخساری ئەو دێوەزمەیەی کە جیهان بەڕێوە دەبات. خیانەتی گەورەی ئەم دامەزراوانە لەوەدا دەردەکەوێت،  ئەوان خەڵکییان فێری ئەوە کردووە چاوەڕێی ڕزگارکەرێکی نێودەوڵەتی بن، لە کاتێکدا ئەو ڕزگارکەرە خۆی جەلادە. ئەوان بە ڕاپۆرتە درۆینەکانیان ڕاستییەکان سەرەوژێر دەکەن و قوربانی دەکەنە تاوانبار و تاوانباریش وەک پارێزەری ئاشتی نیشان دەدەن. هەتا ئەم ڕێکخراوانە وەک مەرجەعی ماف بمێننەوە، ستەم هەرگیز کۆتایی نایەت، چونکە ئەوان نەک هەر چارەسەر نین، بەڵکو خۆیان بەشێکی گەورەن لەو کێشە ئەخلاقییەی کە مرۆڤایەتی پێوە دەناڵێنێت.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا