مەغدید حاجی
ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی ئێوارەی ڕۆژی 13-3-2025 لە هەولێر ڕووید؛ تاوانبارێکی دڕندەی ڕەفتار داعشی خێزانی خۆی و خوشکی خێزانی و خەسوو و خەزووری خۆی لە یەک کاتدا یەک لە دوای یەک کوشتن، هەموومانی لە ناخەوە خەمبار و دڵگران کرد.
مامۆستا کەمال خدر پەستەک سۆر، خەزووری بکوژی دڕندە، مامۆستا و پێشمەرگەی دێرین و هاوڕێیەکی دڵسۆزی حزبی شیوعی بوو. هەر لە سەرەتای لاوییەوە چۆتە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق لە کۆیە، لە ساڵانی 1963 و 1964 پێشمەرگەی حزب بوو لە بارەگای چیای ئاوەگرد لە نزیک کۆیە، ماوەیەک بەرپرسی ئیداری ئەم بارەگایە بووە.
مامۆستا کەمال پەروەردەکارێکی دڵسۆز بوو، لە ماوەی 40 ساڵ مامۆستاییدا، چەندین نەوەی پێگەیاندووە.
مامۆستا ڕۆشنبیرێکی پێشکەوتنخواز بوو، خوێنەرێکی بەپەرۆشی هەفتەنامەی ڕێگای کوردستان بوو، هەموو هەفتەیەک ڕۆژنامەکەی دەکڕی و زۆربەی بابەتەکانی دەخوێندەوە، ئەگەر هەفتەیەک دەرنەچووبا تەلەفۆنی بۆ دەکردین و دەیپرسی بۆ دەرنەچووە؟ ئەگەر سەرنجی لەسەر بابەتێک هەبووایە، یان هەڵەیەکی بەدیبکردایە، بەتەلەفۆن پێیدەگوتم، ئەمەشیان لە ڕوانگەی دڵسۆزی بوو.
هەزار جار حەیف و مخابن بۆ مامۆستا کەمال و مامۆستا سەباحەتی هاوسەری و هەردوو کچە پزیشکە دڵسۆز و بەڕێزەکانیان. هەزاران دروود بۆ گیانی پاکیان. هەزاران نەفرەتیش بۆ بکوژی دڕندە.