بە ڕوونی

كاوە مەحموود

ماركسیزم و چینی كۆمەڵایەتی

بەشی حەوتەم/ چارەنووسی چینی ناوەند

لە ماوەی دە ساڵی ڕابووردوودا توێژینەوە و بابەتی زۆر سەبارەت بە چارەنووسی چینی ناوەند لە ئاستی جیهان و لە ئاستی وڵاتێكی دیاریكراودا نووسراوە. بە شێوەیەكی گشتی بنەمای نووسین سەبارەت بە دیدی گەشەپێدان و گەشبینی لەڕەوشی ئایندەی چینی ناوەند و چاوەرێكردنی چارەنووسێكی باشتر بۆی چینی لە ئاستێكی جیهانیدا بۆ ڕەوشی جیهانگیری (گڵۆباڵیزم) و بانگەشەی نیولیبرالیزمەكان دەگەڕێتەوە، كە پێیان وایە سیاسەتی بەتایبەتكردنی رەها و نیولیبرالیزم وسنووردانان بۆ ڕۆڵی دەوڵەت، كە ئەركەكەی تەنیا پاسەوانی بێت،  بە شێوەیكی كردەیی بوژانەوەی بۆ چینی ناوەند لە ئاستێكی جیهانیدا درووست كردووە. 

خوێندنەوەیكی بابەتییانە دەربارەی ئەم بۆچوونە لە ئاستی كۆمەڵگا جۆراوجۆر و هەمەجۆرەكان لە بواری ئاستی گەشەسەندنی ئابووری و سیاسەتی ئابووری پەیڕەوكراو تیایاندا بە تەواوی پێچەوانەی ئەو بۆچوونە دەردەخات و، هەر بۆیە لە سەرجەم توێژنەوەكان سەبارەت بە چارەنووسی چینی ناوەند گرفتی تیۆری بەدی دەكرێن و سەرەتایترینیان ئەوەیە، كە ناكرێ بە گشتگیری و بە یەك باكێچ و بە یەك نموونەی كۆپیكراو، ڕەوشی چینی ناوەند لە وڵات و كۆمەڵگا جیاوازەكاندا بخرێنە ڕوو. 

بەرامبەر ئەو توێژینەوانەی لە دیدی نیولیبرالیزم كراوە، توێژینەوە و لێكدانەوەی پێچەوانە سەبارەت بە چارەنووسی چینی ناوەند هەن، و میتۆدی ئەو توێژینەوانەش دیسانەوە شوناسێكی گشتگیری بە خۆیەوە دەگرێت و دەرئەنجامەكانیان جەختكردنە لەسەر كۆتایهاتن بە بوونی چینی ناوەند و باس لە چارەنووسی نادیاری ئەم چینە و ڕۆچوونیان بۆ هێڵی هەژاری دەكرێت.

ڕەوشی چینی ناوەند لە ناوەندە سەرمایەدارەكان لە ژیر كارتێكردنی كۆتایهاتن بە چەمكی دەوڵەتی خۆشگوزەراندایە و، بەردەوام تۆڕەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی و ئەركی دەوڵەت لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت. لە بەرامبەردا كۆمەڵیك توێژی پەراوێزخراوی هەمەجۆر درووست بووە، كە ئەگەر توێژینەوە سەبارەت بە ڕەچەڵەكی چینایەتییان بكرێت، بۆ چینی ناوەندی ئەو كۆمەڵگایانە دەگەڕێنەوە.

لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئەم ڕەوشە بە بەردەوامی و بە جێگری دەمێنێتەوە یان لە دۆخی گۆڕانكاری بەردەوام دایە؟

بە بۆچوون و خوێندنەوەم بۆ ئەم بابەتە مەسەلەی ریزبەندی چینایەتی لە كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا لە دۆخی مەنگبوون و ڕاوەستان و چەقبەستوودا نییە و پێداویستییەكانی ژیان وا لە ناوەندێكی كۆمەڵایەتی دیاریكراو دەكات لە پێناوی باشتركردنی ژیانی خۆی بزافی كۆمەڵایەتی بۆ گۆڕانكاری رێك بخات. لە ساڵانی ڕابووردوودا ناوەندە سەرمایەدارەكان چەندین بزافی كۆمەڵایەتییان بە خۆوە بینی، لەوانە دژە جیهانگەراییەكان (ئەنتی گڵۆبالیزم) و كۆربەندی كۆمەڵایەتی و بزوتنەوەی یەلەك زردەكان لە فەرەنسا، كە سەرجەم ئەم بزافانە شوناسی چەپگەرایی هەبوو و، هاوكات لە ئاكامی ئەو ڕەوشە ئابووریەی چینی ناوەند بزافی ڕاستڕەویش پەیدا بوو.

چینە كۆمەڵایەتییەكان بەردەوام لە حاڵەتی جۆڵانەوەی دینامیكیدان و، گۆڕانكارییەكان لە بواری سەرچاوە و ئاستی داهات و پلەی خوێندن و ڕاهێنان و شوێنەواریان لە دابەشبوونی كار و شێوازی ژیان و توانای بەكاربردن و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، كارتێكردنی چەندایەتی و چلۆنایەتییان لەسەر چینە كۆمەڵایەتییەكان هەیە.  

چارەنووسی چینی ناوەند لە كوردستاندا بە ئاراستەی ئەرێنی و بە واتەی بینینی ڕۆڵی مێژووی خۆی لە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و پێشكەوتن و تەنانەت لە پرۆسەی مۆدێرنەتە بەندە بە بزافی كۆمەڵایەتی توێژە خواروو و ناوەڕاستەكانی ئەم چینە، كە لە قەیرانی ئەمڕۆی كوردستاندا كەوتۆتە بەرداشی ناوەندی توێژە دەوڵەمەندە نوێَكان و ئۆلیگارشی دارایی نێو ناوەندی بڕیاری حزبە دەسەڵاتدارەكان. ڕۆچوونی ئەو توێژانە بەرەو هیڵی هەژاری لە هزری چەپ و چینی چەوساوە و هزری چینی كرێكار نزیكتریان دەكاتەوە. لێرەدا گرنگی كارتێكردنی هێزی چەپی كوردستان دێتە پێشەوە بۆ ئەوەی ناڕەزاییەكان لە چوارچێوەی داواكاری سنوورداردا بۆ نموونە تەنها بۆ موچە نەمێنێتەوە، بەلًكو ئاراستەی داواكاری و درووشمەكان جموجۆلی ناڕەزاریی جەماوەر بەرەو گۆڕانكاری لە سیاسەتی ئابووری و لە شێوازی حوكمڕانیدا بێت.

لە كوردستاندا بە هۆی سیاسەتە ئابوورییەكان و بێمنەتی دەسەڵات لە وەرگرتنی ڕەوابوونی دەسەڵات لەو چینە و، پشتبەستنی بە هیزی سەربازی حزبی و زیندووكردنەوەی كەسایەتی كاریگەر بەسەر پێكهاتە تەقلیدییەكان وەك سەرۆك عەشیرەتەكان و، بەخشینی پارەی سیاسی بەسەریاندا و، سازشكردن لە گەڵ ناوەندی ئیسلامی سیاسی سەلەفی، چینی ناوەند لە ژێر كارتێكردنی كۆمەڵێك فشاری جۆراجۆر و هەنگاوی بەرتەسككردنەوەی ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییدایە.

ئەو فشارانە لە چەندین خاڵدا بەرجەستە دەبێت لەوانە: 

ــ بەردەوامبوونی چەوساندنەوەی چینایەتی و دیاردەی گەندەڵی و لاوازی حوكمی یاسا و كارانەبوونی دامەزراوەكان.

ــ زیادكردنی باج و وەرگرتنی پۆل و نرخی سەرجەم ئەو خزمەتگوزارییانەی، كە پێشتر حكومەت وەك ئەركێكی كۆمەڵایەتی و ئابووری ئەنجامی دەدا.

ــ نەبوونی بیمەی كۆمەڵایەتی و بیمەی تەندروستی و، فراوانكردنی بەتایبەتكردن لە سەرجەم چالاكییە ئابوورییەكان.

ــ درووستبوونی ڕەوشێكی شێواندن و بڵاوبوونەوەی هۆشمەندی چەواشە و شێواندنی ڕەوشی كەلتووری و بایەخنەدان بە پشتگیریكردنی بەرهەمی كەلتووری هەمەجۆر و تەماشاكردنی بەرهەمی نووسین و هونەری لە بورای شانۆ و سینەما و شێوەكار وەك بابەتێكی ناپێویست و زێدە لە كۆمەڵگادا و، ئەمەش ڕاستەخۆ لە ڕۆڵی چینی ناوەند لە پرۆسەی مۆدێرنەتە كەمدەكاتەوە و كارتێكردنی نەرێنی لەسەر شوناسی كوردستانیبوون هەیە.

ــ كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی كوردستان و گرفتەكان لەگەڵ بەغدا بە پلەی یەكەم كارتێكردنی ڕاستەوخۆ و كاریگەری لەسەر چینی ناوەندی كوردستان هەبووە. نەریتی وڵاتپارێزی و تێكۆشان و ئاراستەی سیاسییانەی هزری بزوتنەوەی نیشتمانی كوردستانی بە شێوەیكی مێژوویی بەرهەم و ڕەنجی ئەم چینە بووە و، ئێستا بە هۆی سیاسەتی پەیڕەوكراو لە هەرێمی كوردستاندا لە لایەك و بە هۆی بەردەوامبوونی كاركردن بە سیاسەتی سنووردانان و كەمكردنەوەی مافە نیشتمانییە كوردستانییەكان لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە، چینی ناوەند لە دوو ڕێایاندا دەژی و، دووچاری گرفتێكی كردەیی لە گرێدانی ئەركە نیشتمانییەكان بە ئەركە چینایەتییەكان دەبێتەوە. 

ــ چینی ناوەند لە كوردستاندا وەك پێكهاتەیەكی باوكمردوو دەردەكەوێت و، توانا و داهات و سامانی نیشتمانی كوردستان جگە لە فشار و هەڕەشەی بەغدا لەسەری، هەر لە بەرژەوەندی نوخبەی ئۆلیگارشی و دەوڵەمەندە نوێكان و خزمەتكارەكانیاندایە و، ئەم ڕەوشە دەبێتە مایەی پەیدابوونی شێوازێك لە خۆبەدەستدانەوە و نەمانی بەرەنگاربوونەوە لە گیانی پاراستنی بەها و نەریت و دەسكەوتەكانی گەلی كوردستان و بیركردنەوە لە پەرەپێدانی و، ئەركی چەپی كوردستانە، كە ئەم ڕەوشە نەرێنییە بەرەو ڕەوشێكی ئەرێنی لە ڕێگای فشاری جەماوەر و گەڵاڵەكردنی گوتاری سیاسی پێویست، ئەنجام بدات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە