
مێژووی گەلان تەنیا کۆمەڵە ڕووداوێکی ڕابردوو نییە، بەڵکوو بنەمای سەرەکیی بوون، شوناس و مانەوەی نەتەوەییە لە ئێستادا. کاتێک نەتەوەیەک خاوەنی شارستانییەتێکی دێرین، دەوڵەمەند و ڕەسەن بێت، زۆرجار ڕووبەڕووی لێشاوی سڕینەوە، شێواندن و داگیرکاریی هزری دەبێتەوە. گەورەترین مەترسی کە ڕووبەڕووی میراتی کولتووری و مێژوویی گەلی ئێمە دەبێتەوە، تەنیا داگیرکردنی خاک و جوگرافیا نییە، بەڵکوو دزینی داهێنانە زانستی، ئەدەبی، فەلسەفی و مرۆییەکانیەتی و خەڵاتکردنی ئەو کەسانەیە کە ئەم چەواشەکارییە ئەنجام دەدەن. ئەمە جەنگێکی بێدەنگ و سیستماتیکە بۆ گۆڕینی ڕاستییەکان و چەواشەکردنی نەوەکانی داهاتوو لە ڕێگەی سڕینەوەی بەشە گەشاوەکانی مێژووی نەتەوەیەک و بەخشینی بەوانی تر. کاتێک مێژووی نەتەوەیەک دەبێتە جێی تەماحی نەیاران، ململانێیەکی قورس لەسەر شوناس دروست دەبێت کە تێیدا لایەنی داگیرکەر هەموو توانایەکی مادی و دامەزراوەیی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی ڕاستییەکان سەرەوژوور بکاتەوە و داهێنانەکان بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات.
لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە، زمان، بیر و داهێنان پێوەر و پێناسەی سەرەکیی بوونی هەر نەتەوەیەکن لە گەردووندا. کاتێک دەورووبەر هەوڵ دەدەن زمان بە داتاشراو، پۆشاک و جلوبەرگ بە خواستراو، و هونەر، ئاواز و سەما بە دەستکەوتی مێژوویی خۆیان بناسێنن، ئامانجی سەرەکییان نکوڵیکردنە لە داهێنەر بوون و زیندوێتی ئەو گەلە. تێکەڵکردنی چەمکەکان و گۆڕینی شوناسی زانا، فەیلەسوف، شاعیر و سەرکردە مەزنەکان، جۆرێکە لە پاکتاوی هزریی بەردەوام. گۆڕینی ناسنامەی کەسایەتییە مێژووییەکان لە ناوەڕۆکی دەق، دەستنووس و وەرگێڕانە نوێیەکاندا، یان سڕینەوە و حاشاکردن لە بەش و فەسڵە مێژووییەکان، هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ دروستکردنی بۆشاییەکی سەخت لە یادەوەریی بەکۆمەڵی گەلێکدا، تا وای لێبێت باوەڕ بە پاشکۆیەتی و کەمایەتی خۆی بهێنێت و لە ڕەسەنایەتی، زەوی و خاکەکەی دابڕێت. ئەم سڕینەوەیە تەنانەت ئەفسانە، چیرۆک و لایەنە ڕۆحییەکانیش دەگرێتەوە، چونکە دزینی گیانی گەلێک، هۆکارە بۆ لاوازکردنی خواستی مانەوەی لە داهاتوودا.
ئەم بارودۆخە نالەبارە ئەرکێکی ئێجگار ترسناکی زانستی، رۆشنبیری و وێژەیی دەخاتە سەر شانی ڕووناکبیران، نووسەران و توێژەرانی ڕەسەن. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم لێشاوە گەورەیەی شێواندن، بە تەنیا بە گریان، هاوار، گلەیی و کاردانەوەی کاتی ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە خەباتی هۆشیی ڕێکخراو، بەردەوام هەیە کە پشت بە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر ببەستێت. پێویستە زمان لە پاشماوەی وشە نامۆ و بەقەرزگیراوەکان پاک بکرێتەوە و وەک ئامرازێکی تیژ و ڕەوان بۆ دەرخستنی ڕاستییە مێژووییەکان بەکار بهێنرێت. نووسینەوەی مێژوو بە شێوازێکی هاوچەرخ و زانستی، پێداچوونەوە بە دەقە کۆنەکان و بەکارهێنانی زمانێکی پاک و پاراو لە نووسینی لێکۆڵینەوەکاندا، تاکە ڕێگەی زانستییە بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو تێزە چەواشەکارییانەی کە لە ناوەندە دەرەکییەکاندا بە پارە، ئیمتیاز، پلە و پایە و بڕوانامەی باڵا پەرەیان پێدەدرێت و بڵاو دەکرێنەوە.
دواجار، پاراستنی ئەفسانە، حەکایەت، ئاواز، مۆسیقا و تەواوی کلتووری دەم بە دەمی باوان، تەنیا پاراستنی فۆلکلۆر و هونەر نییە، بەڵکوو هێشتنەوەی گیان و شکۆی نەتەوەیە بە زیندوویی. کاتێک ئێمە بەرهەمەوێژەیی و هزرییە ڕەسەنەکانمان بە زمانی دایکی خۆمان دەنووسینەوە، دەیپارێزین و بە شێوازێکی هاوچەرخ گەشەی پێدەدەین، ڕێگرێکی سەرەکی دەبین لەوەی تابلۆ، مۆزیک، مێژوو و ناسنامەمان لەژێر ناوی تری نامۆدا پێشکەش بە جیهان بکرێت. پێویستە بە وردی درک بەوە بکەین کە خاوەندارێتی ڕاستەقینەی مێژوو بۆ ئەو کەسانە و ئەو گەلانە دەمێنێتەوە کە دەتوانن بە زانست، بیر، وێژەیەکی بەپێز و بەڵگەی ڕوون بیسەلمێنن و ببنە پاسەوانی سامانی خۆیان، نەک بۆ ئەوانەی بە دزی، ساختەکاری و شێواندنی سەرچاوەکان دەیانەوێت ناسنامەیەکی درۆینە و دزراو بۆ خۆیان پێکبهێنن و داهێنانی گەلانی تر بکەنە دەستکەوتی خۆیان.
