نووسین/ زیرەك كەمال
لەوەتەی هۆشم پێڕۆكە بووە و دەستی چەپ و ڕاستی خۆم دەناسم، زانیومە و خۆشم بە چاوی خۆم سەدان جار بینیومە كەوا سەگ و كەر و پشیلە سێ گیانداری برادەری هەرە نزیكی مرۆڤ بوونە.
ئاخر من گوندیمە، منداڵیم لەژێر سێبەری داربەڕوو لەناو چەم و دێبەر و كێڵگەكانی گوند گەورە كرد و هەر لەوێش ئەو منداڵەتییەم بەتەمەنی گەنجییەتی سپارد.
لەگوندی وەرێ زێدی لەدایكبوونم، ئێمە وەكو خانەوادەی باوكم سێ كەر و چوار پشیلە و دوو سەگمان هەبوو ، خەڵكی گوندیش هەموویان وەكو ئێمە خاوەنی سەگ و پشیلە و كەری خۆیان بوون و هەموو ئیشە قورسەكانی خۆیان بە كەرەكان دەكرد.
خەڵكی ئاوایی ڕۆژانە لە چیاكانەوە بارە داریان پێ دەهێنان، بۆ هەر كوێیەكیش چووبان سواری پشتی كەرەكانیان دەبوون، جا كەر نەبوایە كوا خەڵكی گوند توانای ژیانیان دەبوو، هەرووەهاپشیلەكانیشیان ڕۆژانە و شەوانە ڕاوی مشك و مار و زیندەوەرە زیانبەخشەكانیان دەكرد، لە دەورەی كابانی ماڵێ ناز و سەمایان دەكرد هەردەم بەشێك بوون لە ئاوەدانی ناو ماڵ، ئای كە جوان بوون پشیلەی گوندەكەمان.
سەگەكان گەرمتر و زیندووتر و بەئاگاتر لە شوان پاسەوانیی مەڕ و بزن و كار و بەرخەكانیان دەكرد، راوەدووی هەموو ئەو گورگانەیان دەنا، كە هەردەم مەترسی بوون لەسەر ئاژەڵەكانی گوند.
دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا من و برادەر و هاوڕێی زێدە ئەزیزم هێرش مەغدید، بەناو تولانی گەرمای تاقەتپڕووكێنی هاویندا، سەری بێزاری خۆمان لە دەست گەندەڵی و قسەی بێمانای میدیا و نابەرپرسیاریەتی سیاسییەكان هەڵگرت و رووەو سەنتەری شاری هەولێر ملی رێگامان گرتە بەر.
ئەگەرچی چۆڵیی بازاڕ و گرانیی پێداویستی و بەتاڵیی گیرفانی خەڵك هیچ جۆرە سیما و روخسارێكی بەشارەوە نەهێشتووە، بەڵام هەر دەبێ بڵێین شار، دواتر من و هاوڕێم گەڕاینەوە و لەسەر كورسییەكانی نزیك پارێزگا دانیشتین، لەپڕ پشیلەیەكی زەردی چاو شینی ئێسكسووك گەیشتە لامان و وەكو بڵێی دەمێكە دەمانناسێ كەوتە گەمەكردن لەگەڵمان، دواتر بە وێنەی پەروانەی دەورەی شەم و چەرخ و فەلەك بەدەوری هێرشدا كەوتە سووڕانەوە، ئینجا بە قاچەكانی هەڵگەڕا و بەجۆرێك كەوتە سەماكردن بەدەوری هاوڕێمدا، من لە ژیانمدا نە پشیلەی ئەوهام بینیوە نە گەمەی لەو شێوەیەش. هێرش مەغدید گوتی پێدەچێت ئەو پشیلەیە برسی بێت، بۆیە بەپەلە ڕایكرد بۆ لای دۆندرمە فرۆشەكەی نزیك خۆمان و قاپێك مۆتەی شیری بۆ هێنا، بەڵام پشیلەكە دەمی لێنەدا.
پیاوێك لە نزیك ئێمە دانیشتبوو خۆی وەكو مامۆستای دەروونناسی ناساند، گوتی ئەو پشیلەیە برسی نییە تەنها ئەو پیاوەی خۆشدەوێت، مەبەستی هێرشی برادەرم بوو، گوتیشی چونكە ئەو پشیلەیە و هەموو پشیلەیەك پاراسایكۆلۆژیایان بەهێزە و ماهیەتی مرۆڤ دەناسن.
بەڵێ مامۆستای پاراسایكۆلۆژیا ڕاستی كرد، چونكە هێرش خۆی مامۆستایە و هونەرمەندێكی دەستڕەنگینی نەخشەسازی و هونەری شێوەكارییە و ئەوەش ڕۆمانسیەت و ناسكییەكی زۆری پێبەخشیوە، بۆیە گەمە و ناز و سەمای پشیلەكە و نزیكبوونەوەی پشیلەكە لێی چاوەكانی هاوڕێمی پڕكرد لە فرمێسك.
كە ڕۆیشتین بەمنی گوت زیرەكی هاوڕێم چۆن لەو پشیلەیە تێگەیشتی، وتم هاوڕێم ئاوا تێگەیشتووم دڵنیام پیاوە تەزبێح درێژەكانی سەر كورسییەكانی بن قەڵات چەندین جار بە شەق تێیانهەڵداوە، سەدان جار منداڵە هار و هاجەكانی ژێر قەڵا بەردبارانیان كردووە، ئیدی ئەو پشیلەیە بێبەشە لە هەر جۆرە ناز و هەڵگرتنی هەر جۆرە خۆشەویستییەك، دواتر هەردووكمان بەدڵێكی حەزین و سەرسامەوە گەڕاینەوە، بەڵام هەردووكمان دڵمان لای پشیلەكە بەجێهێشت، من بڕیارمدا میهرەبانی ئەو پشیلەیە بكەمە هەوێنی ئەم نووسینە و هێرشی هونەرمەندیش بڕیاریدا بیكات بە تابلۆ.