ئەو کوردەبۆرەی باشوور سایکۆلۆجییەتێکی زۆر سەیری هەیه!
تۆ سەیرکە، لە ئێران و تورکیا و عێراق، هیچ تاکێکی پارس، تورک و عارەب کاتێک لە ڕژێمەکانیان توووڕە دەبن، جوێن بە ئاڵا و خاک و پیرۆزییە نەتەوەییەکانیان نادەن و ئاوات ناخوازن دوژمنی نەتەوەکەیان یان نەتەوەیەکی تر، بێت و لە نادادپەروەری و گەندەڵی و ستەم ڕزگاریان بکات. بەڵکو خۆیان هەوڵی چاککردن یان گۆڕینی دۆخەکە و دەسەڵاتەکە دەدەن.
بەڵام کوردەبۆرەی باشوور، لە تڕی خۆی تووڕەبێت، بە کوردبوون و پیرۆزییە نەتەوەییەکانی هەڵدەشاخێت و وەهم دەیگرێت و خۆشحاڵ دەبێت بەغدای پایتەختی فاشییەت و دەمارگیری و دژەکورد، بێت و هەرێم هەڵوەشێنێتەوە و عەرەب حوکمی بکات!
کەناڵی سەتەلایتی کوردیم بینیوە، کە ناوی(ئۆپۆزسیۆن)و شتی لە خۆی ناوە و بەوپەڕی هەوڵی خۆی، مەکینەی ئیعلامی خۆی لەپێناو بەغدا خستبووە کار و ڕێکلامی بۆ ئەو چوونەوە ژێرباڵی بازی فاشییەکانی بەغدا دەکرد و جەنگی دەروونی لە دژی قەوارەی هەرێم جاڕ دابوو.
سەیرە! کابرا فرێندمە لە فەیسبووک و خۆی لا ئەکبەر موحەللیل سیاسییە و کاتی خۆی، خۆی بۆ بوون بە سەرۆکی هەرێم کاندیک کرد و هێلکەباران کراوە، لەو سونگەیەوە غەرەزێکی کەوتووەتە دڵ و زۆرجار لە پۆستەکانی دەبینم، لە داخان بە دڵ پێی خۆشه به تەواوی بچینەوە بن پۆستاڵی بەغدا.
ماوەیەک لەمەوبەر گوتیان دوای مەلەفی نەوت، چیتر شتێک بە ناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان نامێنێت و ئیتر دەبێت هەموو شتێک ڕادەستی میراتگرانی سەددام و بەعس بکەین و ئیتر کوردستان بە تەواوی دەچێتەوە ژێر کەڵبەی بەغدای مەزهەبییەت و عرووبه. داماوەی لەخۆشییان شاگەشکەببوو و دەیگوت: تەواو، لە حوکمی ئەوانە ڕزگارمان دەبێت و قۆناغە خۆشەکە بەڕێوەیە و دیموکراسییەت دەگەڕێتەوە!
ئای موحەللیلی قوڕبەسەر و بەستەزمان، بەغدای بێ سیادە و بێ قانوونی و بێ ئاساییش و غەرقبووی ناکۆکی مەزهەبی و گەندەڵی و گەمەی دەستی تاقمەکان و میلیشیاکان و وڵاتانی ئیقلیمی و عێراقی عەزیم و حکومەتی عەمامەبەسەرەکان بە سوێد و ئەسکەندەنافیا تێگەیشتووە و بە خەیاڵی خۆشی خۆی، عارەب و عێراق و بەغدای دژەکورد، ئیتر هەموو سەری مانگێک، برنجی دەنک دیموکراسی لە فەللوجە و حەوزەی قوومەوە بۆ دێنن!
یا ئوممەتەن زەحیکەت مین جەهلیها ئەلئومەمو.