لەڕوانگەی مافی مرۆڤەوە

   مووچە و  (١١) كورسی

   گەڕانەوە بۆ دواوە  یان هەوڵدان بۆ پێشەوە 

بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ هەموو مرۆڤێك مافی ژیانێكی  گونجاو و دابینكردنی پێداویستیەكانی ژیان و خۆشگوزەرانی هەیە و مافی  ئازادی و بیركردنەوە و ڕا دەبڕین و مافی هەڵسوڕانی سیاسی  و فكری و ڕۆشنبیری و بەشداری ڕاستەوخۆی  ژیانی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی و حوكمڕانی هەیە جا وەك تاك بێت یان وەك گروپ و نەتەوە و كەمینەیەك

 یان پێكهاتەیەكی نەتەوەیی دیاركراو بێت لەناو دەوڵەتێكی سەربەخۆدا یان لەناو هەرێمی دەوڵەتێكی فیدراڵیدا بێت ٠

پێویستە بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی عێراقی  لە چوارچێوەی ئەم بنەمایە خوێندنەوەی بۆ بكەین كە  تاچەند ڕەچاوی ئەم مافانە كراوە و لە ڕەهەند وهۆكارەكانی دەرچوونی ئەم بڕیارانە بكۆڵینەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەوە ٠

  یەكەم : گەلی كوردستان وەك هەرگەلێكی تر مافی ژیانێكی شایستەی هەیە و كارمەند و فەرمانبەرانی بەپێی یاسایی نێودەوڵەتی كار و دامەزراندن و جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ و یاساكانی عێراق مافی مووچە وكرێی شایستەی هەیە ، بۆیە  بەپێی ئەم پێوەرە بێت بڕیاردانی دادگا بۆ پابەند كردنی سەرۆك وەزیرانی عێراق وهەرێمی كوردستان بەپێدان ودابینیكردنی مووچە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كەچەند ساڵێكە دوا دەخرێت و ساڵی وا هەیە چەند مووچەیەك هەر نادەن ، كارێكی ڕاست وڕەوایە و لەبەرژەوەندی  جەماوەرە بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی ،كە مووچە سەرچاوەی سەرەكی  بژێوی ودابینكردنی پێویستیەكانی ژیانی خەڵكیە و دەگونجێت لەگەڵ مافی مرۆڤدا ٠

 دەمێنێتەوە چۆنیەتی پێدانی مووچەیە كەبە چ شێوازێك بێت بەڕاستی ئەركی سەرەكی هەردوو حكومەتی عێراق و بەتایبەت حكومەتی هەرێمە كە هەوڵی ئاسانكاری بدات بۆ ئەم كارە لە چوارچێوەی پاراستنی كەرامەتی ئینساندا بێت نەك یاری كردن بەكات  ٠

دووەم : كەمكردنەوەی  (١١) كورسی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ پێكهاتە نەتەوەیەكانی ناو پێكهاتەی كشتی خەڵكی كوردستان  دیاركراوە  تا بەشێوەی

 ( كۆتا)  پێكهاتەی( توركمان وئاشوری وكلدان وسریان و ئەرمەن) بتوانن بەشێوازی (كۆتا)  بەئاسانی و بەڕاستەخۆیی بەشداری لە ژیانی سیاسی و ناوەند ودەسەڵاتدارێتی سیاسی هەرێمی كوردستان بكەن ، بەدڵنیایەوە بەڕاستی نەهێشتنی (١١) كورسی پێكهاتەكان پێچەوانەی مافی مرۆڤە و پێچەوانەی ئەو یاسا و ڕێكارانەی  یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە كە لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پیادەی  شێوازی  (كۆتا)  كراوە وهەتا ئێستاش بەردەوامە ٠

سێیەم : كارێكی گرنگە  كە لێكدانەوە  بۆ هۆكاری دەرچوونی ئەم بڕیارانە  بكرێت لەسەر هەر سێ ئاستی ناوخۆی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی كە بۆچی هەرێمی كوردستان گەیشتووە بەم ڕۆژە و ئەی دادگای ئیتحادی  بۆچی ئەم بڕیارانەی دەركردو هەردوو پرسكەی كردە یەك  پاكێج و پێكەوە بڕیاری دا لەكاتێكدا كێشەی بەسەرچوونی وادەی پەرلەمان و پرسێكی تازەیە و جیاوازە و ڕەهەندی سیاسی هەیە بەڵام پرسی مووچە و بودجە پرسێكی كۆن وهی چەندین ساڵ پێش ئێستایە ڕەهەندێكی یاسایی وئەخلاقی و مرۆیی هەیە ، 

بەڵام عەقلیەتی ناوەندێتی و كاریگەری دەرەكی و بۆشاییە یاساییەكانی هەرێم  زەمینەی دەرچوونی ئەم. بڕیارەیە ٠

١- هۆكارە ناوخۆیەكان بریتیە لەو ڕەوشەی خراپەی كە عێراق و هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە و ململانێ كردن لەسەر پشكی زیاتر لەدەسەڵاتدارێتی و  بەدەستهێنانی سەرەوت وسامان ، پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانی لاواز كرد  تا ئاستی پیلانگێڕان لەیەكتری  وبەنا بردنی بەر نەیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان ، دادگای ئیتحادی هات كارتی مافی مووچە و كارتی ململانێی سیاسی لەگەل دەسەڵاتی هەرێم تێكەل كرد كە ئەمە لەگەڵ فەلسەفەی جێبەجێكردنی پاراستنی ماف هاوڵاتیان بەپێی یاسا نایەتەوە  و جەماوەر لێی زیانی كرد و ژیانی سەخت و دژوار دەكات ٠

٢- هەرێمی كوردستان  لەناوخۆدا بەهۆی شكستی سیاسەتی ئابووری و شێوازی حوكمڕانی وگەندەڵیەوە تووشی قەیرانی ئابووری  بووە و كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی  دواخست و بەنایاسایی ماوەكەی درێژ كردەوە و

 وادەی یاسایی تەمەنی كۆمسیۆنی ڕاپرسی وهەڵبژاردنی كوردستان بەسەر چوو وهیچ كارێكی نەكرد و سامانی نەوتی بەتاڵان فرۆشت بەكۆمپانیا بیانیەكان و دەرئەنجام نەوت فرۆشتنیش ڕاگیرا ، هەموو ئەمانە  و ململانێی نێوان یەكێتی وپارتی وای كرد كەدادگای ئیتحادی بتوانێت بەئارەزووی خۆی و بەهۆی ئەو بۆشاییە یاسایانەی دروست كرا لەهەرێم و پەنا بردنی لایەك و چەندین گروپی فشار بۆ دادگای ئیتحادی كە لەجیاتی دامەزراوەیی یاساداننی هەرێم خۆی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكات و چارەنووسی كۆتا وڕێژەی كورسی پەرلەمان  دیاری بكات بەڵام دادگای ئیتحادی  كەخۆی بەشێكە لەو ململانێیە لەناو عێراق و هەرێمدا هەیە ولە زۆرێك لەبڕیارەكانی لە ژێر گاریگەری ئیقلیمیدا ئەو چارەنووسی یاسا و كۆتاكانی دیاری كرد ٠

٢- دەوڵەتە ئیقلیمیەكان و بەدیاركراوی كۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی توركیا بەڕاستەخۆ تدخل دەكەن لە ناو پرۆسەی سیاسی لەعێراق و هەرێمداهەمیشە فشار دەكەن بۆ لاوازكردن ولەناو بردنی قەوارەی هەرێمی كوددستان و هەمووان باش دەزانین جگە لە ساروخ و درۆنەكانیان لە ڕێگەی  سوپاو عەمامەبەسەرەكانی ناو عێراقەوە یاری بەدواڕۆژی سیاسی و ژیانی خەڵك دەكەن هۆكاری سەركیش بۆ ڕۆڵی ئێران و توركیا هەر ململانێی نێوان یەكێتی و پارتیە كەلە پێناوی دەسەڵات و بەرژەوەندیەكانیان دابەش بوون بەسەر ڕیزبەندی ئیقلیمی بئ ئەوەی حساب بۆ بەرژەوەندی نیشتمانی وژیان وگوزەرانی خەڵك ودواڕۆژی هەرێمەكە بكەن ، نەگوێیان گرت لە دەنگی خەڵك  بۆ بەرجەستەكردنی ئازادی و خۆشگوزەرانی كەمافی ڕەوایی خەڵكە و نەحسابیان كرد بۆ ڕاو بۆچوونی دامەزراوە جیهانیەكان كە داوای هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان دەكرد ، هەتا ئێستاش لەسەرپلان و ئەم سیاسەتەیان بەردەوامن لەبەرئەوەی بیروباوەڕی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم وعێراق  ئەحزابی قەومی و بۆرژوازین و ئامانجیان بەرژەوەندی ئابووری خۆیانە نەك ژیان و مافی هاونیشتمانیان ٠

بۆیە لە بارێكی سیاسی وا ئاڵۆز و تیكچڕژاودا و دەبێت مرۆڤ پشوو درێژ و بەئیرادە بێت و بەردەوام بێت لەتێكۆشانی سیاسی و مەدەنی  بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی و حوكمڕانی نەك ڕازی بوون بەم زوڵم وستەمە و دەبێت هەمیشە بۆ پێشەوە بڕوانین و هەنگاو بنێین ، چونكە نەڕازی بوون بەم واقیعە و نەگەڕانەوە بۆ دواوە ڕێگە چارەیە بەڵكو خەبات دەبێت بۆ مافە ڕۆژانەیەكان و ئاڵوگۆڕی سیاسی پێكەوە گرێ  بێت و بۆ پێشەوە بڕۆین نەك بگەڕێینەوە دواوە و دەبێت دوای تەواو بوونی كێشەی مووچە  بەردەوام بین وكاربكەین  بۆ ئەو ئامانجانە كەمافی هەموو ئینسانێكە ٠

 عوسمان زیندانی

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا