
نووسینی/ دیارکۆ جەمال
ماکلۆم ئێکس، یەکێکە لە زانا و بانگخوازە بەناوبانگەکانی مێژووی ئیسلام و ئەمریکا دەڵێت، "میدیا لە ڕۆڵی وێنەسازیدا ئەوەندە بەهێزە، دەتوانێت تاوانبار وەکو قوربانی و قوربانی وەکو تاوانبار دەربخات.
ئەگەر وریا نەبیت، میدیاکان وات لێدەکات ڕقت لەو کەسانە بێت کە ستەمیان لێدەکرێت و ئەو کەسانەت خۆشبوێت کە ستەمکاریی دەکەن."
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا و ئامێرە زیرەکەکان و زیادبوونی دیجیتاڵ میدیا لەپاڵ کەناڵەکانی تری ڕاگەیاندن، هێندەی تر ئەو ڕاستییەمان بۆ دووپات دەبێتەوە کە ڕۆڵ و کاریگەری میدیا لەسەر دروستبوونی ڕای گشتی و ئاڕاستەکردنی ئامانجداری جەماوەر چەند بەهێز و کاریگەرە.
بەهۆی نەبوونی میدیای نیشتیمانی و ئازاد و سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا، هەروەها دروستکردنی دەیان کەناڵی ئاسمانی و سەدان پەڕەی فەڕمی و سێبەری حزبە سیاسییەکان و کارەکتەرەکانی ناو حزبەکان، میدیا نەک ناتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری وەک خۆی و شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی بابەتە هەنووکەییەکان بەشێوازێکی زانستیانە و هێنانە پێشەوەی کەسانی پسپۆر، شارەزا، خاوەن ئینتیمایەکی نیشتمانی بەرز، بگرە بووەتە بارێکی گران بەسەر داهاتی گشتی و تێکدانی دەروونی جەماوەر و قوڵکردنەوەی ململانێکانی نێوان حزبە کوردستانییەکان، هەندێکجاریش چەند کارەکتەرێکی ناو یەک حزبیش لە ڕێگای میدیاکانیانەوە شیر و تیر لە یەک دەسوون.
لەگەڵ هاتنی هەر پێشهات و ڕوودانی هەر ڕووداوێک لە ناوخۆدا،کە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی خاوەنی دامەزراوە میدییایەکەوە هەیە (حزب ، بازرگان ، کەسایەتی..هتد)، ئیتر بەزمانێکی بازاڕی و بە زمانی ڕاگەیاندی زەمەنی شەڕی نەگریسی ناوخۆ، دەکەونە وێزەی پیرۆزیەکانی یەکتر، جۆرەها سیناریۆ بەکاردێن (بەشێکی زۆری هاوڵاتییان لە بێ ئاگایدا بەکاردەهێنرێن) بۆ زاڵکردنی بیر و تێڕوانینی خاوەنی پاڵپشتی دارایی میدیاکە بۆ ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی بە ویستی ئەو و هاوئاوازەکانی.
بێ ئاگا لەوەی ئەمجۆرە لە کارکردن لەگەڵ هیچ میتۆدێک و ئیتیکێکی کاری ڕاگەیاندندا یەک ناگرێتەوە، بەڵکو تەواو پێچەوانەیە، ئاڕاستەکردنی گوتاری میدیای بەمجۆرەی ئێستا کاریگەری و ڕۆڵی نەرێنی خۆی دەسەپێنێت بەسەر فیکر و دەروونی تاک و ژیانی کۆمەڵگە بەگشتی.
ئەو شێواز و ڕۆڵە نەرێنییەی دیاردەی میدیایی، وەک نەخۆشی دەردەکەوێت، بەزۆری خۆی دەبینیتەوە لە بڵاوکردنەوە و هاندانی توندوتیژی، دروستکردنی ڕق، توندکردنەوەی دابەشبوونی جوگرافی و سیاسی (نموونەی دابەشبوونی ناوچەی “سەوز و زەرد” )میدیاکان بە شێوەیەکی بەردەوام، هەوڵی یەکترتاوانبارکردنی نێوان دوو بەرەکە دەدەن.
ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی سۆزدار و ئینتیمایی بیر بکەنەوە نەک بە شێوەیەکی عەقڵانی و نیشتمانی.
هەروەها بەکارهێنانی داوا و ویستی ڕەوای هاوڵاتییان بۆ چاکبوونی دۆخی نەخوازراویان لە پرسه جیاوازەکاندا، وەک کاڵایەک بۆ خۆشکردنی شەڕی ساردی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکان، یان حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان و حکومەت، بۆ ڕاکێشانی هەست سۆزی هاوڵاتییان بۆ ئاڕاستەی ئەجێندای کەناڵەکە، لەلایەن زۆرێک لە میدیای کوردییەوەیە، کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ئاڵنگارییەکان کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کوردی بووەتەوە.