لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، مرۆڤەكان بۆ خۆیان ناژین ، بەڵكو بۆ ئەوانیتر دەژین، بۆیە  تاكەكان ئەوەندەی لە هەوڵی ئەوەدان، سازش بۆ بەرانبەرەكەیان بكەن و ڕازیان بكەن و لە چاوی ئەوان نۆرماڵ و جیاوازا دەربكەون، ئەوەندە بەلایانەوە گرنگ نییە چۆن دەژین، وەك ئەوەی لە خۆرئاوا هەیە. كەسێك لە بنەڕەتدا لووتی هیچ كێشەیەكی بۆ خۆی نییە، بەڵام ئەوانیتر پێیان جوان نییە، ئیدی جوانكاری لووتی دەكات، تا لە چاوی ئەوان جوانتر دەربكەوێت، نەك خۆی ! لەو ڕۆژانەدا، بە هۆی دەرچوونیان بە پلەی یەكەم لە ئەزموونە گشتییەكانی پۆلی دوانزە، دوو كچ بوونە ( ترێند _ باو) لە سۆنگەی قسەكردن و پۆشاك و چۆنیەتی دەركەوتیان لە شاشەكانی تیڤییەكانەوە، كە یەكێكیان بە عەشایر، ئەویتریشیان بە موسەقەف، بە زمانی كۆمەڵگە وێناكران و لەو پەراوێزەشەوە، سەدان كۆمێنت و پۆست و دەڕبرینی شیاو و نەشیاو، ئاراستەی ئەو دوو كچە خنجیلانەیە كرا و پەسن و ڕەخنە باران كران. بێگومان ئەمە وایكرد، فۆكسی ئێمە لە سەر تواناو لێهاتووی ئەوان و پێشەنگبووینیان لە خوێندن و دەرچوونیان بەو ئاستە بەرزە لا بچێت و بیر لە پۆشاك و چۆنیەتی دەركەوتیان بكەینەوە كە یەكجار هەڵەیە. مرۆڤ ئازادە لەوەی چی دەپۆشیت، چۆن خۆی دەنوێنێت و قسە دەكات، تا ئەو ئاستەی ماف و ئازادی بەرانبەرەكەی پێشێل ناكات و غرورێكی كەسی نایگرێت، ئیدی چی لە بەر كردووە، لەگەڵ دایكی خۆشی دەردەبڕێت، چەپڵە لێ دەدات، دایكی چۆنە، دەبێ ئێمە تێبگەین ئەمانە لە تایبەتمەندی كەسەكانە بۆ ئێمە نییە بچینە ناوی . ڕەگەزی مێ بەگشتی و لە نێویشیاندا كچان بە تایبەتی، هەمیشە ڕۆمانسیتر، ناسكتر و نەرم و نیانتر دەردەكەون و خۆیان دەنوێنن لە میانەی قسەكردن و زمانی دەربڕین و ئاماژەدا. ئەمە پەیوەندی بەو جیاوازییە بایۆلۆژیی و سایكۆلۆژییەوە هەیە، كە هەردوو ڕەگەزەكە لە یەكتری جیا دەكاتەوە، كاتێ كچێك بەناسكی و نازەوە قسە دەكات، ڕەنگە خۆپەسندان و  خۆگەورەیی  نمایش نەكات و خۆی وەك موسەقەف پیشان نەدات، وەك ئەوەی ئەوانیتر تێی گەیشتوون، بە هەمان شێوە كاتێ كچێكیش بە هێمنی و جۆرێك لە میللی و كۆمەڵایەتییەوە قسە دەكات، عەشابیر نییە، ئەوەی گرنگە عەشایر و موسەقەفبوون نییە، بەڵكو ئەتەكێتی قسەكردن و خۆنواندنە وەك ئەوەی كە هەیە، نەك وەك ئەوەی ئەوانیتر دەیانەوێت، چونكە ئێمە دەبێ تێبگەین بۆ خۆمان دەژین، ئازادی كەسەكان هی خۆیانە، نابێ لەو پەراوێزە بریندار بكرێن و پۆلێن بكرێن ! كێ ئەو مافەی بۆ تۆ داوە، ناسنامەی ڕۆشنبیریی و عەشاییربوون ببەخشییەوە؟ ئەوە گرنگە مرۆڤ ماف و ئازادی ئەوانیتر پێشێل نەكات، ئیدی چۆن دەردەكەوێت، شانێكی ڕووتە، یان لاری كردۆتەوە كەی گرفتی تۆیە؟ گەر ئارەزوو دەكەی تۆ دەتوانی شانت لار نەكەیتەوە، یان چۆنت بوێت  وەها دەربكەویت.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا