
نە شیش بسووتێت نە كەباب، لە ناڵ بدە و لە بزماریش، لەگەڵ گورگ بخۆ و لەگەڵ مەڕ شین بكە، لە كوێ پسا لەوێ گرێی دەوە، لەگە عامێ بڕۆ شامێ، كە چوویە شاری كوێران دەست بە چاوتەوە بگرە، ئەمانە و دەیان ئیدیۆم و دەربڕینی میللی و كۆمەڵایەتی لە فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردیدا هەن و تا ئێستاش بە داخەوە بەركارن، كە مرۆڤ لە سەر بنەمای دوو ڕوویی، خۆ یەكلایی نەكردنەوە، بێ هەڵوێستی و هەڵپەرستی، بەرژەوەندخوازیی و نەرجسی، ناهەقی و هەق، جەلاد و قوربانی، سەربەستی و كۆیلایەتی، ئازادی و ژێر دەستی، پێشكەوتن و كۆنە پارێزیی، پەروەردە دەكەن و مرۆڤێكی دوالیزمی لێ دەكەوێتەوە، كە هیچ كاتێك ناتوانێت بە تەواوەتی، بە یەقینەوە، بەو پەڕی بڕواو تێگەیشتنەوە، خۆی لە هەنبەر پرسێك و كێشەیەك و كارێك و كردەوەیەك یەكلایی بكاتەوە. شتێك نییە لە نێوان درۆ و ڕاستگۆیی، شەرمنی و ناشەرمنی، ئازاایی و ترسنۆكی، بێ هەڵوێستی و هەڵوێستداریی، خاكپەرستی و خاكفرۆشیی، بەخشندەیی و نەرجسی، میهرەبانی ودڵڕەقی، مرۆڤ دەبێ لە نێوان ئەو دوالزمیانەدا، خۆیی یەكلایی بكاتەوە، ئەوە نییە بە كەسێك بڵێین درۆمەكە، بەڵام ڕاستیش مەڵێَ شتی وا بوونی نییە. لەو سۆنگەیەوە شەرمكردن نەك هەر مرۆڤ دەكوژێت، بەڵكو ئەوەی شەرم بكات كەسیەتییەكی زۆر گۆشەگیر و شەرمن و نابوێری لێ دەردەچێت، ئەوە بەو مانایە نییە مرۆڤ بێ عار بێت، بەڵام هیچ كاتێك شەرم مایەی ئەوە نییە كەسیەتییەكی سەركەوتووی لێ دەربچێت. دەتوانم لە بەرانبەر گەورەترین سەركردە و سەرۆك شەرم نەكەم و بوێر و ڕاشكاو بم، بەڵام گەر بە كۆڵانێك دا بڕۆم سێ ژنی لێ بێت، شەرمی دنیا دەمگرێت ئەوەندە بەرانبەر ڕەگەزی مێ شەرمنم. ئەو شەرمەم لە منداڵیەوە بۆ دروست بوو، تا ئێستاش لەگەڵمدایە! بە منداڵی بیرم نایەت باوكم جارێك بۆ ماڵی ناسیاوێك، ئاهەنگێك، سەیرانێك، كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی، میواندارییەك بردبمی، ئیدی منداڵیش كە لە سەرەتاوە چاوی نەكرایەوە، هەروەها دەردەچێت، كە گەورەش بوو شەرمن دەبێت، بۆچی منداڵی ئێستا هیچ شەرم لە ڕەگەزی بەرانبەر، بەراورد بە نەوەی هەشتاكان و نەوەدەكان ناكەن؟ چونكە تێكەڵ دەبن، بۆیە بە هەموو پێوەرێك، شەرم شتێكە مرۆڤ تێكدەشكێنێت و دەبێ مرۆڤ هەمیشە بوێر بێت ! ڕاشكاو و ڕاستگۆ بێت و لە نێوان ناڵ و بزماردا، دەبێ یەكێكیان هەڵبژێرێت، بۆیەشە شتێك نییە بە ناوی شەرم بكەو شەرمیش مەكە، ئەم تێگەیشتنە، دروست لە ناڵدان و لە بزماردانیشە.
