سیروان حەمەڕەشید
مرۆڤ گەر قەڵەمێکی هەبوو مانای ئەوە نییە، کەدەتوانێت کتێبک بنوسێت
بەختیار عەلی
نووسەر یان بنووس بەو کەسە دەگوترێت کە بەرھەمێکی نووسراو یان چاپکراوی ھەبێت. نووسەر و قەڵەمەکانی بواری مێژوویی و چیرۆک و ھونەر و ئەدەب و وێژە و فەلسەفە و فیکری و ئایینی و ڕامیاری و یاسایی ھتد...
گرنگە بزانین چۆن کایە و بابەتەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەهۆکارگەلی جیا و باهۆزی جیهانگیری و تەوژمەکانی وەکو پوچگەرایی و بێمانای
(العدمیە و العبپیە) کە سەراپای کۆمەڵگەکانی جیهانی گرتۆتەوە، بێگومان بواری نوسینیش بارگاویکراوە بەو پوچگەرایە، نوسەرە جواننوس و باشەکانی توشی نیگەرانی کردۆتەوە و دۆخێکی ناسروشتی ونائاسایی لەنێوان نوسەرە ڕەسەن و قەڵەمە بەبڕشت و خاوەن مەعریفە و نوسەرە موزەیەف و بێ سەوادەکاندا دروستکردوە و بەجۆرێک لەمڕۆدا هەندەی پانتای گشتی بۆ نوسەرە ساختە و نەخوێندەوار بێ ڕوئیا کراوەیە، هەندەش بۆ نوسەرە خوێندەوار و خاوەن قەڵەم و جواننوس بەرتەسک و بێماناکراوە
هەڵبەتە نوسەری باش زۆرتر و زیاتر خەریکی خوێندنەوەی کتێب و تێکستە مەعریفییەکانە، دوای ئەوە دێت بیرۆکەی پڕۆژەی نوسینی وتار و توێژینەوە و کتێب دادەڕێژێت و ئەم چەشنە لە نوسەر تەنیا لەپێناو نوسیندا نانوسێت ، بەڵکو کاتێکێش دەنوسێت ئامانج و ستراتیژی نوسین دیاری دەکات، یان نوسەر باش ئەوانن کەدەزانن چۆن و چی دەنوسین و چ جۆرە تێکستێک بەرهەمدەهێنت.
دیارە خەسڵەتی نوسەری باش کەنوسینەکانی لەمەودای دوور و نزیکدا کاریگەری لەسەر خوێنەر و کۆمەڵگە دروست دەکات و تکێستەکانی دەبنە جێگەی جەدەل و گفتوگۆی جددی نێوان نوسەر و خوێنەران، هەرچی نوسەری کوشندەیه خەریکی ڕەشکردنەوەی پەڕە و چاپکردنی کتێبی بێ تێکست و ڕیزکردنی وشە و ئینشانوس زیاتر هیج دیکە نییە ، گومانی تێدا نییە ئەم تایپە لەنوسەر تەنها بۆ ئەوەیه بەخەڵک و دەوروبەریان بلێین ئێمەش هەین و خاوەن قەڵەمین و دەتوانین ئەوەندە کتێبی بنوسین و چاپی بکەین
گەر بابەت کتێبە چاپکراوەکانیان بەدیدیکی ڕەخنەئامێز و هەڵسەنگێنرێت و بەفلتەردا بڕوات، بەدڵنیاییەوە بڕیاری نەخێر و نەرێ وەردەگرێت، کەواتە کاتێک هیچ پێوەر و میکانیزمێک نییە بۆ نوسین و بەچاپگەیاندن کتێبەکان ئەوا بەشی زۆری ئەو نوسینانە دەچنە چوارچێوەی نوسینی داڕشتنێکی خوێندکارێک کە بۆ مامۆستاکەی دەنوسێت ، لەگەڵ ئەوەشیدا جێگەی نەنگی و مەهزەلەیه کەئەم ئینشانوسانە لەوەدایە لەنوسینەکانیاندا لەحوکمدان و هەڵەی لۆژیکی و دوور لەبنەماکانی ڕێسای نوسین و ئەرگۆمێنتسازی و ڕاست و دروستی و پشت بەستن بە بەڵگەی زانستی و عەقڵانی .
نوسەری جواننوس تەنیا لەبەر ناو و ناوبانگدا لاپەڕە سیپیەکان ڕەش ناکاتەوە، بەڵکو بەرزی ئاستی تێکست نوسینەکانی دەبنە پێوەر بۆ ناوبانگی نوسەرەکە و لەهەمانکاتدا بەخشینی مەعریفە بە خوێنەرەکانی بۆیە بۆ نوسەر گرنگە بزانێت چ جۆرە نوسین و تێکستک پێشکەش بەدیدی خوێنەرانی دەکات ؟
کاتێک وتار یان کتێبی نوسەرێک دەخوێنتەوە ئەوا هەستێکی وا لە لای خوێنەرەکەدا دروست دەکات کەبەخوێندنەوەی بابەت و کتێبەکەی چێژێکی زۆری پێبەخشێت و سودی مەعریفی و فەرەهەنگی لێ وەربگرێت .
هەڵبەتە نوسەری کوشنده بۆ ئەوە نانوسێت تا مەعریفە و خستنەڕووی بابەتی نوێ و داهێنەرانە بخاتە دنیایی مەعریفیەوە، تەنها بۆ ئەوە نوسەرە بەخۆی و دەوربەری بەدەوروبەری بڵێی خاوەن قەڵەمم، لەکاتێک دڵنیاین لەهەمو تەمەنیدا هێندەی ئەو کتێبانەی چاپکردوون نوسین و تێکستی ئەدەبی بەرز و فیکری ناوەڕۆکداری نەخوێندۆتەوە ، بەکورتی ئەوەی ماوە ئاماژەی پێ بدەین ، چۆن پشیلە لەبەر ئاوێنە خۆی لێدەبێتە پڵنگ ، هیج گومانی هەڵناگری لەکوردستاندا ئەو ئینشاکانی جڤاتی ئێمەش خۆیان لێ دەبێتە بلیمەت و زانا و دانا و لەڕیزی ئەفڵاتون و کانت و دۆستۆیڤسکی و جۆن دیوی ، هەروەها هێندەش کاڵفام و داماون پێیوایه گەر بەڕەشکردنەوەی کاغەز و بەهەدەردانی کات و خۆسەغڵەتکردن بێت ئیدی وەک نوسەر و ڕۆشنبیری گەلەکەمان ناوی دێت.!!
خوێنەری خاوەن زانین و ڕۆشنبیر ئەو جۆرە نوسەرانە بە پوچگەرا و کەندووی بەتاڵ دەزانێت .وەک نوسەری کوشندە لێدەڕوانێت . دیارە ئەو چەشنە لەنوسەر کاریگەری نەرێنی لەسەر فەزای حوێندنەوە و بەکەلتورکردنی خوێندنەوە و نەهێشتنی ئیشتیهای خوێنەر بۆ کتێب ناهڵێت.
دواجار نوسەری کوشندە وەک ئەو ئەکتەرە وایە کەلەنیماشی شانۆیدا ڕۆڵی ناشیرین و بەدکاری دەبینت.