ئیمان یادەوەر

 

مروڤ کاتێک (گەورە) دەبێت، کاتێک گەیشتە قۆناغێک کە بۆی گرینگ نەبوو ئەوەیتر چییە و ئەویتر لە کوێیە؟ ئەوکاتە بە تەنها ڕێگەی خۆی و  سەری خۆی دەگرێت و ڕێگەی جیاوازە. وە باکیشی نییە لەو ڕێگەیە کێ لە گەڵیەتی هەر بەتەنهاش بڕوات،  ڕێگەی ئەدەبیاتیش هەر وەکوو ڕێگەی عیرفانییەت وەهایە ڕێگەیەکی کۆمەڵگەرانییە و و تاککگەرایە. ئەوانەی ئێستا بەناوکەوتوون بەشێکیان ڕەنگە خاوەنی کتێبیش بن. بەشێکیان ئەو عوگدەیان وەک گرێیەکی دەروونی لە ناویاندا ماوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن بوونیان هەیەو شاعیرن   دەبێت لە وەیتر باشتربن، یان لە شاعیری ناوچەکەی خۆی باشتر بێت.

بۆئەوەی بیسەلمێنێت کە هێشتا بەردەوامە و هێشتا دەنووسێت هێشتا باش دەنووسێت. چونکە متمانە و بڕوای بەخۆی و نووسینەکانی نییە بەردەوام ئەچێتەوە بەردەم ئەم پێشبڕکێ و لیژنە و تاقیکردنەوەی بەرهەمەکانی تا پێی بڵێن بەڵێ تۆ شاعیریت، ئەمەیش لە ئوقدەی بچووکی ئینسانەوە دەست پێدەکات، وە بەداخەوە ڤیستیڤاڵەکانیش بەشێکی زۆریان سەرباری کۆمەڵێک (سوود) وەکوو ئەو دۆخە ئەدەبی و ژینگە ئاشنایەتییەی نووسەران و دەرخستنی دەنگی جیاوازو نوێ و سەرەتا بۆ ناساندنیان،  زیانێکی زۆریشی گەیاندوە کە کوشتنی دەنگی جددیە کە دەکرا گەر ڤیستیڤاڵ و خەڵاتی ساختە و مەلملانێ و گروپگەرایی نەبایە ئینسان و نووسەری زۆر جوانیان لێ دەربچووبایە، ئەوانەشی ئێستا هەمیشە دووبارە و دووبارە بەشداری دەکەنەوە بێگومان لە ژێرناوی وەهمی  کەسایەتی گەورەی خۆیان کە پێیانوایە کەسانی گەورەن، ڕەنگە تەنیا کۆمەڵێک خەڵکی سادە خوێنەر پەسەندیان بێت، ئەگینا لە ئاست شیکردنەوەی ڕەخنەیی و ئەدەبییەکە ئەسڵەن هەر ناوێکیشیان نییە و ئاوڕێکیشیان لێ نادرێتەوە.

هەر بۆیە هەست بەو کەمی و نەقسەدەکەن و  هێشتا پێیان وایە دەبێت شتێک بکەن تا ببن بە ناو.

هیوادارم هەموو ئەوانە  ڕۆژێک ڕێگە ڕاستەقینەکەی خۆیان بدۆزنەوە، چونکە لەڕاستییدا نووسین لەپێناو خودی خۆتە، وە لەپێناو ئەو باوەڕە و ئەو ئاسوودەییەیە کە دەروونی خۆت درووستی دەکات، و لەپێناو ئەو ململانێیەشدایە کە تۆ پێت وایە هیچ شتێکی تر یەکلایی ناکاتەوە، [نووسین] نەبێت.

 دواجاریش هەموو مرۆڤێک لە نێو ناخی خۆیدا پێویستی بە ئەشقێکی گەورە هەیە کە بۆی بنووسێت، کە ئەم ئەشقەش دونیای دەرەوە و خوێندنەوەش دروستی ناکات، بەڵکوو پاکێتییەک دروستی دەکات، کۆمەڵێک موفرەداتی  بچووک بچووک دروستی دەکات کە لە کۆتایی ئەو مرۆڤە گەوەیە دروست دەکات کە پێوستی بە ڤیستڤاڵ و تاقیکاری دەقەکانی خۆی نییە و بە بێدەنگی سەرقاڵی پڕۆژە نووسین و خوێندنەوە و داهێنان و بەشە تایبەتەکانی ژیانی خۆی دەبێت.

نووسین جۆرێکە لە زادەی سرووشت، دونیا دروستی ناکات، ئەو هەموو کێشە گەورەیە بەرۆکی مرۆڤی سەردەمی گرتووە، ئەوەندە گەورەن کە مرۆڤ ناپەرژێتە سەر ڕەگەزگەراییش  ئیستاتیکا، ئێستا لە ئازاردایە، بۆیە ئاوڕدانەوە لە کۆی مرۆڤایەتی ئاگایی تۆ و شیعریشت دەوڵەمەند دەکات.

ئەفسانەیەک هەیە دەڵێت: یەکەم ئەستێرە لە لێواری تەقینەوە دابوو خەمی دەخوارد کە نامێنێت بەڵام دواتر کە ورد بوو، بوو بە هەزارەها ئەستێرە، ئەمە بۆ شیعرو نووسینیش بەو شێوەیەیە بۆ ئەوەی گەورەییت بتەقێتەوە، هێزو پرسیار و زیندووی نووسینەکانت لە جانتای بێدەنگیدا بۆخۆی بێدەنگییەک دەبێت پڕ  بە  هاوار و قسەکردن.

ئەو هەموو ستۆری و پۆست و فەیسبووکچییەی بنووسان، دەلالەتن بۆ ڕازی نەبوون بەو شوێنەی تێیدان، بە ونبوونی ڕاستەقینەی جێگەکەیان، گەمەکردنە هەمیشە لەسەر پەتی جوڵاودا، قەرەبووکردنەوەیە بۆ بەتاڵی و لاوازی بەرهەم و دەقەکانیان. تۆ سەیری ئەو هەموو واعیزو بانگەشەکارە نابینیت؟ هەریەکەو هێڵێک ڕێگەی کێشاوە بەڕەنگێک و دەیەوێت سەرتاپای ڕێگەکانی تر بێتەوە سەرو بە جۆرێک هیچ ڕەنگێکیتر نەبینیت، نەچییەوە سەر   ڕێگەیەک کە سەرەداوی ڕێگەکەی خۆی نییە...  چەند ناشرینە مرۆڤ لە بەرزی ئیگۆو نائاگاییدا خۆی لێ ببێت بەهەموو شتێک تەنیا (خۆی نەبێت).

ڕۆشنبیری بە زۆربوو، مرۆڤ نزم و ناشرین ئەکات. ئەبێت خەون بێت پلان بێت پڕۆژە بێت، گەر وانەبوو دەبێت دایم بەدوای ئەوانی تردا شەققەی کۆمێنت و دەستخۆشیت بێت، هەرشتێک ڕەگێکی لەناخی خۆتا نەبێت لە ناخی ئەویتردا ناتوانێت گەشە بکات (گوڵ) بەبا ئەشنێتەوە بەڵام (خۆراک) هۆکاری گەشەی ئەو ڕەگەیە کە لە خاکدایە.

کاتێ بە تەمەنێک نووسین و چەند دیوانێکی چاپکراوەوە هێشتا هەڵپەی هەموو پێشبڕکێیەک دەکەی تا خۆ بخەیتەوە بەر چاوان، بە ئاشکرا ئەوە ئیسپات دەکەی کە هەموو ئەوەی کردووتە شیاوی بینین نییە! ڕەهەندی سایکۆلۆجی بۆ شاگەشکەبوونی بە وەرگرتنی خەڵات، هیچ نییە لە دەرخەری ئەو ڕاستییەی کە بۆشاییەکی قوڵی هەستکردن بە کەمی هەیە و دەتەوێ بە وردە دەستکەوت ئەم بۆشاییە پڕ بکەیتەوە، بەس خراپ ئەوەیە کە ئەمە خۆخەڵەتاندنە، چون هەمیشە ئەو بۆشاییە بەو هەڵپە و هەیەجانە گەورەتر و گەورەتر دەبێ..

بەڕێز ئەحمەد هەردی ڕەحمەتی دیوانێکی کەم و پوختی نزیک بە ٣٠ شیعری هەبوو، بەس چون بە ڕاستی وشە و واژەی هەڕاج نەکردبوو، کەس نییە کڵاوی ڕێز و شیعرییەت بۆ دیوانەکەی هەردی نەهێنێتە خوارەوە، کەچی خەڵک هەیە بنە فەردەیەک دیوانی نوسیووە و کەچی بە بەشداری پێشبکڕێکانی تازە شاعیران و بردنەوەی خەڵات دەیەوێ کڵاومان بکاتە سەر کە براوەی شیعرە!

ڕاستی بە نسبەت منەوە هەموو ئەم دۆخە بۆنی نا ئەمنی تاکەکەسی لێ دێت. وەک ئەوە وایە شاعیرەکەمان بڵێ: "هەی سەیرم بکەن، ئێوە بزانن کە لە بنەڕەتدا من شتە گەورەکەی داهاتووم، بەڵام بە جۆرێک، هێشتا خۆم باش دەزانم شیاوی بەزەییم!

ئەم نووسەرە گرگنانە چونکە هەمیشە لە ئەنجامی ئەو ئیگۆیە بەرزە و دروستکردنی ئەو وەهمە گەورەبوونەی کەسایەتییان کاریان کردوە، وەک مەڕە گێژەیەک هەر سەریان لە نێو بوارەکەیان خۆیان چەقاندوە و ناتوانن تۆزێک سەربەرزبکەنەوە مەعریفەی گشتی ببینن،  یەکێک لە (وانەکانی فرۆید بۆ ژیان) لە وەرگێڕانی. وەلید عومەر  ئەوەیە( چۆن مرۆڤ لەپێناو گەیشتن بە سەلامەتی دەروونی بێگومان دەبێت گەشە بە تموحی ئەفراندنێکی زیاتر لەخۆیدا بدات. بەڵام بەهەمان شێوە دەبێت ئەو واقیعەش قەبوڵبکات کە هەرچەندە تابلۆکانی، شیعرەکانی، داڕشتەی موزیکەکانی، یان تاقیکردنەوە زانستییەکانی، باڵاو درەوشاوەبن، هەرچەندە دەموچاوی جوانبێت و لە مانگ بچێت، هەرچەندە جزدانەکەی پڕتر بێت ...تد  ئەوا هەمیشە کەسێک هەیە و لە ئێمە زیاتری هەیە. فرۆید تێگەیشت کاتێک مرۆڤ بەر نووسەرە مەزنەکانی وەک (ڕوودیارد)و(کیپلینگ)و(مارتن تواین)و(ئەمین زۆلا) ... دەکەوێت بییەوێت یان نا، لەبەرانبەر گەورەییاندا هەست بە بچووکی دەکات. بەدەر لەوەش دەبێت ئەو هەقیقەتە پشتڕاست بکەینەوە که تەنانەت لە ولیام شکسپیریش باشتر بنووسین، یان لە داڤینچی جوانتر وێنە بکێشین ... دیسان جگە لە کۆمەڵێک بونەوەری ڕاگوزەرو فانی، هیچیتر نیین، کۆمەڵێک گەردوغوبار لە پانتایی کاکێشانێکدا کەسات بەسات دەکشێت.

کۆپەرنیکۆس و داروین و بەتایبەتیش فرۆید، دەتوانن یارمەتیمان بدەن تا بەسەر غروری نابەجێ و خۆ بە(خوا) زانینی خۆماندا زاڵ بین. یارمەتیماندەدەن بێ بایەخی و ناچیزبوونی خۆمان بەرامبەر جیهان قەبووڵ بکەین، بەم کارەش دەرفەتمان بۆ دەلوێت لە ژیاندا زیاتر چێژ لە خاکی بوون وەربگرین. بیر لە بەکام گەیشتنی واقیعانەتر بکەینەوە و دەرهەق بە ناکامبوونەکانی خۆمان تووشی وەهم و وڕێنە نەبین.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا