پۆلە وردیلەکانی قوتابخانە بنەڕەتییەکان
مامۆستای گەلەک زیرەک و سەرناسیان گەرەکە!
زرار قادر خەیلانی
گەر مامۆستای ژیر و سەرناس بۆ باخچەی ساوایان و پۆلە وردیلەکان دەستنیشان نەکرێ، پەروەردە و فێرکردنی منداڵان تەواو خوار و خێچ دەبێ. چونکە لەم قۆناغەی تەمەن دروستبوونی کەسایەتی منداڵ دەستپێدەکا. هەر بۆ نموونە:
مامۆستا دەچێتە ژووری پۆل، پرسیارێک ئاڕاستەی منداڵان دەکا، جا ئەگەر منداڵێک وەڵامی پرسیارەکەی نەزانی؟! مامۆستا پێی دەڵێ: ئەوە بۆ نازانی؟! بەمەش منداڵەکە هەر یەکسەر (ڕنگەی هەناوی دێ!) زۆر تەریق دەبێتەوە! گەلەک شەرمەزار و ڕووشکێن دەبێ. چونکە لە مامۆستاکەی پێخۆشترە کە وەڵامەکە بزانێ. بەڵام چی بکا؟! نازانێ! ئەوە ڕێک وەک ئەوە وایە کە منداڵەکە میزی نەیێ، کەچی مامۆستا بەخورتی پێی بڵێ یەڵڵا میز بکە!
جا خۆ منداڵەکەش ئەو تۆڵەیە هەر لە مامۆستا دەکاتەوە! تەنانەت گەر مامۆستا بچێتە (بەینی هەور و ساماڵ)یش! خۆ تۆڵەکردنەوەکەش ئەوە نییە کە -خوا نەکا- قسە بە مامۆستاکە بڵێ یان ڕێی لێ بگرێ، نەخێر، بەڵام پاش کۆتابوونی وانە کە مامۆستا دەچێتە دەرەوە، منداڵە دڵشکاوەکە هەر یەکسەر لە ڕقی مامۆستا کتێبەکەی هێندە توند لە جانتاکەی دەپەستێ، نیوەی پەڕەکانی دەنووشتێنەوە.
ئینجا قەڵەمەکەی دەردێنێ و بەدزییەوە نووکی قەڵەم لەم سەر بۆ ئەوسەر بە دیوارەکەدا دێنێ! خەتێکی ڕەشی دوور و درێژ لەسەر دیوارەکە جێدەهێڵێ! خۆ گەر بەلای ترومبێلی مامۆستادا بڕوا، هەمان شت شوختێکی دوور و درێژی بەسەردا دێنێت!
جا کاتێ دەگاتەوە ماڵەوەش، هەر لە دوورەوە جانتاکەی هەڵدەداتە ناوەندی حەوشەوە! پێڵاوەکانیشی هەر تاکە ڕوو لەلایەک فڕێ دەدات.
دایکیشی نازانێ کێشەکە چییە. بۆیە هەر یەکسەر دەچێ زلـلەیەکی مزری لەبن گوێی ڕادەکێشێ و ددانی لەگەڵ ئاڵ دەکا! هێندەی دیکە بەری چاوی ئەو منداڵە بێ گوناهە تاریکتر دەکا! ئیتر لە هیچی نەبووی دۆ و دۆشاو تێکەڵ بەیەکتر دەکرێن.
خۆ بە دووبارەبوونەوەی ئەو بابەتە تابلۆیانە منداڵەکە تەواو نامۆ و بێزار دەبێ. جا نەک هەر دڵی لە قوتابخانە دەڕەنجێ، بەڵکە هەر بینا و باڵەخانەیەک ببینێ کە پەنجەرەی گەورەی تێدابێ، منداڵەکە ڕقی لێی دەبێتەوە!
ئیتر ئەو منداڵەکە خۆ (چوار پینە)ش بکرێ هەر واز لە قوتابخانە دەهێنێت! بۆیە وا چاکە و وا پێویستە، مامۆستا و کادیری پەروەردەیی یا ڕۆشنبیری ئاگاداری ئەو خاڵە هەستیارە هەبێ، گەرنا کار لە کار دەترازێ و منداڵ لە قوتابخانە دوور دەکەوێتەوە. خوێندن تەواو ناکا و گرێیە دەروونییەکانیشی ئاڵۆزتر دەبن، کە گەورەش دەبێ نەخۆشی (هەست بە کەمی کردن)ی بۆ دروست دەبێ و لەگەڵ خەڵکیش ناحەوێتەوە!
ئای کە دڵمان بە (مەبدەئی نێرە بیدۆشە) دەکەینەوە! وای لە خوت و خۆڕایی چەند خۆمان بە گەورە و زۆرزان دەزانین یا ئیلاهی! هەر خەریکی فەلسەفە و تیۆر و تیۆرکاریین! ئاگامان لە شتە وردیلەکان نەماوە، کە هەر شتی بچووکن دەبنە بنەما و هێوێنی کێشە گەورەکان!