
هانس کریستیان ئەندرسن
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
کەمنداڵێک دنیا بەجێدێڵێت، خودا، پەرییەک دەنێرێتەسەرزەوی. منداڵەکە لەباوەش دەگرێت، باڵە سپییە گەورەکانی بڵاو دەکات و بەسەر زەوی ئەوشوینانەدا دەفڕێت، منداڵەکە ئارەزووی دەکات. پەری دەسکەگوڵێک دەچنێت و بەدیاری بۆ خوای دەباتەوە، ئەوشوینەی گوڵەکان جوانتر لەهەمیشە دەپشکوێن. خوا توند دەسکەگوڵەکە بەسنگییەوە دەگوشێت، بەڵام ئەوگوڵە ماچ دەکات لەهەموان زیاتر خۆشیدەوێت. پاشان ئەوگوڵە دەنگێکی لێوەدێت و دەچێتە پاڵ گۆرانییە نەمرەکانی بەهەشتەوە.
یەکێک لە پەرییەکانی خوا وایوت، کە منداڵەکەی بۆ بەهەشت برد، منداڵەکە وەک خەونێک ئەمانەی بیست. لەکاتێکدا بەلای ئەوشوێنانەدا ڕادەبووردن منداڵەکە ڕاهاتبوو یاریی لێبکات، بەسەر باخە پڕلەگوڵە جوان و گەشاوەکاندا ڕۆیشتن. پەری پرسی: «کام لەو گوڵانە ببەین و لەبەهەشت بیڕوێنین؟»
هەر لەوێ دەوەنە گوڵێکی جوانی لێبوو. دەستێک لقەکانی شکاندبووەوە و لقە پڕلەخونچە گوڵە گەورە و نیوە پشکوتووەکانی، پەژمووردە بەسەر دەوەنە گوڵەکەدا شۆڕ ببوونەوە.
منداڵەکە هاواریکرد: «ئەم دەوەنە گوڵە داماوە! وەرە با لەگەڵ خۆمانی ببەین و لەوێ لەباخەکەی خوادا بپشکوێتەوە.»
پەریدەوەنە گوڵەکەی هەڵکەند و بەهۆی بیرکردنەوە میهرەبانەکەی، منداڵەکەی ماچکرد. منداڵەکە کەمێک پێڵوی چاوەکانی هەڵێنا. گوڵەکانی تریش چنران، لەناو گوڵە تۆخ و تەنانەت سادەو بچووکەکانی گوڵی هەمیشەبەهار و وەنەوشەی کێویلە.
منداڵەکە وتی: «ئێستا دنیایەک گوڵمان هەیە» و فریشتەکە سەری ڕاوەشاند،بەڵام هێشتا بەرەولای خوا نەفڕیبوون.
شەوبوو،دنیا دەتوت ماستی مەیوە. ئەوان لەشارێکی گەورە مانەوە و بەسەر کۆڵانێکی تەنگەبەرو پڕلە کا، خۆڵەمێش و خۆڵ و خاشاکی فرەجۆردا فڕین. ڕۆژێک دوای گواستنەوەکەبوو، قاپی شکاو، شڕوشیتاڵ، کۆنەکڵاو،ورتکەوپرتکەی گەچ، چیتر هیچ شتێک سەرنجڕاکێش دەرنەدەکەوت، بەسەر شەقامەکەدا پەرشوبڵاوببوونەوە.
پەری لەناو خۆڵ و خاشاکەکەدا ئاماژەی بەگوڵدانێکی شکاو و تۆپەڵە قوڕێک کرد لێیهەڵڕژابووەدەرێ. تۆپەڵە قوڕەکە بەڕەگی گوڵێکی گەورە و پەژمووردە پێکەوەنوسابوو. هیچ کەسێکی دیکە نەیدەتوانی بەکاریبێنێت، بۆیە فڕێیاندابووە سەر شەقامەکە.
پەریوتی: «ئەوەش لەگەڵ خۆمان دەبەین. بەدرێژایی فڕین، چیرۆکت بۆدەگێڕمەوە.» دەفڕینو پەریچیرۆکی دەگێڕایەوە.
«منداڵێکی هەژار و نەخۆش، لەوکۆڵانە تەنگەبەر و لەژێر زەمینێکی تاریکدا دەژیاکە لەمنداڵییەوە لەسەر جێگا بوو. دواشت کە دەیتوانی بیکات،کاتێک دۆخی کەمێک باشتربوو، ئەوەبوو دووجار یان سێجار بەگۆچان بەژوورۆکەکەیدا بێت و بچێت. لەهاویندا تەنیا چەند ڕۆژێک تیشکی خۆر دەیتوانی بۆ نیوکاتژمێر یان کەمتر لەژێر زەمینەکە بدات. ئەوکاتە منداڵەکە دەیتوانی خۆی گەرم بکاتەوە و خوێنی سوری پەنجە ناسک و تا ڕادەیەک تیوارەکەی ببینێت کە لەبەر ڕوخساری ڕایدەگرتن. خەڵکەکە دەیانوت: ئەمڕۆ کوڕەکە توانی لەبەر خۆردا بێت.
چڵێکی بۆ هێنابوو.
تاکە شتێک کە دەربارەی دارستانە سەوز و هەوای پاکی بەهار دەیزانی، ئەوەبوو کوڕە دروسێکەیانچڵەدارێکی بۆ هێنابوو. لەسەر سەری دەیگرت و وایدەنواند لەناوەڕاستی جەنگەڵێکی چڕدا دانیشتبێت، لەوێ خۆر دەدرەوشایەوە و باڵندەکان گۆرانیان دەوت.
ڕۆژێکی بەهار،کوڕەی دراوسێ چەند گوڵیکی کێویلەی بۆهێناو بەڕێکەوت یەکێکیان بەڕەگەوەبوو! بۆیە ئەو گوڵەیان لەگوڵدانێکدا چاند و لەسەر تاقی پەنجەرەکە لەپەنا جێگاکەی کوڕە دایاننا. بەخەمخۆری و خۆشەویستی دەستی میهرەبان، گوڵەکە گەشەی کرد، لقی دەرکرد و ساڵ بەساڵ گوڵی جوانی دەگرت. ئەم گوڵدانە بۆ کوڕە نەخۆشەکە باخێکی جوان و ڕازاوە بوو، تاکە گەنجینەی سەر ڕووی زەوی. ئەو گوڵەکەی ئاودەدا، خەمی لێ دەخواردو دەیبینی هەرتیشکێکی خۆر، تەنانەت بچووکترینیان دەیگاتێ،کە لە پەنجەرەکەوە لەژێر زەمینەکەی دەدا.
گوڵەکەی بەخەونەکانییەوە گرێدا، بۆی پشکووت،بۆنی ڕژاندو چاوەکانی گەشاندەوە. کاتێک باوکی ئاسمان بانگیکرد، دوانیگای بەگوڵەکەدا گێڕا.
ساڵێکە چووەتەلای خوا و ساڵێکە گوڵەکە پەژمووردەیەو پشتگوێخراو لەسەر تاقی پەنجەرەکەیە بۆئەوەی ڕۆژی گواستنەوە کە ئەوانەیان فڕێدایەناو خۆڵ و خاشاکی سەر شەقامەکە. ئەوە گوڵە پەژمووردە و داماوەکەیە ئێستا خراوەتەناو دەسکەگوڵەکەی ئێمە، چونکە ئەم گوڵە شادی و خۆشی بۆ تۆخترین گوڵەکانی باخی شاژن زۆر کردووە.
منداڵەکە چاوێکی بەو پەریەدا گێڕا هەڵیگرتبوو و پرسی: «بەڵام تۆ چۆن هەمووئەوشتە دەزانی؟»
پەریوتی: «دەزانم، چونکەمن ئەومنداڵە نەخۆشە بووم بەگۆچان ڕێم دەکرد. زۆرباش گوڵەکەی خۆم دەناسم.»
پاشان کوڕە چاوەکانی هەڵێناو زەقاوزەق سەیری ڕوخسارە جوان و گەشاوەکەی پەری کردو هاوکات، خۆیان لەبەهەشتی خوادا بینییەوە، ئەوجێگەیەی شادی و دڵخۆشی هەتاهەتایی بوو. خوا کوڕەی لەباوەش کرد و دووباڵی سپی گەورەی وەک پەری پێبەخشی و ئەوان پێکەوەفڕین. ئنجا خوا هەمووگوڵەکانی بەسنگییەوە گوشی، بەڵام گوڵە پەژمووردە سادەکەی ماچکرد، کە ماوەیەک لەناو خۆڵ و خاشاکەکانی کۆڵانە تاریکەکەدا کەوتبوو. گوڵەکە دوا و پەیوەندی بەوکۆمەڵە پەرییەوە کرد بەدەوری خوادا دەفڕین، هەندێکیان نزیک، هەندێکیان دوورتر لەبازنەی فراواندا کە تابڵێی فراوانبوون، بەڵام هەموویان زۆر دڵخۆشبوون.هەموان لەگەورەترینەوە تا بچووکترین و لەمنداڵە پیرۆزەکەوە تا گوڵە وشکبووە داماوەکە کە لەمێژە لەناو سەرانوێلکی خۆڵو خاشاکی کۆڵانە تاریکەکەدا کەوتبوون، گۆرانیان دەوت.
piadero.ir