سەدیق سەعید ڕواندزی

 

هەر كۆمەڵگەیەك، بڕوای بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە ڕێی سندووقەكانی دەنگدانەوە نەبێت و گۆڕانكاری نەكات، بێگومان كۆمەڵگەیەكە نە لە دیموكراسییەت، نە هەڵبژاردن، نە دەسەڵاتیش گەیشتووە، چونكە جەوهەری هەڵبژاردن لە گۆڕانكاریدایە و هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن، ئامانج تیایدا گۆڕانكارییەكی ڕیشەییە بەئاراستەی دۆخێكی باشتر، لەوەی كە هەبووە. لەو سۆنگەیەوە ئەگەر تاكەكانی كۆمەڵگەیەك، هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن، ڕەوایەتییان لە ڕێی دەنگەكانەوە بەهەمان هێز و دەسەڵات و سیستەم دا، ئەوا دەبنە بەشێك لەو هەموو كێماسی و بێ خزمەتگوزاری و گەندەڵی و بێ مافیەی هەیە. مرۆڤی هۆشیار و تێگەیشتوو، هێزێك پێتشر كە تاقیكرابێتەوە و دەرەنجامەكانی بینیبێت، جارێكی دیكە نابێ تاقیبكاتەوە، بەڵكو دەبێت بیر لە گۆڕانكاری و بە ئەزموونكردنی هێزی دیكە بكاتەوە. بێگومان ئێمە دەزانین دەنگدان مافێكی سیاسی و یاسایی هەموو كەسێكە كە مافی دەنگدانی هەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، ئیدی كۆمەڵگەیەك لە پەراوێزی ئەو مافەیەوە بیر لە گۆڕانكاری نەكاتەوە، لە كاتێكدا بە بەردەوامیش ڕەخنە دەگرێت و ناڕەزایی لە بارودۆخەكە دەردەبڕێت. لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، ئەجێنداو بەرنامەی سیاسی هێزە سیاسییەكان، سەنگی مەحەكە بۆ سەر لە نوێ دەسەڵات گرتنەوە دەست. گریمان ئەگەر ئەو هێزە سیاسییە لە هەڵبژاردنێكدا، براوە بێت و لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا نەیتوانیبێت سەركەوتوو بێت، ئەوا بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەرگیز ئەو ڕەوایەتییەی لە ڕێی سندووقەكانی دەنگدانەوە پێ نادرێتەوە، چونكە خەرمانەكەیان بینیوە. بۆیە زۆر گرنگە تاكی كورد هۆشیارانە بچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن و سەودا و مامەڵە بەدەنگەكەیەوە نەكات، كە دەنگەكەی بەمانای بوون و شوناسی سیاسی و كۆمەڵایەتی و هزری دێت. لە سیستەمە دیموكراسییەكاندا، بنەمای زۆرینە و كەمینە پرسەكان یەكلاییدەكاتەوە، لەو سۆنگەیەشەوە گۆڕانكاری دێتە ئاراوە . ئەوە گرنگ نییە هێزێكی سیاسی چەند بەرنامە و دروشمی سیاسی فریودەرانەی هەیە، ئەوە گرنگە چەند لە ئاست بەرپرسیاریەتی ئەو دروشمانەیە و لە زەمینەی واقیع پراكتیكیان دەكات. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، وینستۆن چەرچەل كە پاڵەوانی ڕزگاركردنی بەریتانیا بوو لە شەڕەكە ، نەیتوانی لە هەڵبژاردندا سەركەوێت و جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆكوەزیران. ڕۆژنامەنووسێك پرسیاری لە بەساڵاچووێكی ژن كرد، كە بۆچی چەرچەلتان هەڵنەبژاردەوە لە كاتێكدا بەریتانیای لە شەڕدا سەرخست؟ ژنە بە ساڵاچووەكە لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسەكەدا گوتی:_( لە كاتی شەڕدا پێویستیمان بە چەرچەل بوو، ئێستا كە شەڕ نەماوە پێویستیمان بە سەرۆك وەزیرانێكی دیكەیە كە وڵاتمان بۆ ئاوەدان بكاتەوە ) ئەگەر لە هەرێمی كوردستانیش هاووڵاتییان لە سەر ئەو بنەمایە بیر بكەنەوە و دەنگ بدەن، بێگومان گۆڕانكاری دێتە ئاراوە، ئەگەر نا  خۆشیان بەشێوەیەكی نا ڕاستەوخۆ دەبنە بەشێك لەو كەموكورتییانەی كە هەیە و بەردەوامیش ڕەخنەی لێ دەگرن. !.

 

 

.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە