ستار ئەحمەد

 

​لە سێبەری دەسەڵات و حوکمڕانیی ڕامیاریی هاوچەرخدا، دیاردەیەکی مەترسیدار ڕووبەری ئازادییەکانی سەراپا داگیر کردووە؛ هەوڵێکی ڕێکخراو، بەبەرنامە و نەپچڕاوی لایەنە جیاوازەکان بۆ گۆڕینی مرۆڤی ئازاد، هۆشیار و بیرکەرەوە بۆ بوونەوەرێکی بەستراوەی بێخواست؛ پاشکۆیەک کە تەنها لە پەراوێزی ویست، بەرژەوەندی و مەبەستە تایبەتەکانی ئەواندا مافی بوونی هەبێت. ئەم ڕەفتارە بەرنامەڕێژکراوە تەنها لە سنووری کایەی ڕامیاری یان کارگێڕیدا ناوەستێتەوە، بەڵکو پەلی کێشاوە بۆ تەواوی کون‌وکەلێنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، دارایی، وێژەیی و بەتایبەتیش بواری ڕاگەیاندن.

​کاتێک لایەنێک یان دەستەیەک دەست بەسەر دەسەڵات یان دارایی و جومگە بڕیاردەرەکاندا دەگرێت، یەکەم ئامانجی سەردەست و نەنووسراوی بریتییە لە ملکەچکردنی تەواوەتیی تاکەکان و سڕینەوەی جیاوازییە بیرو باوەڕییەکان. لە دیدی ئەواندا، مرۆڤی خاوەن هەڵوێست، ئازاد و سەربەخۆ مەترسییەکی گەورەیە، چونکە هۆشیاریی سەربەخۆ پرسیاری ڕاستی دروست دەکات، هەڵەکان دەخاتەڕوو و دەسەڵاتی بێ‌سەروبەر و نادادپەروەر دەخاتە ژێر گومان و لێپرسینەوەوە. لەبەر ئەوە، جۆرەها ئامرازو شێوازی نەرم و ڕەق بەکاردێنن تاوەکو مرۆڤ لە ناخەوە ڕووتبکەنەوە لە بڕوا بەخۆبوون، بەها مرۆییەکان و سەربەخۆیی بڕیار، تا لە کۆتاییدا ببێتە شوێنکەوتەیەکی کوێرانە و پاشکۆیەک کە تەنها ئەركی چەپڵەلێدان، پاساودانەوە و چڕینەوەی دروشم و خواستی ئەوانی لەسەر بێت.

​ئەم پرۆسەی پاشکۆکردنە لەسەر بنەمای بەتاڵکردنەوەی ژیریی مرۆڤ لە توانای ڕەخنەگرتن بەڕێوەدەچێت. کاتێک ئامرازەکانی پەروەردە، ڕاگەیاندن و ئابووری دەخرێنە خزمەت جێبەجێکردنی خواستی لایەنەکان، مرۆڤ تووشی جۆرێک لە سڕبوون و بێباوەڕیی دەکرێت. تاکی پاشکۆکراو بە هۆی گوشاری بژێوی یان ترس لە پەراوێزخران، هێدی هێدی دەستبەرداری بڕوا و هەڵوێستە ڕەسەنەکانی خۆی دەبێت و دەبێتە دەنگدانەوەی بەتاڵی ئەو هاوارانەی کە لە سەرەوە بۆی دیاری دەکرێن.

​مەترسیدارترین و زیانبەخشترین لێکەوتەی ئەم جۆرە ئاراستەیە لە شێوازی دابەشکردنی ماف و دەستکەوتە گشتییەکاندا بە ڕوونی دەردەکەوێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ملکەچی بووەتە پێوەری سەرەکی و تاقانەی هەڵسەنگاندن، بەخشش، ڕێزلێنان، پلە و ئیمتیازاتە مادی و مەعنەوییەکان بە هیچ جۆرێک ناکرێنە خەڵات بۆ لێهاتوویی، زانست، توانا، یان خزمەتی ڕاستەقینە، بەڵکو دەکرێنە دیاری و پاداشت تەنها بۆ ڕێژەی دەستەمۆیی. لە هەموو بەخشینێکدا، تەنها دەرگاکان بۆ ئەوانە دەکرێنەوە کە سەریان نواندووە، ویژدانیان بەستۆتەوە بە بەرژەوەندیی لایەنەکانەوە و بوونەتە ئامرازی بێدەنگی جێبەجێکردنی نەخشەکان. لەم هاوکێشە ناڕەوا و وێرانکەرەدا، مرۆڤی خاوەن شکۆ، سەربەخۆ و خاوەن توانا بە مەبەست پەراوێز دەخرێت، پشتگوێ دەخرێت و لە مافە سادە و ڕەواکانیشی بێبەش دەکرێت، تەنها لەبەر ئەوەی ئامادە نییە خواست و سەربەخۆیی خۆی بفرۆشێت یان سەری ملکەچی بۆ خواستەکانی ئەوان بچەمێنێتەوە.

​ئەم دەست بەسەرداگرتنە بە ڕەنگدانەوەیەکی بەئازار لە کایەی ڕۆژنامەگەری، بڵاوکردنەوە و وێژەدا دەردەکەوێت. ئەو ڕۆژنامە، گۆڤار و سەکۆ دەزگاییانەی کە دەبوو ناوەندی ئازادیی دەربڕین، بڵندگۆی دەنگی ڕاستی، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و شوێنی خستنەڕووی ڕوانگە جیاوازەکان بن، دەکرێنە مۆڵگەیەکی تەسک تەنها بۆ دەنگدانەوەی خواستی لایەنەکان و ڕەواییدان بە پاشکۆکان. لاپەڕەی بڵاوکراوەکان دەبنە دیوەخانی کوێخاکان،  گەورەکردنی بێ‌بنچینە بۆ ئەو نووسەرانەی کە بەپێی خواست، بە بەژن وباهووی دەسەڵاتداران و دەستەکان هەڵدەدەن و وشەکانیان دەکەنە بەخششی کڕدراو.

​کاتێک نووسەرێک، ڕووناکبیرێک، یان خاوەن پێنووسێکی سەربەخۆ ڕەتیدەکاتەوە ببێتە پاشکۆی هیچ لایەنێک و سوور دەبێت لەسەر پاراستنی ڕەسەنایەتی و ئازادیی وشەکانی، ڕاستەوخۆ بەرهەم و بابەتی لە لاپەڕەی ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەدا جێگەی نابێتەوە؛ بڕیاری بێدەنگ کردن و ڕەتکردنەوەی ناڕاستەوخۆی لەسەر دەدرێت، و بەرهەمە بەپێز و دانسقەکانی بە ئەنقەست بێبەش دەکرێن لە بڵاوبوونەوە و گەیشتن بە خوێنەران. بەم شێوەیە، خنکاندنی دەنگی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت؛ دەستەمۆکراوەکان دەکرێنە خاوەنی تاقانەی سەکۆ و لاپەڕەکان، و دەنگی ڕەسەن، ئازاد و خاوەن هەڵوێستی سەربەخۆکانیش ڕێگری لێدەکرێت و دەخرێتە پشت بەستۆکی بێدەنگییەوە.

​ئەم خنکاندنە سیستماتیکەی دەنگی سەربەخۆ زیانێکی گەورە بە ڕەوتی داینامیکی کۆمەڵگە دەگەیەنێت. کاتێک ڕۆژنامەوانی و نووسین لە توانای ڕەخنەکاری بێبەش دەکرێن، دەسەڵاتداران لە هەڵەکانی خۆیان دابڕاو دەبن و تووشی لووتبەرزیەکی کوێرانە دەبن، چونکە چواردەوریان بەوانە تەنراوە کە تەنها چەپڵە دەکوتن و ڕاستییەکان دەشارنەوە. لە لایەکی ترەوە، خوێنەر بڕوای بە سەکۆکانی بڵاوکردنەوە نامێنێت و جۆرێک لە تەنگژەی متمانە لە نێوان جەماوەر و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دروست دەبێت.

​دەرئەنجامەکانی ئەم ڕەفتار و سیاسەتە نادادپەروەرانەیە، کۆمەڵگە بەرەو داڕمانی ڕەوشتی و ڕۆشنبیریی مەترسیدار دەبات. کاتێک گەنجان، نووسەرانی نوێ و نەوەی تازەپێگەیشتوو دەبینن تەنها پاشکۆکان و دەستەمۆکراوەکان دەگەنە بەخشش، دەرفەت، ئیمتیازات و شوێنپێی دیار لە لاپەڕەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، کلتووری هەوڵدان، ڕاستگۆیی، داهێنان و سەربەخۆیی ڕوو لە کزی و فەوتان دەکات. لە ئەنجامدا وێژە، هونەر و ڕۆژنامەگەری لە ناوەرۆکی ڕاستەقینە و پەیامی مرۆڤ دۆستانەی خۆیان بەتاڵ دەبنەوە و دەبنە کۆمەڵێک نووسینی دووبارە، بێ‌گیان و کاریگەری کە هیچ خزمەتێک بە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست ناکەن.

خەڵک پەروەردەکردن لەسەر بنەمای دەستەمۆبوون و جێبەجێکردنی کوێرانەی فەرمانەکان، توانای گەشەکردن و داهێنان لە جەستەی کۆمەڵگەدا دەکوژێت و داهاتوو ڕووبەڕووی تاریکی دەکاتەوە. بۆیە پاراستنی سەربەخۆیی خواست، سووربوون لەسەر ئازادیی خامە و وەستاندنەوە لە بەرامبەر هەموو هەوڵێک بۆ پاشکۆکردنی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە وشەوە، ئەرکێکی بنەڕەتی، ڕەوشتی و مێژوویی تەواوی ئەو کەسانەیە کە پەرۆشی ئازادی، دادپەروەری، و داهاتوویەکی ڕۆشنترن بۆ مرۆڤایەتی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا