(بەشی یەکەم)


داگیرکردنى کوردستان ریشەیەکى مێژوویى قوڵى هەیە، لە رووخانى دەوڵەتى مادەوە خاکەکەى دابەشکراوەو هەوڵى گۆڕینى رەگەزە کولتورییەکانى دراوە هەمیشە لە زێدى خۆى وەکو نەتەوەى ژێر دەستەو پلە دوو سەیرکراوە. ئەمە کاریگەرى نەرێنى لەسەر دەرونى یەکە بەیەکەى تاکەکانى داناوە، بەپێى هەڵکەوتە جوگرافیەکەشى وەک بەشێک لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە، ئەگەر داگیرکردن و ژێردەستەبوون بەتایبەتى لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست زەحمەتى قورسى لەرووى هزرى و مەعریفى و دنیابینییەوە بۆ گەلانى ناوچەکە بەدوای خۆیدا هێنابێت، دەبێت بارودۆخى ژنان و پێگەو ئەرکو مافەکانیان چۆن بووبێت و چەندین قات ئەم ژێردەستەبوونە بۆ ژنان زیاترو قوڵتر و زەحمەتر بووبێت. 
سەبارەت بە دیدى نەتەوەى کورد بۆ ژن و پێگەکەى لە کوردستان، بەهۆى ئەو بارودۆخەى لەسەرەوە ئاماژەمان پێیدا تا رادەیەک هەمان زهنیەت و روانینى هەبووە کە نەتەوە سەردەستەکان بەرامبەر بە ژن هەیانبووەو لە ژیانى پراکتیسدا کاریان لەسەر کردووە. بەهەمان شێوە کاریگەرى لەسەر دنیابینى خودى ژنانیش هەبووە و داناوە، ئەوان دووجار ژێر دەستەبوون هەم وەکو ژن هەمیش وەکو نەتەوە. هەر بۆیە ژنانى کورد تا سەدەى بیست نەیانتوانیوە لەچوارچێوەى بزوتنەوەیەکى فێمینیستى خەبات بکەن تەنانەت هەر بیریشى لەوە نەکردۆتەوە کە مافەکانى چین و چۆن بتوانێت ئامادەیى لە ژیانى کۆمەڵایەتیدا هەبێت، یاخود هۆشیارى ئەوەى لەلا دروست بێت داواى هەندێک مافى سەرەتایى بکات کە هەمیشە بۆ پیاوان فەراهەم بوون، بەنموونە خوێندن، کارکردن لەبەرامبەر کرێدا.
لە بەشى باشورى کوردستان زۆرێک لە نوسەران و روناکبیرانى کورد ئاماژە بە دوو قۆناخى خەباتى ژنان دەکەن، ئەوانیش قۆناخى شاخ و قۆناخى شارە، بەڵام بەر لەخەباتى شاخیش ژنانى کوردستان دابڕاو نەبوون لە کاروچالاکى چ وەکو هەوڵى تاکەکەسى بووبێت یاخود لەگەڵ گروپ و رێکخراوى دیکەى کرێکارى و نەتەوەییى بووبێت. بۆیە دەکرێ خەباتى ژن بۆ دوو قۆناخى یەکەم: پێش راپەرین دووەم: دواى راپەرین و ئەم دوو قۆناخەش لەنێو خۆیاندا هەریەکەیان بۆ دوو قۆناخ دابەشدەبن، لەپێش راپەڕین قۆناخەکانى ١- خەباتى بەر لەشاخ ٢- خەباتى شاخ. لەدواى راپەڕینیش ١- خەباتى پێش گۆڕانکارییەکانى ٢٠٠٣ى عێراق ٢- خەباتى دواى گۆڕانکارییەکانى ٢٠٠٣ى عێراق. هەروەها لەنێو ئەم قۆناخانەشدا چەندین ئاراستەى هزرى جیاواز ئامادەییان لە دانانى بنەماو پرەنسیپەکانى خەباتى ئافرەتاندا هەبووە، بەنموونە لەقۆناخى پێش راپەڕین ئاراستەى ناسیۆنالیستى کورد و کۆمۆنیستى لەناو بزوتنەوەکانى ژناندا لەرێگەى حزبە ناسیۆنالیستەکانى وەکو پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان حزبى شیوعى عێراق خەباتیان کردووە. بەڵام لەقۆناخى دواى راپەرین و لەسەردەمى شاردا ئەم خەباتە زیاتر فراوان بویەوەو ئاراستەى هزرى زیاتر هاتە ناو ریزەکانى خەباتى ژنان، جگە لەمانەش لەدواى راپەرین چەندین رێکخراوى سەربەخۆ لەژێر کاریگەرى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لە گۆڕەپانى خەباتەکەدا بەشدارییان هەیە. بەڵام ئەوەى جێگەى پرسیارکردنە ئەوەیە ئایا لەنێو ئەم قۆناخانەدا ژنان چۆن و بە چ میکانیزمێک خەباتیان کردووە، یاخود گوتارێکى یەکگرتوو دەنگێکى راستەقینەى ژن لەناو بزوتنەکانى ژنان لە قۆناخەکاندا هەبووە و هەیە، ئایا توانیویانە ببنە جێگەى متمانەى تەواوى یاخود بەشێکى ژنان لە باشورى کوردستان. ئایا دەسکەوتوو ئەنجامەکانى ئەم قۆناخانە چیبوون و چۆن و چەند رەوشى فێمینیزم لە کوردستان بەرەو پێشچووە.
سەرەتاى خەباتى ژنان لە وڵاتانى رۆژئاوا بە بەشدارییان لە رێکخراو و کۆمەڵە کرێکارییەکان، نەهێشتنى کۆیلایەتییەوە یاخود بە هەوڵى تاکەکەسییەوە دەستی پێکردووە و لەوێدا ژنان توانیویانە ئامادەییان هەبێت، دواتر ئەم چالاکییانە بوەتە هۆى هۆشیاربوونەوەیان و بیرکردنەوە لە گرفتەکانى خۆیان بەشێوەى سەربەخۆ. ئەمە بۆ ژنانى کوردستانیش ڕاستە. لەباشورى کوردستان خەباتى ژن توندوتۆڵ بە خەباتى نەتەوەییەوە بەستراوەتەوە بۆیە لەهەردوو قۆناخەکەدا هاوشانى نەتەوە پێشکەوتن و وەستان بووە، ئەگەر پرسى نەتەوە و بزوتنەوەى رزگاریخوازى نەتەوەیى کورد بەرەو پێش چووبایە خەباتى ژنانیش بەهەمان شێوە بوو، پێچەوانەکەشى هەر راستە. 
لەدواى کۆتایهاتنى جەنگى جیهانى یەکەم کە نەهامەتى گەورەى بەسەر جیهاندا هێنابوو بەگشتى و گەلى کورد بەتایبەتى لەژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى عوسمانیدا رزگایبوبوو بەڵام لە عێراقدا رووبەڕووى داگیرکارى فەڕمانڕەوایەتى دەوڵەتى ئینگلیز بویەوە و هەموو هەوڵ و کۆششەکان بۆ دەربازبوون لەژێر دەستى ئینگلیز چڕکرابونەوە. روناکبیرانى کورد لەبەر رۆشنایى بیرى ناسیۆنالیستیدا هەم لەلایەنى سیاسى و هەمیش لەبوارى کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەوە هەوڵى بەرەو پێشچوون و تێپەڕاندنى ئەم بارودۆخەیان دەدا، نیوەى یەکەمى سەدەى بیستەم لەباشورى کوردستان بەسەردەمى بوژانەوەو پێشکەوتنى هزرى و رۆشنبیرى دەناسرێتەوە. ژنان لەلایەن خۆیانەوە بەشدارى ئەم جموجۆڵانەیان کردووە سەرەڕاى خراپترى رەوشى کۆمەڵایەتى و کولتورى ئەو کات بەرامبەریان. بەنمونە لەساڵى ١٩٢٦ (کۆمەڵەى زانستى کوردان) لە سلێمانى دادەمەزرێت حەپسەخانى نەقیب یەکێکە لەوانەى رۆڵێکى بەرچاوى هەبووە لە هاوکاریکردنى دارایى ئەم کۆمەڵەیە و پشتگیرى کردنى خوێندنى کچان پاشانیش بوە هەوێنى دامەزراندنى کۆمەڵەى تایبەت بەخۆیان لەساڵى ١٩٣٠ لەلایەن حەپسەخانەوە بەناوى (کۆمەڵەى ئافرەتانى کورد). هەوڵدان بۆ خوێندنى کچان بەسەرەتا و دەسپێکى هەموو کارو چالاکییەکى فێمینیستى دادەنرێت لەسەرانسەرى جیهاندا، هەروەک لە وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکاش سەرەتا هەوڵى خوێندن و دەنگدان و گۆڕینى یاساکان دراوە و پاشانیش داواکارییەکان فراوانتربوون تا گەیشتوەتە مافى خاوەندارییەتى و بەشدارى کارى سیاسى و بەشداریکردن لە بازارى کاردا. جگە لەهەوڵى خوێندەوارى لەکارى سیاسیش ئافرەتان بەشدار بوونە وەک راپەڕینى ٦ى ئەیلولى ١٩٣٠ (بەردەرکى سەرا)، لەشارى کەرکوکیش ئافرەتان شانبەشانى پیاوان لە مانگرتنەکانى کرێکاران بەشداربوون بەتایبەتى مانگرتنى گاورباغى لەساڵى ١٩٤٦، بەهەمان شێوە لەدەشتى هەولێریش لەساڵانى پەنجاکان لەئەنجامى زوڵم و زۆردارى ئاغاکان لە گوندەکاندا و چەوساندنەوەى ئافرەتانى گوندنشین و بەکارهێنانیان وەکو خزمەتکارى ژنە ئاغاکان و بنەماڵەى ئاغاکان لەلایەک و داگیرکردنى زەوى و زارو داهاتى جوتیارەکان بەگشتى، چەندین راپەرین و ناڕەزایى لەم ناوچانە لەدژى پیاوانى ئاغا سەریانهەڵداوە و بەپێى سەرچاوە مێژوییەکان ژنانیش بەشدارییان کردووە. ئەوەى زۆرترین کاریگەرى لەسەر ئەم راپەرین و خۆپیشاندانانە هەبووە حزبى شیوعى عێراق بووە چونکە ئەوان خەریکى رێکخستنى کارى حزبەکە بوون هەوڵى هۆشیارکردنەوەى جوتیاران و کرێکارانیان دەدا. سەبارەت بەکارى رێکخراوەیش لەساڵى ١٩٥٢ هەردوو رێکخراوى (رابطە دفاع عن حقوق المرأە) سەر بە حزبى شیوعى عێراق و رێکخراوى ( یەکێتى ئافرەتانى کوردستان) سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر پێشنیارى جەلال تاڵەبانى دادەمەزرێت. دواى هاتنە سەر حکومى بەعسیەکان لە عێراق لەساڵى ١٩٦٣ و بەتایبەت لەدواى تێکچونى پەیوەندى نێوان بزوتنەوەى نەتەوەیى کورد و رژێمى بەعس و گواستنەوەى خەبات لەشارەوە بۆ شاخ، رەوش و بارودۆخى ژنان و خەباتەکەیان بەرەو داهاتوویەکى نادیار چووە قۆناخێکى دیکەوە. بەتایبەتى دواى هەڵوەشانەوەى بڕگەکانى بەیاننامەى ١١ى ئادار لەساڵى ١٩٧٤، ئیتر سەرکردەکانى شۆڕش خەباتیان لەشارەوە گواستەوە بۆ شاخ. لەبەرئەوەى خەباتى نانیش لە کوردستان وابەستەبووە بەخەباتى نەتەوەییەوە و بارودۆخى کوردیش لەدواى نسکۆى شۆڕش لەوپەڕى خراپیدابووە ئیتر لەم قۆناخەدا بەهیچ شێوەیەک خەباتى فێمینیزمى نابینرێت. ئەوەى بەدیدەکرێت چەند ئافرەتێکى پێشمەرگە کاروچالاکیان لە شۆڕشى نوێى گەلى کورد بەسەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستاندا ئەنجامداوە. بەڵام هیچ ئافرەتێک لەناوەندى دەسەڵات و بڕیاردا نەبووە تەنانەت ناوناوبانگیشیان وەکو پێشمەرگە پیاوەکان نەهاتووە. تا لەساڵى ١٩٨٩ لەسەر پێشنیارى هێرۆخان لەشارى سەقز یەکێتى ژنانى کوردستان دادەمەزرێت، گۆڤارى تەوار زمانحاڵى رێکخراوەکە بووە و تەنها دوو ژمارەى لە پێش راپەرین دەرچووە واتە دواى چواردە ساڵ بەسەر دامەزراندنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، ئینجا یەکێتى ژنان دادەمەزرێت. 
لەم قۆناخەدا بە بەراورد بە قۆناخەکەى پێش خۆى دەبینین کاروچالاکى ژنانیش کەمتر دەبێتەوە ئەویش بەهۆى نالەبارى بارودۆخى شۆڕش و شۆڕشگێران و شەڕوپێکدادانى بەردەوامى هێزى پێشمەرگەو رژێمەکانى عێراق لەلایەک و زاڵبوونى بیرى پیاوسالارى بەسەر حزبە کوردییەکان بەتایبەتى، چونکە لەم قۆناخەدا سەرکردایەتى کورد کەوتونەتە ژێرکاریگەرى کولتور و داب و نەریتى کۆنەپارێزانەى کوردستان بەرامبەر بە ئافرەتان لەوانەیە بۆ سەرکەوتنى شۆڕش و بزوتنەوەى رزگاریخوازى گەلى کورد بەدەستهێنانى متمانەى سەرۆک عەشیرەتەکان و لەپێشتربوونى مەسەلەى نەتەوەیى بەگرنگتر سەیرکردنى لە مەسەلەى ئافرەتان هۆکارى سەرەکى ئەم دواکەوتن و وەستانەى خەباتەکە بووبێت لە قۆناخى شاخدا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناخى بەر لەشاخ دەبینین سەرکردەکان بەپێچەوانەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەرى نوسەران و روناکبیرانى کوردستان و گرنگى زیاتریان بە رێکخراوە پیشەیى و جەماوەرییەکان داوە بەنموونە مام جەلال لە ساڵانى پەنجایەکان خۆى دامەزرێنەرى کۆمەڵەى ئافرەتان و قوتابیان و لاوان بووە، بەڵام پێدەچێت لەناو یەکێتى نیشتمانى کوردستان کە خۆشى یەکێک بووە لەدامەزرێنەرانى حزبەکە هیچ رۆڵێکى کاریگەرى لە دروستبونى یەکێتى ژناندا نەبووە تەنانەت لەکتێبى دیدارى تەمەنیش باسى ئەو رێکخراوەو باسى هیچ ژنێک ناکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا