شەماڵ عادل سەلیم

لەدوای شەهید بوونی هاوڕێ فرسەت نەجمەدین مامۆ و پۆلێک لەپێشمەرگە قارەمانەکانی  حزبی شیوعی عیراق لە ٢٧ \ ١ \ ١٩٨٢ لەگوندی  سێ کانی کە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای شاری کۆیە ، پلە خاتوونی دایکی شەهید فرسەت لەگەڵ (چالاک و گۆران)ی کوری بە نهێنی بۆ ماوەیەک لە لای ئێمە دەژیان .

 پلە خاتوون وهاوسەرەکەی سەرکردە مام نەجمەدین مامۆ پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ باوک و دایکم  هەبوو ، لە زووەوە ئەوان خەبات بۆ نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار بەیەکتریانی ئاشناکردبوو و زۆریش لەیەک نزیک بوون ، هەربۆیە بە پلە خاتوون و مام نەجمەدین بانگمان دەکردن.

پلە خاتوون و هەردوو کوڕکەی چەند رۆژێک لەماڵمان بەنهێنی مانەوە ، ئەوکات پلە خاتوون بەهۆی لەدەستدانی کورە نۆبەرەکەی شەهیدی نەمر فرسەتی نازادار  باری تەندروستی و دەروونی زۆر نالەبار بوو ، بە بەردەوامی بەگریانەوە باسی شەهید فرسەتی بۆمان دەکردو دەیگوت :  بڕوا بکەن  بەر لە رۆیشتنی شەهید  لەگەڵ هاوڕیانی بۆ دەشتی کۆیە ،هەستم دەکرد چیدی نایبینمەوە ، بۆیە لەکاتی ڕۆیشتنی مەفەرزەکەیان هەتا لەپێش چاوم ون بوون هەر تەماشایانم دەکرد ..!

لەدوای شەهید بوونی فرسەتی جوانەمەرگ ،خەمی پلە خاتوون ئەوە بوو کە دەبوایە ئەو ژوورە بچوکەی کە شەهید فرسەت لە نزیک بارەگای حزب بۆیانی دروست کردوو بەجێبهێلن و بچنە شوێنکی دیکە ، پلە خاتوونیش بەگریانەوە دەیگوت : ئاخر چۆن ئەو ژوورەی شەهید  بۆمانی دروست کردووە وشوێن بەنچەو دەستی لەسەر دیواری ژوورەکە لەکاتی سواخ دانی بەقوڕ و کا بەجێ ماوە بەجێبهێلم ....! ئەو شوێن پەنجانەی کە ڕۆحی بە ژوورەکە داوە وبۆ هەمووشمان تاقە یادگاریە لە شەهیدەوە بەجێماوە !

تەماشاکەن ... پلە خاتوون هەموو هیوای ئەوە  بوو کە تا  دواساتەکانی ژیانی لە هەمان ژوور کە تابلۆی جێ پەنجە و دەستی شەهید فرسەتی لەسەر دیوارەکەی نەخشێنرا بوو بژیابوایە ، ئەو ژوورەی کە پلە خاتوون بە هەموو سەروەت وسامانی دونیا نەیدەگۆرییەوە ،بەڵام بڕیاری حزب بوو دەبوایە بڕۆنە ناوچەیەکی دیکە و لەوێ بژین ...!

دوای ئەو هەموو ڕاکە ڕاک و ماندووبوون و غەریبییە ، دوای ئەو هەموو ساڵە لە چاوەڕوانی و حەسرەت و دەردەسەریە ، دڵە گەورەکەی پلە خاتوونی ئازیز لە هەندەران لە لێدان کەوت و، لەسەر وەسیەتی خۆیشی گەڕانرایەوە لای فرسەتی نازدارو لەتەنیشتیشی بەخاک سپێردار.

بەئارامی بخەوە پلە ، تێر تێر فرسەتی جوانەمەرگیش  لەئامێز بگرە  کە عەیامێکە تامەزرۆی ئەودیدارە پیرۆزەیت ، هەر رۆژەوە چیرۆکێکی تاڵی ژیانی خۆتی  بۆ بگێرەوە .

لەیادیش نەکەیت ، باسی تابلۆی جێی پەنجە و دەستیشی بۆ بکەیت ، ئەو تابلۆیەی کە لە تابلۆکانی داڤینچی و کوخ و بیکاسۆو ئەنجیلێۆ و مونیی بەنرخترن !

سڵاو لەخەباتی پلە خاتوونی بەوەفا کە هەتا دواهەناسەی بۆ لەدەستدانی فرسەتی جوانەمەرگ و تابلۆی جێی پەنجە و دەستی لەسەر دیواری ژورە بێنازەکەی ،ڕەش پۆش و دڵپرو بەحەسرەت و لە چاوەڕوانی گۆدۆدا بوو ..!

 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا